خەبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- زاهیر جەلال لە ساڵی (1961) لە گەڕەكی ئەسحابە سپی، لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و قۆناغەكانی خوێندنی هەر لەو گەڕەكە تەواو كردووە، لە ساڵانی هەشتاكان یەكەم بەرهەمی تۆماركردووە، خێزاندارە و خاوەنی كوڕ و كچێكە، ئەو لەدیدارێكدا بەم شێوەیە بۆ خەبات دەدوێ.

سەبارەت بە قۆناغەكانی خوێندن و تۆماركردنی یەكەم گۆرانی، هونەرمەند زاهیر جەلال گووتی: من لەقۆناغەكانی سەرەتایی بووم، مامۆستاكانم لەڕیز دەریان ئەهێنام گۆرانی ئەو سەردەمەیان پێ ئەوتمەوە، تا ساڵەكانی هەشتاكان لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو سەردەمە و بەشداری تیپە مۆسیقاكانی شارەكەم بەشداری ئاهەنگەكانم ئەكرد، تاساڵی1983 بۆساڵی1984 ، یەكەم گۆرانیم بەناوی ( لەرزان لەرزانە) لەتیڤی كەركوك تۆماركرد ئەو گۆرانییە، بوو بەسەركەوتنێكی زۆر باش بۆ دەركەوتنی من، دواتر لەتیڤیەكانی خۆمان بڵاوكرایەوە چەندین گۆرانی و كاسێتی گۆرانیم تۆماركرا، هونەرمەند زاهیر جەلال دەڵێ: خێزاندارم و خاوەنی كچ و كوڕێكم هەردوو منداڵەكانم حەزیان لە گۆرانی و مۆسیقایە.

لەبارەی بەشداری كردن لە ئاهەنگەكان و تێڕوانینیان بۆ هونەرمەندانی ئێستا زاهیر جەلال دەڵێت: هۆكاری زۆر دەركەوتنم لەئاهەنگەكاندا بەشداریكردنمە لەبۆنەگشتییەكاندا بەتایبەت لەڕۆژی جیهانی منداڵان لەگەڵ تیپی مۆسیقای منداڵان بەسەرپەرشتی مامۆستا (دیاری مەردۆخی)، زاهیر جەلال سەبارەت بەهونەرمەندانی نوێ دەڵێ: هیوادارم لەخۆیان بایی نەبن و بتوانن خزمەت بە هونەری ڕەسەنی كوردی بكەن پەنا بۆ شیعری بیانی نەبەن و سوود لەسروشتی جوانیی كوردستان وەرگرن و كلیپەكانیان لەكوردستان بكەن ، وە ئەوشیعرانەی كە هەڵیدەبژێرن لەشاعیرەكانی خۆمان بن، چوونكە ئێمە شاعیری زۆر باشمان هەیە، نابێت پەنا بۆ شیعری شاعیرانی بیانی ببەن.

هونەرمەند زاهیر جەلال داواش لە هونەرمەندانی نوێ دەكات لەخەڵك دانەبڕێن چوونكە گۆرانیبێژ بەخەڵكەوە جوانە، كە خەڵك نەبوو ئەوانیش نین، سەبارەت بەبەرهەمی تازەی خۆیان هونەرمەند زاهیر جەلال گووتی: بەرهەمێكی تازەمان لەبەردەستە بەناوی (دابران) لەئاوازی (شاد میهر) هۆنراوەی (دیار هەڵەبجەیی)یە، لە كۆتاییشدا دەمەوێ‌ پڕ بەدڵ سوپاسی ڕۆژنامەی خەبات بكەم بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە.