
د.محەمەد خدرمەولود
سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێوڕەسمی کردنەوەی (یادگەی نیشتمانیی بارزانی) لە رۆژانی پێنجشەم وهەینیدا 11 و12-5-2023ی ، بە دەرفەتی زێرین زانی بۆ گەیاندنی مەبەست و ئامانجی گوتارە مێژووییەکەی .
لەو دوو ڕۆژەدا کە زۆربەی هەرەزۆری دیپلۆماتکار و کونسولگەری و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی کوردستانی و عێراقی لە ئاستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارەوە تا زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان و زلهێزانی دونیا بە ئەمریکا و ڕووسیاشەوە لە ڕێگای نوێنەر و باڵوێزان ودەزگاکانی میدیاوە ئاگاداری پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بوون .
هەروا لە رۆژی دووەمیشدا لە 12-5-2023 دەستەبژێرانی تەواوی کۆمەڵگای کوردستانی لە چین و توێژە جیاجیاکانەوە لە ئایین وئایینزا و پێکهاتەی نەتەوەیی جیا بۆ هەمان بۆنە ،هەر لە “بارزان”ی بەرخودان و نەچەمانەوەدا گوێیان لە پەیامە گرنگ و مێژوویەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو .
دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی بانگەوازێکی بەپەلەی گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی دڵسۆزانەی سەرۆک و فریادرەسی نەتەوەیەکە، کە نەتەوەکەی لەبەردەم چەندین قەیران و ئالنگاری ناخۆ و دەرەکی دایە، ناوچەکە و جیهانیش لەدوای شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراینا و سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ لە سودان و دابەشبوونی خەرتومی پایتەختیان بەسەر دوو بەرەدا و هەردوولاش ئاراستە و ئاییندەیان نادیارە و لە ژێرهەژموونی ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەکانی زڵهێزانی دونیادان .
هەروا لە بێهێزی و پرش وبڵاوی و تەنانەت غەفڵەتگیری و لەخۆبایی بوونی نەتەوەکانی ژێردەستەی وەک ئۆکراینی و عەرەبی سوودانی و کوردی هەرچوار بەش، لەوانیشەوە کوردستانی باشوور، خەریکە پرسی راستەقینەی نەتەوەیی نەتەوەکانی بندەست و پێخوستی وڵاتانی زڵهێز لە بەین بچێ و بەسیاسەتی فرەجۆر و چەشنی ئیمپریالیانەی کاپیتالیزمی سەردەمیانەی دیجیتاڵی پێگە و قەوارەی نەتەوە و وڵاتە بندەست وپ ێخوستەکان زیاتر لە مەنگەنە بدرێ وب چووکتر بێتەوە.
ئێستای هەرێمی کوردستان بەو بارودۆخە نالەبارە گوزەر دەکات، قەیران لەدوای قەیران ، ئالنگاری دوای ئالنگاری، گرفت دوای گرفت، ناتەبایی دوای ناتەبایی ناوخۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، سەرباری هەژموون وگوشار و پلانی ئامادە وهەمیشەیی دەرەکی کە بەینابەینێ بە بەرنامە دارێژراوی بەرانبەر بە هەولێر پیادە دەکرێ .
ئەوانە هەموو بە لایەک، بەڵام ئەوەی هەرە گرنگە بۆ کورد و کوردستان ستراتیژییەت و دونیابینی و ئایندەخوازی “سەرۆک مەسعود بارزانی”یە بۆ پرس و دۆزی ڕەوای نیشتمانی نەتەوەکەی کە هەردەم وەک ڕابەر و فریادرەس لەساتە هەستیار و تەنگ و ناخۆش و پڕ لە کێشە و گرفتەکاندا دەردەکەوێ و ناکۆک و ناتەباکان کۆدەکاتەوە و ئەستەم و ئالنگارییەکان تێدەپەڕێنێ و مێزی گفتوگۆیان بۆ ئامادە دەکات. بۆیە لەم بانگەوازەی “سەرۆک بارزانی”دا بەڕوون و ڕەوانی ئەوە دەخوێنینەوە :
لەدوای پرۆسەی ڕیفراندۆم، دوژمنان بە توندی لە پرسی سەربەخۆیی کوردستانی
باشووریان دا و تا بۆیان لوا پێگە و سنووری جوگرافیای کوردستانیان بەرتەسک کردەوە و دیسان لەسەردەمی جیهانگیری و نەمانی دیکتاتۆرییەتدا، ڕاگوێزان و وێران کردن و تەعریب و داگیرکردن و داگیرکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی سنووری مادەی 140هەرلە شنگالەوە تا خانەقین بوونەوە بە دیفاکتۆی تازە و بەغدا لەسایەیدا خەونی دێرینی عێراقی شۆڤێنی عەرەبی هێنا دی و وا چەندین ساڵیشە بە ئاین و ئۆنی پرسی بوودجە و مووچە..!! نەوت و یاسای نەوت و غاز و پشکی هەرێم..!! دەیانەوێ پرۆسەی ئابووریی سەربەخۆ و گەشەسەندنی کوردستان پەک بخەن و سیاسەتی (مووچە هات، مووچە نەهات، بوودجە پەسند بوو!! پەسند نەبوو، پشکی هەرێم چەندە و چەند نییە!! شایستە داراییەکان چوونەتە سەر حیسابی
بانکی هەرێم و…تد ) پیادە بکەن و بە پاشکۆکردنی هەولێر بە بەغداوە وسیاسەتی برسیکردنی باشووری کوردستان و سفر کردنەوەی ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان پیادە بکەن و شیردا بۆ داپیردا لە مالیکییەوە بۆ عەبادی و لە عەبادییەوە بۆ کازمی و لە کازمییەوە بۆ شیاع سوودانی دەستی دەستیمان پێ بکەن و پرس و دۆزەکەشمان لە سەر راستەرێی خۆیدا بەلارێدا ببردرێ و هەمووی لە مووچە و بوودجەدا کۆبکرێتەوە .
ئەم بانگەوازەی سەرۆک بارزانی کە خۆی لە گوتاری نیشتمانی _ نەتەوەیی دەبینێتەوە
هەڵگری هزری یەک گوتاری سیاسیی کوردستانییە، رزگارکردنی ئەم بارودۆخەی
ئێستای ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە لە فرەگوتاری و لە ترس لەپرسی هەڵبژاردنی پەلەمان و ترس لە دۆڕاندن و ترس لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە وەک فۆبیا هەندێ لە حزبەکان پێیەوە دەتلێنەوە، هەروا هاندانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، بەتایبەتیش هاندانی پارتی و یەکێتییە بۆ بەیەک ئاراستە کارکردن و یەک گوتاری و تێپەڕاندن و وەلانانی فرەگوتاریی سیاسی کە وەک پەتایەک لە ماوەی سەدەیەک خەبات و تێکۆشاندا نیوسەدەیە دوو بەرەکی و دوو گوتاری بەرۆکی کوردستانی گرتووە .
بە هەموو پێوەرێک، ئەم بانگەوازەی سەرۆک بارزانی کە خۆشبەختانە زۆربەی هەرەزۆری پارت و لایەنە کوردستانییەکان بە خۆشحاڵییەوە بەرەو پیری هاتوون، پەیام و گوتاری فریادرەسی بێکەسترین نەتەوەی دونیایە کە تەنیا: بارزان و چیا سەرکەشەکان پشتیوان و دۆست و هاورێ و هەڤاڵن .
هەولێر 14-5-2023