خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- لەچوارچێوەی کارو چالاکییە ئەدەبیی وڕۆشنبیرییە بەردەوامەکانی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد کاتژمێر (5:30) ی سەرلەئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 2023/5/30 نووسەرو ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموون و ناسراوی کورد مامۆستا (جەمال خەزنەدار)لە ئێوارە کۆڕێکدا، باس لە (پڕۆژەی ئینسکلۆپیدیای ڕۆژنامەنووسیی کوردی) دەکات.

جەمال خەزنەدار ، مامۆستا و نووسەر و ڕووناکبیر، لە ساڵی (1938) لە هەولێر لەدایکبووە و لەمێژووی تەمەنی خۆیدا خزمەتێکی بەرچاوی بەدنیای نووسین و ڕۆشنگەری کوردی کردووەو یەکێک بووە لەکۆکەرەوەو خەمخۆرە دیارەکانی بەئەرشیفکردنی ڕۆژنامەگەری کوردی و لەزۆربەی ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا نووسینی ڕۆژنامەگەری بڵاوکردۆتەوە.

مامۆستا جەمال خەزنەدار، یەکێکە لەم کەسانەی کە بە عەشقەوە، خەریکی کاری ڕۆژنامەگەریی کوردییە. جاران، لە بەشێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی بەغدا، وەک سکرتێری نووسین یان نووسەر،لە هەمووشیان گرنگ و بەرچاوتر؛ کۆکردنەوەو پۆلین و ئەرشیفکردنی ئەو هەموو گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەن کە ناوبراو زێتر لە نیوەی تەمەنی خۆی پێی بەخشیون.لەسایەی ئەم هەوڵانەشیدا، بۆتە خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندو دەگمەنە، کە لەڕۆژی ئەمڕۆماندا، بەسامانێکی نەتەوەیی گران بەها، حسێبی بۆ دەکرێت. تەنانەت خانوویەکی گەورەی لەشاری هەولێرهەیە کردویەتی بە ئەرشیفخانەی کتێب و ڕۆژنامەنووسیی کوردی، . سەرەڕای خەریک بوون بە پرۆژە گەورەکەی؛(ئینیسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی)، ناوە ناوەش لە مەڵبەندە کوردییەکانی ئەوروپا کۆڕ دەبەستێت، یان وتارو لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی،بڵاودەکاتەوە.