ڕوكار شێخ تەها
لەنێو هەر نەتەوەیەك و ناوچەیەك سەركردە و ڕێبەرێك هەڵدەكەوێت كە ڕۆڵ و پێگەیەكی جیاوازی هەیە، لە كوردستانیش مەلا مستەفا بارزانی وەكو ڕێبەرێك بۆ ئەم نەتەوەیە خاوەن ئەو ڕۆڵ و كارێزمایەیە، ئێستاش كە یادگەكەیان بۆ كردۆتەوە دڵنیام یەكێكە لەكارە باشەكان كە دەبوو زووتر بكرایە. ئەم یادگەیە جێگایەك دەبێت بۆ زیندووكردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی پێشمەرگە و لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی بۆ شۆڕشەكانی كوردستان. بارزانیی نەمر تەنیا موڵكی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، بەڵكو موڵكی هەموو نەتەوەیی كوردە. لەهەر شوێنك چرایەك و تروسكاییەك بۆ كورد هەڵگیرسابێت ئەوا بارزان و بارزانییەكان یەكەم شۆڕەسواری ئەم مەیدانە بوون و خۆیان گەیاندووە بەو شۆڕشە وەكو پێشمەرگەیەكی گیان لەسەر دەست و بوێر لە مەیدانەكە ئامادە بوون. ئەگەر بێت و سەیری مێژووی ناوچەی بارزان بكەین و یان كاتێك باسی شۆڕەكانی كوردستان بكەین، ناتوانین ڕۆڵ و پێگەی شۆڕەكانی بارزان لەبیر بكەین. لە شۆڕشی بارزان و پێش بارزانیی نەمر لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلامی برا گەورەی مەلا مستەفا بارزانی ساڵی (1907-زاینی) و خواست و ویستی ئەو بۆ سەربەخۆیی كوردستان و داواكارییە ڕەواكانی تایبەت بۆ شێوازی حوكمڕانی ناوچە كوردییەكان، كە سوڵتانی عوسمانی وەكو مەترسییەك لە داواكارییەكانی ڕوانی و بووە هۆی هێرش و كاولكاری و سووتاندنی ناوچەی بارزان و ئاوارەكردنی خەڵكی ئەو ناوچەیە و ڕەشبگیركردنی ماڵباتی بارزانییەكان بە ژن و منداڵەوە، تا دواجار دوای خیانەتكردن لە عەبدولسەلام بارزانی لە سێدارەدانی لەساڵی (1914-زاینی) بەڵگەیە لەسەر خەبات و تێكۆشانی ئەم ناوچەیە. پاشان شێخ ئەحمدی بارزانی برا گەورەی مەلا مستەفا بارزانی، كە بە شۆڕشی بارزان ناسراوە لە(1932زاینی) دژی ئینگلیزیەكان وەربگرین، ئەویش بەهەمان شێوە خواست و ئارەزووی بۆ شۆڕش و بەرخۆدان درێژەی دەبێت. هەروەها جارێكی تر لەژێر سەركردایەتی شێخ ئەحمدی بارزانی و بە فەرماندەیی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی(1943-زاینی) شۆڕش لەدژی حكومەتی مەلیكی عێراق و ئینگلیزدا دەستپێدەكات. لەساڵی (1945-زاینی) بەفەرماندەیی مەلا مستەفا بارزانی خۆی وچەكدارە بارزانییەكان خۆیان دەگەینە كۆماری كوردستان لە مەهاباد. دەرەوشاندنەوەی ئەستێرەی ڕێبەری كورد مەلا مستەفا بارزانی دەنگیدایەوە. لە پاش ڕووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، حكومەتی پادشایی عێراق ڕەزامەندیی نەدا بەگەڕاندنەوەی جەنەراڵ مەلا مستەفا بارزانی، بەهیچ شێوەیەك بۆیە ڕێگەی سۆڤیەتی هەڵبژارد و خۆی تەسلیمی ئیرادەی داگیركەران نەكرد. دوایی مانەوەی نزیكەی (12) ساڵ ئاوارەیی و ژیانی پڕ لە زەحمەت لەساڵی (1958-زاینی) دا گەڕانەوە بۆ نیشتمان. هەڵگیرسێنەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن كە یەكەم شۆڕشی نەتەوەیی كورد و كوردستان بوو، كە تەواویی كوردستانی گرتەوە و بوو بە شۆڕشێكی سەرتاسەری هەر لە زاخۆ تا خانەقین، ئەتوانین بڵێن تاكە شۆڕشە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان كە جێگایی شانازی و شەڕەفە بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان، كە توانی بەرهەمی هەبێت و ڕێكەوتنامەی (11) ئازاری لێبكەوێتەوە، بۆ یەكەمجار لە مێژووی ناوچەكە و عێراقدا دان بەمافەكانی كورد بنرێت و وەكو نەتەوەیەك لە دەستوری عێراقدا مافەكانی تا ڕادەیەك جێگیربكرێت. دەتوانین بڵێین بارزانیی نەمر هەموو تەمەن و ژیانی خۆی لە پێناو ماف و ئازادییەكانی گەلەكەی بۆ خۆشگوزەرانی تەرخان كردووە. هەمیشە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان وەكو ئەستێرەیەكی پرشنگدار دەمێنێتەوە و دڵنیام ئەم یادگەیە دەبێتە ئەرشیڤێكی مەزنی كورد لەسەر شۆڕشە جیاوازەكان و چالاكی و قوربانیدانی گەلی كورد بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی. سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان سەروەریی شەهیدان بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.