
د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
بە پێی بڕوای دەروونناسان پاڵنەرەكان بزوێنەری گشت رەفتار و كردارەكانی مرۆڤەكانن، چ بایۆلۆژی یان دەروونی یان كۆمەڵایەتی. تیۆرەكەی دۆگلاس ماكگریگۆر یەكێكە لەو بیردۆزانەی شرۆڤەی رەفتارەكانی مرۆڤ دەكات، بەتایبەت لە بواری بەڕێوەبردن و پەیوەندییەكاندا روانگەی تایبەت بە خۆی هەیە.
تیۆری X لەسەر بنەمای كۆمەڵێك گریمانە دانراوە كە گرنگترینیان بریتین لەوەی كە مرۆڤ بە سروشت حەز لە كار ناكات و ئەوەندەی پێی بكرێت لێی ڕادەكات و خۆی لێ دەدزێتەوە، لێرەیە كە لە بەرپرسیارێتی ڕادەكات و هەڵیناگرێت. بۆیە بۆ ئەوەی كە ئەم تاكانە ( مرۆڤەكان) پاڵ بدرێن كارەكانیان ئەنجام بدەن پێویست دەكات كە شێوازی توندوتۆڵ لەگەڵیان بەكاربهێنرێت كە تیایدا ترساندن و تۆقاندن بوونی هەبێ تاوەكو ئەوان ناچار بكرێن كارەكانیان ڕاپەڕێنن. ئەو ڕێبەر و بەڕێوەبەرەی بڕوای بەم تیۆرە هەبێ لە كردەوەدا كەسێكی زاڵە و دیكتاتۆریانە رەفتار دەكات و لە بەڕێوەبردنی گرووپەكەیدا پەنا بۆ شێوازی توند و دژوار دەبات تاوەكو كەسەکان بە ئەرك و كارەكانیان هەڵسن.
بەڵام بیردۆزی Y لەسەر بنەمای هەندێ گریمانەی تر دامەزراوە كە بریتین لەوەی كە مرۆڤ هەر كارێك پەسەند بكات پێی هەڵدەستێ بەتایبەت ئەگەر لەسەری رازی بێ و بەدڵی بێت. تەنانەت ئەگەرچی پێویستی بە هێز و توانای عەقڵی و جەستەیش هەبێ. لێرەدایە كە مرۆڤەكان بە پشت بەستن بە ئاراستەكردن و كۆنترۆڵی خودی و لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی گرووپ و پارت و فەرمانگەكەی هەڵدەستێ، بەتایبەت ئەگەر پابەندی ئەو ئامانجانە و بەدەستهێنانیان بێت. لەو بیردۆزەدا مرۆڤەكان وەك پاداشتێك لە پابەندییان دەڕوانن و، باشترین پاداشتیش رەزامەندی و خۆبەدەستهێنان (self-actualization) و، هەروەها داهێنان لەو خەسڵەتانەیە كە لە نێو زۆربەی خەڵكدا هاوبەشە و پەیوەست نییە بە ژمارەیەكی كەم لە مرۆڤەكان. ئەو رێبەر و بەرپرسەی بڕوای بەم تیۆرە هەیە لە پرۆسەی بەڕێوەبردندا مرۆڤێكی بەشداركەر و دیمۆكراتییە.
ئەگەر لە رابردوودا هەڵسەنگاندنێك بۆ پەیوەندییەكانی كورد و بەغدا بكەین دەبینین كە لە سۆنگەی تیۆرەكەی X ەوە هەر كاتێك حكومەتی ناوەند لە بەرپرسیارێتی ڕایكردبێ و ئامانج و داواكارییەكان و مافە رەوا و سەرەتاییەكانی كوردی پشتگۆێ خستبێ یان ویستی چارەسەركردنی كێشەكانی بە دیالۆگ و گفتگۆ نەبووبێ، وەك ئەوەی لە پاش رێکكەوتنە خیانەتكارەكەی جەزائیر لە 1975 كردی و پەنای بردە بەر زەبر و زەنگ و كوشتار و جەنگ و خوێنڕشتن، ئا لەو كاتەدا كوردیش ناچار بووە كاردانەوەی هەبێ و پەنای بردووەتە بەر شێوازی هاوشێوە و ئاڵۆزییەكان پەرەی سەندووە و تەشەنەی كردووە تا كار گەیشتووەتە بەر جەنگ و بەرگریكردن، وەك ئەوەی لە ساڵانی هەفتاكان و بەتایبەت سەرهەڵدانی شۆڕشی گۆڵان روویدا. بە واتایەكی تر كورد ناچاركراوە بەوەی كە ئەو جۆرە رەفتارەی هەبێ تا بە هۆیەوە بتوانێ ئاسایش و ئارامیی دەروونی و كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی خۆی بپارێزێ و خۆی لە لەنێوچوون بەدووربگرێ. وەك ئەوەی كە ئەو شۆڕشە لە ئەنجامدا گەیشتە ئامانجەكانی و بووە هۆی سەرهەڵدانی بەهاری 1991 لە دژی زۆڵم و زۆرداریی بەغدا.
بەڵام كاتێك كە حكومەتی ناوەندی ملی داوەتە رێگە چارەی لۆژیكی و لە سایەی كۆنترۆڵی خودی، هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجە نیشتمانییەكانی دابێ و بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ كردبێ و پابەندیی خۆی بە رێككەوتنەكانی دوو لایەنە سەلماندبێ، وەك ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە – ئەگەر تاسەر بەردەوام بێ-، لەو كاتەدا كوردیش هاوتەریب لەگەڵ ئەو رەفتارانەی حكومەتی ناوەندی هەوڵی داوە ئاراستەیەكی لۆژیكانە بگرێتەبەر و بەپەرۆشەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بكات و دیمۆكراتیانە رەفتار و هەڵسوكەوت بكات، چونكە پێی وایە ئەمە راستترین و گونجاوترین رێگەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكان و ئاسایشی تاكی كوردستان و، رێگەگرتنە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و قووڵتربوونی كێشەكان، یان لانیكەم دەرچوونە لە چەقبەستوویی سیاسی و لەگەڵیشیدا زیانە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژییە هاوبەشەكان، بەتایبەت كە هەندێ كەس و لایەن هەمیشە سوودمەندی ئەو دۆخە ئاڵۆزەن تا بە هۆیەوە لە ئاوی لێڵ بەرژەوەندییە تەسك و تایبەتەكانیان بەدیبێنن، كە لە راستیدا ناگۆنجن لەگەڵ ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییەكانی كوردستانییان و، ئەو پێكەوەژیانەی كورد هەمیشە شانازی پێوە كردووە و خۆی بە ئاڵا هەڵگری بەهاكانی دیموكراسی و ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی زانیوە.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر- زانكۆی زاخۆ