خەبات: رۆشنا عەلی – تریفە ئازاد:- مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی لە شارۆچكەی بارزان بووە هەوێنی كۆكەرەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەرجەم كونسوڵ و دۆستانی بیانی كورد و وڵاتانی جیاوازی عەرەبی و ئەورووپی و ئەمریكی، تیمی رۆژنامەی خەبات لە رێوڕەسمی كردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە ئامادەبوو، بۆ باسكردن لە لایەنە گرنگەكانی ئەم مۆزەخانەیە و گرنگیی هاتنی سەرجەم ئەم كەسایەتییانە بۆ ئەم یادگە نیشتیمانییەی كوردستان، گفتوگۆمان لەگەڵ چەند ئامادەبوویەكی ڕێوڕەسمەكە كرد:

بەرەڤان حەمدی بەرپرسی لقی 18 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی گرنگی مۆزەخانەكە بۆ خەبات گوتی: مۆزەخانەیەكی گەورەیە دەربڕی مێژووی میللەتێكی گەورەیە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر توانی گۆڕانكاری گەورە دروست بكات لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، كێشەی كوردی لە كێشەیەكی ناوخۆییەوە كردە كێشەیەكی جیهانی، لە پێناو سیستەمێكدا كە هەموو پێكهاتەكانی بتوانن ئیدارەی دەسەڵات بكەن، ئەو مۆزەخانەیە شاكارو داستان و دابونەریت و فەرهەنگە كوردەوارییەكانی تێدایە، شێوازی ژیانی پێشمەرگەو رابەری نەتەوەیی گەلی كوردی تێدایە، لە ناوچەی جیاجیا و لەچەند قۆناغی جیاوازی سیاسیدا چ لە ئاوارەیی و دەربەدەری چ لە خەباتی جیاوازی شارو شاخ ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی نەوەكانی ئەمڕۆو داهاتوو بتوانن بەباشی لە زاری خۆیانەوە، لەزاری ئەوانەی لە شۆڕشی كوردی ماندوو بوون و ئەو مێژووە چۆن تۆماركراوە ژیانی ئاساییان چۆن بووە و كەرەستەكانی شەڕیان پێكردووە چی بووە؟ ژیانی ئاساییان چۆن بووە؟ پێموایە ئێرە دەبێتە ناوەندێك بۆ سەردانی زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێت شارەزابن بە شۆڕشی كورد و مێژووی كورد.

بەرەڤان حەمیدی گوتیشی: ئەم دەڤەرە زۆرترین قوربانی داوە و زۆرترین جاریش وێران بووە، تیری دوژمن ڕووی لە كوێ‌ بووە كەواتە ئەوێ دڵسۆزی كێشەی كوردەواری بووە. هاتنی ئەو خەڵكە زۆرەش لەم رۆژە گوزارشتە لەوەی ئەوانیش لە قۆناغە جیاوازەكان بە ئاگابوون لە شۆڕشی كورد و رازیبوون بەو دروشمانەی كە شۆڕشی كوردی هەڵیگرتووە، ئەمرۆ هاتوون و پشتیوانی رابردووی هەنگاوەكانی شۆڕشیان كردەوە، سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆكیان بینیووە كە ئەمە خۆی لە خۆیدا تەواوكەری یەكترییە و تەواوكەری دامەزراندنی شۆڕشی كوردی و پارتی دیموكراتی كوردستانە.

دكتۆر سەلام خۆشناو مامۆستای زانكۆ لەبارەی ئەم رێورەسمەوە بۆ خەبات گوتی: بارزان جیاواز لەوەی گوندێكە، بەڵام بووە مێژوو، ئەو بەشەی كوردستان كە شوێنی لە دایكبوونی بارزانی نەمر و شێخەكانی بارزانە بوونەتە ڕەمز بۆ هەموو كورد و پارچەكانی كوردستان، باشترین بەڵگەش ئەوەبوو هەموو دنیای لێرە كۆكردەوە و هەموویان لێرە ئاماژەیان بە ڕۆڵی بارزان و بارزانییەكاندا بە تایبەتی رۆڵی سەركردەی نەمر مستەفا بارزانی، هەروەها ئەو كۆبوونەوە جەماوەرییە گەورەیەی لێرە دەكرێت بە هۆی كردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی كە گوزارشت لە مێژوویەكی پڕسەروەری سەد ساڵەی كوردستان دەكات، لە چوارچێوەی ئەو مێژووە یڕ سەروەرییە و ئەو دێكۆمێنتانەی لێرە هەیە دەكرێت لە لایەن توێژەران سوودی لێ‌ وەربگیرێت، لەلایەن قوتابیان و مامۆستایانی زانكۆ بۆ ئەوەی بتوانن چەند بەشێك لە مێژووی نەزانراوی بارزان و بارزانییەكان كە لەگەڵ مێژووی كورد لێك جیا ناكرێتەوە بزانن، بۆیە بینیمان سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆك وەزیران ئاماژەیان بەو ڕۆڵە گرنگەدا و سەرۆك بارزانیش هەموو عێراقییەكانی دڵنیا كردەوە، كە كوردستان مەبەستی باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدایە.

دەربارەی ئەوەی كە سەرۆك بارزانی باسی چەند نموونەیەكی نەتەوەیی نێو خەڵكی بارزانی كرد، كە هاوكات ڕەهەندی نەتەوەیی و ئاینی و پەروەردەییان هەبوو، د. سەلام خۆشناو گوتی: رێبازی بارزانی واتە پێكەوە ژیان و نیشتمانپەروەری و چەندین پابەندبوونی دیكە كە ناتوانرێت لە چەند خاڵێكدا كۆی بكەیتەوە، هیوادارین هەموومان پابەندبین بەم ڕێبازە و بتوانین شوناسی كورد لە ڕێگای ئەم ناسنامەیەوە بنیاد بنێین.

د. عیسمەت محەمەد مامۆستای زانكۆ دەربارەی وتارەكەی سەرۆك بارزانی بۆ خەبات گوتی: جەنابی سەرۆك لە باسكردنی نموونەكانیدا مەبەستی ئەوە بوو پێمانبڵێت كە پەروەردە بنەمای ئاوەدانی و ڕێگای ژیان و نیشتمانپەروەییە، ڕێبازی بارزانیش بنەمای پەروەردەیەكی دروستە، من زۆر دڵخۆش بووم بەم نموونە جوانانەی باسی كرد.
د. عیسمەت محەمەد گوتیشی: كردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە هەموومان پێی دڵخۆشین تێكۆشانی كوردمان پیشان دەدات بۆ كورد و بارزانیش، رووداوێكی مێژووییە كە توانییان هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و سەرۆكایەتییەكانی و بەڕێوەبەرانی عێراق و كورد و بیانی بە هەموو رەنگێك لەم شوێنە كۆبكەنەوە.

مامۆستای ئاینی ئازاد مەلا عەلی خانەقینی دەربارەی ئەم مۆزەخانەیە بۆ خەبات گوتی: بینیمان هەموو دەسەڵاتدارانی بەغدا لە هەولێر بوون و لە بارزان بە پەرلەمانتاران لەلایەنی جیاوازەوە هاتبوون، هیوادارم لەوە تێبگەن كە كێشەی كورد چی بووە و هێشتاش چارەسەر نەكراوە، پێویستە شتێك بكەن بۆ ئەوانەی ئەنفالكراون و كۆمەڵكوژ كراون و قەرەبوو بكرێنەوە، كە تا ئێستا مافیان وەرنەگرتووەتەوە و هەندێكیان نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆشیان، بۆیە هیوادارم كاتێك ئەم هەموو زوڵمە دەبینن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بگەنە ڕێكەوتنێك.
مامۆستا ئازاد مەلا عەلی گوتیشی: ئەوەی جەنابی بارزانی لە وتەكەیدا باسی كرد هەمووی نموونەی ئاینی و پەروەردەیی بوون، من پێشتر ڕێبازی بارزانیم خوێندۆتەوە، باوكم مەلای ئایینی بووەو 40-50 ساڵ لە رێكخراوی خانەقین كاری دەكرد، كە دیارە رێبازی بارزانی هەرخۆی رەهەندێكی ئاینییە و هەر لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە پەیڕەو كراوەو هەمان رێچكەیە، مەلای ئاینی زیاتر نەتەوەیی بوون و لە دەوری رێبازەكە كۆبوونەتەوە بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەكەی.

زوهەیلا ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەربارەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی بۆ خەبات گوتی: ڕۆژێكی گرنگ بوو، كە لە بارزان و لە خاكێكی پڕ خەباتی كوردانە، مۆزەخانەیەكی پڕ لە بیرەوەری دەكرێتەوە، هەم خەمبار دەبین و هەم دڵخۆش، هیوادارم ئێمە گەیشتبینە قۆناغێك كە زوڵم و زۆرداریمان لەسەر نەمێنێت و بەرەو كوردستانێكی ئاوەدان هەنگاو بنێین، وتارەكەی سەرۆك بارزانیش وتارێكی زۆرباش بوو كە هەموو لایەنە سیاسییەكان ئامادەبوون و دڵنیام ئەم كۆبوونەوەیەی لێرە كرا، دەبێتە هەوێنی كوكردنەوەی ماڵی كورد و ئاوەدانی بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە.
زوهەیلا گوتیشی: ئێرە جێگایەكە كە دەبێـت هەموو قوتابیان لە قوتابخانەكانەوە بیبینن و مێژوو و سەركردەی خۆیان هەمیشە لە بیربێت و زانیاری لێوە وەربگرن و ئەم دیمەنانە ببینن، تاوەكو بزانن ئێمە لە چ قۆناغێكەوە گەشتووینەتە ئێرە، ئەمە پێویستە هەم وەزارەتی پەروەردە بیكات و هەم وەزارەتی خوێندنی باڵا.

بەرەڤان حەمدی
زوهەیلا یوسف
مامۆستا ئازاد خانەقینی
د. عیسمەت محەمەد
د. سەلام خۆشناو