خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- کاتژمێر (4)ی پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 2023/5/31 بەئامادەبوونی بەڕێز فازل میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی و ،سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتی و ژمارەیەکی بەرچاولە پەڕلەمانتاران و وەزیرە بەڕیزەکان و بەرپرسانی حکومی و حزبیی و بەڕێز سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات و فەرماندەییەکانی پێشمەرگەو خانەوادەی کاک شێخ محەمەد ڕەزا سەرگەڵوویی و جەماوەرێکی زۆری کتێبدۆست، مەراسیمی ناساندندن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی دیکەی چاپکراوی نووسەرو ڕۆژنامەنووس (بەرهەم شێخ عزەدین) لەژێر ناوی ( چنینەوەی مێژووی محەمەد ڕەزا سەرگەڵوویی) سەرکردە و پێشمەرگە لە هۆڵی مەکتەب ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری PDK بەڕێوەچوو.
سەرەتاو دەسپێکی مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر بەڕێز فازل میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی PDK وتارێکی گرنگ و مێژوویی سەبارەت بە ژیان و ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی شێخ محەمەد ڕەزا لەڕیزەکانی شۆڕش و پارتیدا پێشکەش کرد و پاشان چەند وتەیەکی تر لەلایەن هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی شێخ محمەد ڕەزا پێشکەشکرا و دواتر ڕۆژنامەنووس بەرهەم شێخ عەزەدین نووسەرو ئامادەکاری ئەوکتێبە ، چۆنیەتی ئامادەکردن و ناوەرۆکی کتێبەکە بە ئامادەبووان ناساند ولەکۆتاییدا خەڵاتی سوپاس و ڕێزلێنانی بنەماڵەی شێخ محەمەدڕەزا لەلایەن بەڕێز کاک فازل میرانی و کاک عارف تەیفوور پێشکەش بە ڕۆژنامەنووس بەرهەم شێخ عەزەدین ئامادەکاری کتێبەکە و بەڕێزان شڤان حەمدی و هەردوو بەڕێز نوێنەرانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری PDK و تۆڕی پاراستنی نیشتیمان کرا، شایانی باسە، کتێبەکەش کرایە دیاری ئامادەبووان.











