خەبات- ھەولێر:
بانکی ناوەندیی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنی دیکەی بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی گرتووەتەبەر، بەڵام ھێشتا نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار روو لە بەرزبوونەوە..
رۆژی ٢١ی ئەم مانگە بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، رێوشوێنە نوێیەکان بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەربە دۆلار خستەڕوو.
رێوشوێنەکانی ئەمجارەی بانکی ناوەندیی عێراق پەیوەستدارن بە بەکارھێنان و راکێشانی پارە لە کارتە بانکییەکان کە تیایدا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە ئەو دامەزراوانەی کە بە سیستەمی کریدیت کارد کار دەکەن، زۆرترین بڕی مایە لەنێو ھەژمارەکەیاندا ھەبێت کە نابێت لە ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بێت.
بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە کە نابێت ھیچ کارتێکی بانکیی لە ١٠ ملیۆن دینار زیاتری تێدا بێت و خستنە سەری پارەیش بۆ هەر ھەژمارێکی کارتی بانکیی، مانگانە نابێت لە ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بێت.
بانکی ناوەندیی عێراق راشیگەیاندووە کە لە ئامێرەکانی “ATM”دا، نابێت رۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ دۆلار رابکێشرێت، ھەروەھا مانگانەیش نابێت زیاتر لە سێ ھەزار دۆلار رابکێشرێت.
لەچوارچێوەی رێوشوێنە نوێیەکانی بانکی ناوەندیی عێراقدا، رێگا بە کۆمپانیاکانی ئاڵووێڕی دراو لە جۆری “A و B” دەدرێت کارتی بانکیی دەربکەن.
ھەر لەوبارەیەوە جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار خەڵەف رایگەیاندووە کە گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ بەکار‌ھێنانی کریدیت کارد، ئامانجی لێی رێگەگرتنە لە خراپ بەکارھێنانی کریدیت کارد و ھەر کەسیک یان ھەر کۆمپانیایەک پێشێلکاری تیایدا کردبێت، ئەوا رێککاری یاسایی بەرامبەری گیراوەتە بەر.
عەممار خەڵەف لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی نیمچە فەرمیی عێراقییە راگەیاندووە، حکوومەتی ئێستا گرنگی زۆری بە پرسی پارەدانی ئەلیکترۆنی داوە، ھەروەھا چەندین رێنمایی گرنگی پەیوەست بە پرسی خراپ بەکارھێنانی کریدیت کارد دەرکردووە.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار خەڵەف ئەوەشی وەبیرھێناوەتەوە کە تا ئێستا، چەندین ھەوڵی بەقاچاغبردنی ژمارەیەک کارتی بانکیی دروستکراوی کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی سەربە بانکی ناوەندیی پووچەڵکراونەتەوە و رێککاری یاسایی بەرامبەر ئەو بانک و کۆمپانیانەی کە ئەو کارەیان کردووە، گیراوەتە بەر.
عەممار خەڵەف ئەوەیشی خستەڕوو کە یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی بانکی ناوەندیی پەیوەست بەو کارتانە ئەوەیە کە دەبێت کارتەکە بە ناوی ھەڵگرەکەیەوە بێت و ناوی ئەو کەسەیش لە کۆمپانیاکە تۆمار کرابێت.
رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی کۆمپانیای ڤیزای جیھانیی بۆ کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، جەختی کردبووەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پلانەکانیان بۆ بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە بانکییەکان کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا کاری پێ دەکرێت.
محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاندبوو کە بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان، کاری ھاووڵاتییان ئاسان دەکات، ھەروەھا یاساکان پتەوتر دەکات بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.
مامەڵەکردن بە دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا قەدەغە دەکرێت
حکوومەتی عێراق لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی نرخی دینار، ھەوڵدەدات مامەڵەکردن بە دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا قەدەغە بکات.
رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خالید مەحننا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدابوو کە ئاراستەیەکی حکوومەت ھەیە بۆ ئەوەی ھەموو دراوە بیانییەکان لە مامەڵەکردن لە بازاڕەکانی عێراقدا، دووربخرێنەوە کە ئەم بنەمایە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان کاری لەسەر دەکرێت، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە ھیچ پاساوێک نییە بۆ مامەڵەکردن بە دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا لەلایەن خاوەن فرۆشگاکان و رایگەیاند: “تەنھا ئەو بازرگانانەی کە کەلوپەل ھاوردە دەکەن پێویستییان بە دۆلار ھەیە، بەڵام مامەڵەی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکانی عێراقدا، پێویستی بە دۆلار نییە”.
خالید مەحننا باسی لەوەیش کردبوو کە لە رۆژانی رابردوودا، ئەو دەرکەوت کە مامەڵکردن بە دراوی بیانیی لە بازاڕەکانی عێراقدا، کاریگەریی خراپی ھەیە، چونکە بەھۆیەوە ناجێگریی لە بازاڕەکاندا روودەدات دەبێتە مایەی زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خالید مەحننا جەختی کردبووەوە لەسەر ئەوەی کە ھەر کەسێک بەپێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق مامەڵە بە دراوی بیانیی بکات، رێوشوێنی توندی یاسایی لەبەرامبەری دەگرنەبەر.
ھێشتا نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار روو لە بەرزبوونەوە
لە ماوەکانی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێوشوێنی بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەربە دۆلار گرتەبەر، بەڵام ھێشتا نرخی دۆلار بەرامبەربە دینار روو لە بەرزبوونەوە.
پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و ٣٢٠ دینار بۆ بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دیاریی کرد، بەڵام ھێشتا نرخی یەک دۆلار بەرامبەربە ھەزار و ٤٧٠ دیناری عێراق مامەڵەی پێوە دەکرێت.
شارەزایان و چاودێرانی بواری ئابووریی، ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەربە دینار بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێننەوە، یەکەمیان کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە و دووەمیان بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوە.
عێراق ماوەی دوو دەیەیە بەدەست ناجێگیربوونی نرخی دراوی بیانی دەناڵێت، بەڵام لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، نرخی دراوی بیانی لە عێراق زیاتر رووی لە ناجێگیربوون کردووە.