
ڕەمزی میرەكانی
لەگەڵ هاتنی یادی 35 ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە، حكومەتی عێراق بڕیاریدا پارێزگارییەكی نوێ بۆ وڵاتەكە زیاد بكات، كە ژمارە 19 هەڵبگرێت و چوارەم پارێزگا بێت بۆ هەرێمی كوردستان. حكومەتی عێراق لە بڕیارەكەیدا ڕایگەیاند، پیرۆزبێت هەڵەبجە شایستەیە
، ڕەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە كۆماری عێراق و ڕەوانەكردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەسەندكردنی بە دادپەروەریی بەرانبەر ئەم شارە و وەكو ڕێزلێنانێك لە شەهیدەكانی پەسەند كردووە. حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی دادپەروەریی بەرانبەر ئەو قوربانییە بێتاوانانە بكرێت، كە بە ناڕەوا ژیانیان لەدەستچووە، ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژەی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی، ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پەسەندكردن و دەنگدان لەسەری بەپێی زەمینە دەستوورییەكان. ئەمەو لە مانگی ئاداری ساڵی 1988دا، هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی بۆردومان كرا، ئەوەش لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1988دا بوو و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی ئەو شارە گیانیان لەدەستدا و دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیەش برینداربوون، كە تاكو ئێستاش بەشێكی زۆریان بەدەست كاریگەریی گازە ژەهراویەكانەوە دەناڵێنن. لە 13ـی ئاداری 2014دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی واژووكرد، بۆ ئەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگای چوارەم لەسەر ئاستی هەرێمدا، هەروەها بڕیاریدا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە بوارەكانی ڕێگاوبان، پرد، ئاو، كارەبا، نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان و نەخۆشخانەكان لە هەڵەبجەدا ئەنجام بدرێت. هەروەها پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئاداری 2021دا، بە كۆی دەنگ، دەنگی لەسەر بڕیارێك دا، كە حكومەتی عێراقی پابەند كرد بە پەسەندكردنی هەڵەبجە وەك پارێزگاییەكی نوێی عێراق، بەمەش ژمارەی پارێزگاكانی عێراق گەیشتە 19 پارێزگار. كیمیابارانی هەڵەبجە لە دوایین ڕۆژەكانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران ڕوویدا، بەو پێیەی شارەكە لەلایەن سوپای ئێرانەوە داگیركرابوو، كاتێك سوپای عێراق پێشڕەوی كرد بۆی، ئێرانییەكان پاشەكشەیان كرد، پێش ئەوەی بچنە ناوییەوە، حكومەتی عێراق بە گازی سیانید بۆردومانی كرد، گوایە سوپای ئێرانیان كردبووە ئامانج، بەڵام وا نەبوو و تەنیا قڕكردنی كوردیان كردبووە ئامانج، كە بووە هۆی كەوتنە خوارەوەی ئەم هەموو قوربانییە، كە زۆربەیان منداڵ، ئافرەت و پیرەكان بوون. بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق ڕایانگەیاند، كەوا هەڵەبجە لەلایەن ئێرانەوە كیمیاباران كراوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش خۆی لەو تاوانە گەورەیە كڕ و بێدەنگ كرد. ئەم هێرشە بە جینۆساید هەژمار دەكرێت و گەورەترین كیمیاباران بوو كە ئاراستەی دانیشتووانی مەدەنی كورد بكرێت، ئەمەش لەگەڵ وەسفكردنی جینۆساید لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا یەكدەگرێتەوە، كە ئاراستەی گروپێك یان ڕەگەزێكی دیاریكراو دەكرێت بە مەبەستی تۆڵەكردنەوە یان سزادانیان یان قڕكردنیان. هەژی گوتنێیە، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیكەی 130 هەزار كەسە، دەكەوێتە بەرزی 1770 پێ لە ئاستی ڕووی دەریاوە، شارەكە دەكەوێتە ناوەڕاستی دەشتی شارەزوور. ئێستا هەڵەبجە لە چوار قەزا پێكهاتووە، دەكەوێتە باكوری ڕۆژهەڵاتی كوردستان و باكوری ڕۆژهەڵاتی عێراق، ڕووبەرەكەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و سنوورێكی وشكاتی 75 كیلۆمەتریی هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا هەیە. بەم بڕیارەی حكومەتی عێراق، هەڵەبجە، هەندێ لە ئازاركانی كەم دەبێتەوە، بەڵام هێشتا ناگاتە ئاست ئەو ستەمەی كە ڕژێمی پێشوو لە خەڵكی ئەو شارەی كرد، بۆیە حكومەتی عێراق بێجگە لە بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە، دەبێت قەرەبووی خەڵكی زیان لێكەوتووی ئەو شارە بكاتەوە، كە هەقی خۆیانە، سەرباری تەرخانكردنی بودجەیەكی شایستە بۆ خزمەتكردنی ئەو شارە، كە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، بێجگە لە حكومەتی هەرێم، بەغدا هیچ ئاوڕێكی سەرڕاستی لێ نەداوەتەوە و فەرامۆشی كردووە. داخێكی گرانی سەر دڵی دانیشتوانی هەڵەبجە ئەوەیە، سەرانی ڕژێمی بەعس كە ئەو شارەیان كیمیاباران كرد، بە تایبەتی تۆمەتبار (عەلی حەسەن مەجید) كە بە (عەلی كیمیاوی) ناسراو بوو، لەسەر ئەم كێشەیە دادگایی نەكران، بەڵكو زۆربەیان لەسەر كێشەی دیكە دادگایی كران و لە سێدارە دران. لە كۆتاییدا، پیرۆزبایی لە خەڵكی هەڵەبجە و هەموو كورد دەكەم، بە بۆنەی بوونی بە پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق و چوارەمی هەرێم، بە هیوای گەڕانەوەی كەركوك بۆ باوەشی كوردستان و بوونەوەی بە پارێزگای پێنجەمی هەرێم. بژی كورد.. بژی كوردستان.