خەبات: عەلی بانیشاری:- لە سنووری گەرمیان كۆكردنەوەی بەرهەمی پەتاتەی بەهارە چەند رۆژێكە دەستیپێكردووە و بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی ناوچەكەش دەڵێت (جووتیاران لە بەرهەمی ئەمساڵیان ڕازین). لە گەرمیان بۆ ئەمساڵ نزیكەی 500 دۆنم زەویی بە پەتاتە چێنراوە، ئەمە لە كاتێكدا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا تەنیا 50 دۆنم زەویی بە پەتاتە دەچێنرا.

زۆرینەی پەتاتەی گەرمیان لە سنووری سەرقەڵا و قۆرەتوو و سەنگاو دەچنێنرێت و لە بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساغ دەكرێت و بەشێكیشی ڕەوانەی كارگەكانی جپسی پەتاتە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەكرێت. شادیە حسەین، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان دەڵێت: هەفتەیەكە حكوومەتی عێراق بە بڕیارێك هاوردەی هەشت بەرهەمی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و خواروو قەدەغە كردووە كە لە نێویاندا پەتاتەی تێدایە و بەداخەوە بڕیارەكە بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، گەرمیان لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاوسنوورە و زۆرینەی بەرهەمی جووتیارانی سنوورەكە لە بازاڕەكانی ئەو ناوچانە ساغ دەبێتەوە، لەهەر ئەگەرێكی داخستنی ئەو رێگایە جووتیارانی گەرمیان 100% تووشی زەرەو زیان دەبن، لە ئێستا نرخی هەیە هەر كیلۆیەك پەتاتە لە بازاڕەكانی كوردستان بۆ كەمتر لە 500 دینار دابەزیووە. بەوتەی شادیە حسەین، دابەزینی نرخی پەتاتەی كوردستان لە بازاڕدا، پەیوەندی بە بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لە گفتوگۆدایە تاوەكو ئەو ڕێگەیە بكرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: ئەمساڵ نزیكەی 500 دۆنم زەویی بە پەتاتە لە سنووری گەرمیان چێنراوە و هەر كیلۆیەك پەتاتە شەش بۆ هەشت كیلۆی لێ بەرهەم هاتووە و بەرهەمی پەتاتەی بەهارەی ئەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر باشتر بوو. گوتیشی: ئێستا جووتیارانی ئێمە جۆرێك لە پەتاتە دەچێنن كە بۆ جپس دەشێت و لەگەڵ كارگەكانی بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستیان كردووە تاوەكو لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمدا ڕاستەوخۆ پەتاتەكە بگوازرێتەوە بۆ ئەو كارگانە.

زیاتر گوتی: لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، هێنانی پەتاتە لە دەرەوە قەدەغە دەكرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان بە ئاسانی ساغ ببێتەوە و زەرەمەند نەبن. ئەوەشی گوت: ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەزارەتی كشتوكاڵ نەیتوانیووە بنەتۆوی پاڵپشتی بداتە جووتیارانی گەرمیان.

پەتاتە بە تیرەی باینجانەكانە و كۆمەڵێك سوودی هەیە لەوانە: (سەرچاوەیەكی باشی پڕۆتینە. دۆڵەمەندە بە مادەی ڕیشاڵ، پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم. دۆڵەمەندە بە ڤیتامین C ، B5، 3B، B6. چارەسەرە بۆ خەمۆكی و بێزاری. ئێسكی مرۆڤ بەهێز دەكات. كرداری هەرس ئاسان دەكات. بەسوودە بۆ كەمكردنەوەی پەستانی خوێن. رێگری دەكات لە چرچ بوونی پێست). پەتاتە 75%ی ئاوە، 20%ی پڕۆتینە، 2%ی خوێی كانزاییە.

شادیە حسەین باسیلەوەشكرد، خاك و ئاو و هەوای گەرمیان بۆ چاندنی پەتاتە گونجاوە، بەتایبەت ئەو پەتاتەی لە وەرزی بەهاردا دەچێنرێت. هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان گوتیشی: جووتیارانی ناوچەكە چەند جۆرێك پەتاتە دەچێنن، بەڵام (ئەریزۆنا) بەربڵاوترینیانە، چونكە لە بازاڕدا زۆرترین خواستی لەسەرە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەرهەمی ساڵانەی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان لە 400 هەزار تۆن زیاترە و دوو هێندەی پێداویستی ناوخۆیە. هەر بەپێی داتاكان، زیاتر لە 30 جۆر تۆوی پەتاتە لە كوردستان دەچێنرێت و پارێزگای دهۆك پشكی شێری لە چاندنی پەتاتەدا بەركەوتووە.