خەبات:سولین سلێمان:- هۆنیا هێمن خانمێكی دەست رەنگینە لە شاری سلێمانی، لە رێگای چنینی بووکەڵەوە توانیوویەتی ناوبانگێکی باش بۆ خۆی پەیدا بکات، ئەو دەرچووی زانکۆی سلێمانی بەشی کوردییە، لەدیدارێكدا بۆ خەبات بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی ئێمەی دایەوە.

لەبارەی ئارەزوو و دەستپێكی كارەكەی خاتوو هۆنیا گووتی: سەرەتا هەروەک ئارەزوویەک بۆ چنین چەند بوکەڵەیەکم چنی، دواتر لە ئەکاونتی خۆم دامنا، مەبەستم فرۆشتنیان نەبوو بەڵام ڕۆژێک خانمێک کۆمێنتی بۆ کردم و پرسیاری کرد کە ئیشەکانم جوانە، باشترە دەست بکەم بە فرۆشتنیان و بیکەم بە کارێک بۆ خۆم، ئەو خانمە یەکەم هاندەرو پشتگیری من بوو کە خۆی کەسێکی دەستڕەنگین و بەهرەدارە، لە ئەكاونتی خۆم لە ئینستاگرام، كارەكانم نیشان دەدەم.

خاتوو هۆنیا لەبارەی هاوكاری و ناساندنی بەرهەمەكەی لە سۆشیال میدیا، دەڵێ: سۆشیال میدیا هۆکارێکی باشە بۆ ناساندنی کارەکەم، لەو ڕێگەیەوە توانیوومە پەرە بە کارەکەم بدەم، تەنانەت داواكاری کارەکانم گەیشووەتە دەرەوەی کوردستان.

لەبارەی گرنگی زیاتر بەكارەكەی و پەیدایكردنی بژێوی ژیان لەو رێگەیەوە، خاتوو هۆنیا هێمن گووتی: لەڕێگەی ئەم کارەوە تا ڕادەیەک توانیوومە داهاتێکم هەبێت و ئامانجێکم هەبێت کە کارێک بکەم نوێ بێت، هیودارم بتوانم لە داهاتوودا پەرە بەم کارە بدەم و بتوانم کەسانی تریش فێر بکەم.

خاتوو هۆنیا لە كۆتایدا پەیامی بۆ كچان هەیە و دەڵێ: پەیامم بۆ کچان ئەوەیە کە بزانن لەچیدا بەهرەیەکیان هەیە گرنگی پێ بدەن و دەست بکەن بەکاری خۆیان، بەتایبەت کە ئێستا سۆشیال میدیا ڕێگاکەی ئاسانکردووە، بۆ فێربوون و خۆپێگەیاندن، دەتوانن لەو ڕێگەیەوە بەرهەمەکەیان ساغ بکەنەوە و ببنە خاوەن داهاتی خۆیان.