خەبات: رۆشنا عەلی- بارزان:- لە میانەی ڕێوڕەسمی كردنەوەی مۆزەخانەی نیشتیمانیی بارزانی لە بارزان، رۆزی كەیڤ، كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات رایگەیاند كە بە كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان دڵخۆشە، رۆزی كەیڤ بە خەباتی گوت: پێمخۆش بوو بەشداربووم لە مەراسیمی كردنەوەی ئەم یادگەیە، هیوادارم بتوانم بێمەوە و دووبارە سەردانی بكەمەوە.
كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر لە بارەی پێشكەوتنەكانی پایتەخیتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: بە خۆشحاڵییەوە من لە ناوەڕاستی مانگی یەكەوە هاتووم بۆ هەولێر، تا ئێستا شانسی ئەوەم هەبووە سەردانی شوێنە جیاجیاكانی كوردستان بكەم و كردنەوەی ئەم یادگەیە زۆرباش بوو، دەرفەتێكی باشیش بوو، چونكە ئەم هەموو سەركردەكانی وڵاتان لێرە كۆبوونەوە و گفتۆگۆی باش كرا.
رۆزی كیڤ لە بارەی قوربانییەكانی ئەو كارەساتانەی لەسەردەستی رژێمەكانی پێشووی عیراق بەسەر كورد هاتوون و گیانفیدایی خەڵكی ئەو دەڤەرە، بۆ رۆژنامەی خەبات گووتی: پێموایە باشترین شت ئەوەیە ئێمە پرسیار لە خۆمان بكەین ئایا ئەو ئازیزانە چیان لێهات و خێزانەكانیان چیان لێهات؟ دەبێت ئەمە ببێتە وانەیەك بۆ ئەوەی جاریتر شتی وا دووبارە نەبێتەوە، چونكە ئەم ئەنفالە كاریگەری زۆری هەبوو، هاووڵاتی زۆر لەناو چوون، بۆیە كۆبوونەوەی ئەم هەموو سەكردەو حزبە لێرە، خۆشحاڵبووین و پێویستە هەمووان لەسەر مێزی گفتۆگۆ كۆببنەوە و كێشەكان چارەسەر بكەن.