خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- خانمە شاعیر ی دوورە وڵات (پەروین ئیبڕاهیم رەحیم) ناسراو بە (پەروین خاڵەندی) لە دایكبووی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستانە . وەك خۆی گوتەنی : لە بابەوە رۆژهەڵاتیم و لە دایكەوە باشووری كوردستانم.هەموو قوناغەكانی خۆیندنم لە شاری مەهاباد تەواو كردوو ە و لە سەرەتاكانی رژێم ئێستای ئێران چووینە تاران و پەرستاریم لەوێ خوێند. دوای ماوەیەك مانەوە لە شاری تاران بە هۆی چالاكی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەستگیر كرام و ماوەی چەند ساڵێك لە بەندیخانەدا مامەوە و دوای ئازادی گەڕامەوە بۆ مەهاباد و ژیانی هاوسەریم پێكهێناو و ئێستا دایكی دوو كچم.دوای ماوەیەك مانەوە لە مەهاباد دووبارە گوشاری حكومەت و سەختی ژیان ناچاربووم كۆچ بكەم بەرەو مەنفا و ژیانی غەریبایەتی و ئێستاش ماوەی 23ساڵە كوردستانم جێهیشتووە و لە دەرەوەی كوردستان لە وەڵاتی فنلاند دەژیم، بەڕێزیان وەك شاعیرێك لە وەڵامی چەند پرسیارێكدا بۆ (خەبات) گوتی:
– پێناسەیەك بۆ شیعرو شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
شیعر بۆ من ژیانە،ژیانەوەیە،هەستانە و ڕۆیشتنە بۆ دونیای دڵ و خەیاڵ و هەست و تامەزرۆیی و ئازاری دەروون.
– سەرەتای نووسینی شیعر كێ هاوكارو هاندەرت بووە و هاوكات كەس ڕێگرت نەبووە لە نووسیندا؟
سەرەتای نووسینم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گەنجیم.من بە تەنیا لەگەڵ دایكم دەژیام، ژیانمان سەخت بوو بەڵام پڕ لە خۆشەویستی بوو،من لە ئازارەكانی دایكم دەنووسی و كاتێك دایكم هۆشی بەمنەوە نەبوو،بۆ دایكم و شیعرەكانم دەگریام.كەس ڕێگرنەبوو بەڵام جەوی بنەماڵەكەم سەخت بوو، ژیانی غەریبی دایكم هاندەری سەرەكی من بوو بۆ نووسینی شیعر.
ـ شیعر بۆ كێ دەنووسیت و ئامانجت لە نووسینی شیعردا چییە؟
شیعر بۆ هەستی پڕ لە ئازاری خۆم و دایكم وخۆشەویستی و دابڕان و و بێ وەفایی ژیان دەنووسم و ئامانجیشم لە نووسینی شیعر دەربڕینی هەست و كۆڵی دڵمە ،كاتێك ناتوانی یا ناگەی بەو ژیانەی كە ئارەزووتە بە نووسین هەستی خۆم دەردەبرم و یاری بە وشەكان دەكەم تاكو وەك قیتارێك بەسەف دەڕوات و خۆی نیشاندەدات كە پەروین هەیە.
– تۆ وەك شاعیرێكی ئاوارە و پەڕیوەی دوورە وڵات، پیرۆزیی خاكی نیشتیمان و پێشمەرگە و گەورەیی شەهیدان لە كوێی شیعرەكانی تۆدان؟
پیرۆزیی خاك و نیشتمان و گەورەیی شەهیدان لە سەرەوەی هەموو شیعر و هەڵبەستەكانمدایە. ئێمە كە لە دەرەوەی نیشتمانین زۆرتر هەست بە دڵسوزی و نیشتمانپەروەری و گەورەیی شەهیدان دەكەین، من وەك خۆم بۆ هەموو بۆنەكان و رۆژەكانی تایبەتی كوردستان شیعرم هەیە و لە زۆر كۆڕوكۆبوونەوەكاندا لە غوربەتدا بەشداری دەكەم و وەزیفەی خۆم بۆ كوردو كوردستان بە جێ دێنم. ئێمە دانابڕێین لە نیشتمان و خاك و بە سەربڵندی لە هەموو شۆێنێكدا دەڵێین كوردین و هەر كوردیش دەمێنین.
ـ وەك بەڕێزتان لە غوربەتدا دەژین ، ڕەنگدانەوەی لەسەر شیعرەكانت هەیە واتە كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچ و جێهێشتنی نیشتیمان لەشیعرو نووسینەكانتدا بەدی دەكرێت؟
بە دڵنیایەوە كاریگەریی هەیە زۆریشی هەیە من وەك خۆم زیاتر لە ۲۳ساڵە لە غوربەتا دەژیم، دیدار ئاخرتی بابم بووم و ئێ زۆر خزم و كەسی خۆشەویستم كە بەداخەوە لە باری رۆحی و دەروونی كاریگەری زۆر خەراپی بوو . بیرەوەریەكانیان بۆ من دەبن بە شیعر و دڵنووس. هاوكات كۆچ و جێهێشتن شارەكەت و شوێنی لە دایكبوون هەر زۆر سەختە و دڵتەزێن و هەمووی ئازار و ژان و خەمە و كاریگەریی خۆی لە سەر ژیان و هەست و دەروون هەیە و زۆربەی جار ئێوارانی بێ ئەرخەوانی غوربەتدا فرمێسك لە چاوانم دەڕژێت و هەستی نووسینی شیعر لە ناختدا گول َ دەكات و لەو كاتەدا پێنوس و لاپەڕێك بە فریات دێت و لە بن ڕێژنەی فرمێسك هەستت دەنووسی.
ـ ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
شیعری كوردی لە ئێستا دا بە ڕای من زۆر بێ قەدر و لاوازە. لە ئێستادا زۆرتر شیعری نوێ و بێ كێش و قەید و قافیە باوە و هەر چی بەسەر زمانداهات دەینووسن، بەڵام من وەك خۆم زۆرتر چێژ لە شیعری كۆن واتە كلاسیك دەبینم و هیوادارم كە بەرپرسانی بواری ئەدەب و زانست و زمانەوانی زۆرتر هاندەری دروست نووسین و یاسایەكی جوان و پوخت بۆ زمانی شیرینی كوردی دابڕێژن.
ـ ئاشنایەتیت چۆنە لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا ؟
لە غوربەتدا باشترین و میهرەبانترین هاوڕێی من كتێبە و هەموو كاتەكانم بە خوێندنەوەی كتێب بەسەر دەبەم.
ـ قەڵەمی ژن ، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تاچەند ئەوقەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
بەداخەوە لە كۆمەڵگای كوردەوای ئێمەدا قەڵەمی ژن و نووسین لاوازە ، چۆن بەداخەوە هێندێك نەرێت و كلتوری كۆنی عەرەب و فارس و تورك زاڵە بەسەر كۆمەڵگادا،ئایین و باوەڕە هەڵەكانی دوور لە رۆشنبیری و نەخۆیندەواری كۆمەڵگا و پێشێلی یاسا لە لایان هێندێك كەسەوە و زۆر بابەتی دی ، ژن نەیتوانیوە وەك پێویست لە مافەكانی داكۆكی بكات و كێشەكانی چارەسەر بكات.
ـ شیعرت بۆ ڕەگەزی بەرامبەرنووسیوە؟
بەڵێ.. نووسیومە و بەردەوامیش دەنووسم.
ـ بە چ شێوازو ستایلێك شیعر دەنووسیت؟
ئەگەر چی من چێژ لە شیعری كۆن واتە كلاسیك دەبینم بەڵام خۆم هەم شیعری كوردی و فارسی بە شێوەی شیعری نوێ و هەم هێندێك بە شێوەی شیعری كلاسیك بە بوونی كێش و قافیە نووسیومە.
ـ بوونی فەیسبوك و ئەنتەرنێت نەبۆتە ڕێگر لەبەردەمی خوێندنەوە و پیرۆزیی كتێبدا ؟
نا بەختەوەرانە هەرگیز كتێبم بۆ فەیسبووك و ئەنتەرنێت دانەناوە و هەمیشە كتێب بۆ من یەكەم بوونی هەیە.
ـ چی تازەتان لەبەردەستایە؟
لە ئێستادا من خەریكی جیاكردنەوەی شیعرە كوردیەكانمم لە شیعرە فارسیەكانم و ئەگەر بتوانم لە داهاتوودا بە چاپیان بگەیەنم بە هیوای خوای گەورە.