
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیاندراوێکی لەبارەی فرۆشتنی ئامێری (بلوتووز) کە لە لایەن قوتابییانەوە بەکار دەهێنرێت بۆ کاری (گزی/غەش)کردن و چەند کەسێکیش دەستگیرکران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/5/2023، ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: “دوای ئەوەی لە لایەن وەزیری پەروەردە ئاگادار کراینەوە کە چەند کەسێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەڵدەستن بە فرۆشتنی ئامێری (بلوتووز) کە لە لایەن قوتابییانەوە بەکار دەهێنرێت بۆ کاری (کزی/غەش)کردن، هەروەها بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەتوانن وڵامی پرسیارەکانی قۆناغی پۆلی 12 بەردەست بخەن بەرامبەر بە بڕێک پارە بیدەن بە قوتابییان، بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن تیمەکانمان بە داڕشتنی پلان توانیمان ناسنامەی چەند تۆمەتبارێک ئاشکرا بکەین و بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە ڕێکەوتی 17/5/2023 دەستگیریان بکەین، هەروەها دەست بگرین بەسەر چەند ئامێرێکی جۆراوجۆری (کزی/غەش)کردن، لە ماوەکانی ڕابردووش چەند تۆمەتبارێکی تر لەسەر هەمان تاوان دەستگیر کراون و دراون بەدادگا”.
ئەوەش خراوەتە روو: “لێرەوە قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویست و ئازیزی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو قسانەی باس لە ئاشکرابوون یان بەردەستخستنی وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12 دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە، تەنها ئامانج پارەوەرگرتن و فێڵکردنە لە قوتابییان و خوێندکاران”.
هەروەها ئاسایشی هەولێر ئاماژەشی بەوەداوە: “داوا دەکەین قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویست خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەم ئامێرانە، زور سوپاسی دانیشتووانی خۆشەویستی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکەین کە هەمیشە هەماهەنگ و هاوکار بوونە لە پێدانی زانیاری لەسەر کەسانی تۆمەتبار بە دەزگاکەمان”.