
د.مستەفا زەنگنە
وەڵڵا بەدەم خۆشە شەست و یەک ساڵ پێشمەرگە بیت.
وەڵڵا بەدەم خۆشە شەست و یەک ساڵ خەمی میللەتێک لەکۆڵ بگریت.
وەڵڵا بەدەم خۆشە شەست و یەک ساڵ بەپێوە دژی دڕەندەترین دوژمن بجەنگی.
وەڵڵا بەدەم ئاسانە شەست و یەک ساڵ دار و بەرد و ئەشکەوت و مغارەی ئەم نیشتمانە نەما تۆ بەسەری نەکەیتەوە، بەردەباز نەما بەسەریا تێنەپەڕیت.
وەڵڵا بەدەم ئاسانە شەست و یەک ساڵ یەک ڕێگا و یەک هیوا و یەک مەبەست بیت و زەڕڕەیەک لەڕێبازی کوردانە لانەدەیت،
وەڵڵا بەدەم ئاسانە شەست و یەک ساڵ ئەم هەموو خیانەتەت لێ بکەن، ئەم هەموو موئامەراتەت لێ بکەن، ئەم هەموو پیلانانەت لەدژ بگێڕن و تۆ هەرخۆت بیت و بوێرانە لەسەر مافی میللەتەکەت سوور بیت.
ئاخر بەدەم ئاسانە شەست و یەک ساڵ نەهێڵی ئاڵای کوردستان بکەوێت.
ئاخر بەدەم ئاسانە شەست و یەک ساڵ ڕێبەرێکی کاریزما بیت.
ئاخر بەدەم ئاسانە شەست و یەک ساڵ لەنێو ئەم هەموو کێشمەکێشە سیاسییانەدا بەڕێزتان کەڵە ژمارەیەکی چاکسازی و پێکەوەژیان و تەبایی بن.
ئاخر بەدەم ئاسانە شەست و یەک ساڵ پێشەنگ بیت لەکاتێکدا ..
نە بە منداڵی وەکو منداڵی خوا پێداوان لەناو جێگای نەرم و گەرما نوستی، بەڵکو لەسەر حەسیرێک کە دووپشک لەژێریا بوو، بارزانی نە دڵی ڕێیدا دووپشکەکە بکوژێت نە تۆی لەخەوی سەر حەسیرێکی ڕەق هەڵسان.
ئاخر خۆ وەک مناڵانی هەژارانیش نەتتوانی بژی و گەمەکانی مناڵیی ئەوان بکەیت، گیرفانت پڕ بێت لەسەرە سیفۆن و کەلای زەرد و سوور، ئاخر بە زمان ئاسانە منداڵی شۆڕشگێڕ بیت، نەماڵت هەبێت نە ئیسراحەت، هەموو دەم ڕووبەڕووی مردن ببێتەوە و، وەکوچێگڤارا و ماندێلا و ئەنجێلادیڤس بژی.
ئاخر تۆ کوڕی شۆڕشگێرێکی وەکو بارزانیی نەمری، لەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانە و مەردانە و کوردانەیه زیاتر چیت لێ چاوەڕێ دەکرێت؟ ئێستاش بە ڕۆحییەتی لاوێتی لەگۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا ژمارە یەکی بێ هاوتا و ڕکابەر بی، بێ ئەوەی حیساب بۆ ئێوەی بەڕێز بکەن ناتوانن بەردێک لەو ناوچەیە بجووڵێنن، هەموو بە تۆ سەربەرزین، شەست ویەک چەپکە گوڵت پێشکەش دەکەم، گەر ڕێم بدەیت دڵم لەسەر دەستم دادەنێم و پێشکەشی ئەم هەموو سەروەرییانەی دەکەم، چونکە من و میللەتەکەم چاومان لەکۆششە دڵسۆزانەکانی تۆیە، تا بمانگەیەنیتە بەندەری ڕزگاری.
هەموو کوردێکی دڵسۆز نەک ساڵێک لەتەمەنی خۆی بگرە هەموو تەمەنی خۆی دەبەخشێتە ئێوە، چونکە تاکە خۆری ئازادیی ئەم گەلە ستەمدیدەیە لەنێو لەپی حەزرەتی مووسا ئاسای ئێوەوە هەڵدێ. خوا تەمەنی نووحت پێ ببەخشێت.