خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر(5:30 )ی سەرلە ئێوارەی سێشەممە 2023/6/6 (حەمە کەریم هەورامی) لە ئێوارەکۆڕێکی یەکێتیی نووسەرانی هەولێردا لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو، چەند باس وخواسێک لەبارەی مامۆستا (د.عەزیز گەردی) نووسەرو وەرگێڕی ناوداری کورد پێشکەش دەکات، مامۆستا حەمە کەریم هەورامی ناوی تەواوی (حەمە کەریم ڕەمەزان ئەحمەد )ە، لەساڵی 1935 لە گوندی (گۆڵپ) ی هەورامان لەدایکبووە وکۆلێژی (القانون و التشریع) ی لە زانکۆی ئەزهەرو دبلۆمی عالی کۆلێژی پەروەردەی لە قاهیرەی پایتەختی میسری عەرەبی تەواوکردووە، مامۆستا نزیکەی 34 ساڵ مامۆستای پەیمانگای ئامادەکردنی مامۆستایانی هەولێر بووە، لەیەکەم کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد وئەکادیمیای کوردی بەشداریکردووە.
هەروەها دەستەی دامەزرێنەری لقی هەولێری یەکێتیی نووسەران بووە، لەساڵی 1956 ەوە دەستیی کردووە بە خوێندنەوە و نووسین و بڵاوکردنەوە لەزۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکانی پەنجاکان و تاکو ئێستاش بابەتی پەروەردەیی و ئەدەبی و دەروونزانیی و چیڕۆکی بڵاوکردۆتەوە، لە شەستەکانەوە لەشاری هەولێر نیشتەجێیە، مامۆستا حەمەکەریم هەورامی زیاترلە 30 بەرهەمی دانسقەو چاپکراوی هەیە و کتێبخانەی کوردیمانی دەوڵەمەند کردووە، هیوای تەمەن درێژیی و بەرهەمی زیاتری لێدەخوازین.
کورتەیەک لە ژیاننامەی عەزیز گەردی
دکتۆر عەزیز گەردی ، ناوی(عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا)یە ساڵی ١٩٤٧ لە بەحرکە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٦٨ هاتونەتە شاری هەولێر، بەڵام زۆری بنەماڵەکەیان هەر لەناحیەی بەحرکە ماونەتەوەو بەکاری ئاژەڵداری وجوتیارییەوە سەرقاڵبوون،ساڵی ١٩٩٤ ماستەری بەدەستهێناوە، ١٩٩٩ دکتۆرای بەدەست هێناوە لەسەر(سەروا) لەزۆرێک لەقوتابخانەکان مامۆستایەتی کردووەو وانەی وتۆتەوە، دوای ئەوەی زانکۆی تەواوکردووە بۆتە مامۆستای کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەددین، وە یەکێکە لەنوسەرە پڕبەرهەمەکان لەنوسین و وەرگێڕاندا، بەداخەوە بەهۆی نەخۆشیەوەڕۆژی دووشممە ٦-٦-٢٠٢٢. ماڵئاوایی کردو بەجێیهێشتین.