خەبات: تریفە ئازاد:- دڵشاد شەهاب راوێژكاری باڵای سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: پەیامەكەی سەرۆك بارزانی پەیامێكی گرینگ بوو، گۆڕانكاری گەورەش لە ئەمڕۆی سیاسی هەرێمی كوردستان ڕوودەدات، بەتایبەتی لە پاش ئەم ئاڵۆزی و لەیەكتر دووربوونەی لە نێوان لایەنەكان دروست بوو، لەسەر پرسی هەڵبژاردن و هەندێك پرسی تر.
دڵشاد شەهاب گوتیشی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندینجار لە ماوەكانی ڕابردوو دووپاتی ئەم گوتارەی كردۆتەوە كە هیچ ڕێگایەكی تر نییە جگە لەوەی دەبێت بەیەكەوە دابنیشن و بەیەكەوە گفتۆگۆ بكەین، چونكە كۆمەڵێك تەحەدیاتی زۆر گەورە لەبەردەمی هەرێمی كوردستان دایە، بە تایبەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رێكخستنەوە نێو ماڵی كورد و ڕووبەرووبوونەوەی ئەم گۆڕانكارییانەی كە ئێستا لە عێراق لە ئارادان، بە تایبەتی لەسەروبەندی گفتۆگۆكردنی بودجەی نیشتیمانی و كۆمەڵێك پرسی تر هەن، كە یەكڕیزی گەلی كوردستان و هاوهەڵویستی لایەنەكانی پێویستە، بێگۆمان پێگەی هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر دەكات، هەمیشە لە ڕابردووشدا لە قۆناغەكانی پێشوودا گوتاری جێگیرو سابتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە.
لەبارەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لایەنەكان دڵشاد شەهاب ڕایگەیاند: دەبێ ئەم دەستپێشخەرییەی جەنابی سەرۆك بارزانی كردی، هەمووان بەسەرجەم دامەزراوەكان و سەرجەم لایەنەكان هەوڵ بدەین كە تەرجومەی واقیعی بكەین و هەنگاو بنێین بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆبوونەوەیە، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانەش بەزووترین كات دەبێت كارێكی جدی لەسەر بكەین، چونكە تەنیا ڕێگای دورست هەر ئەمەیە، كە دەبێت هەموو حزب و لایەنەكان دابنیشن و گفتۆگۆ بكەین بۆ ئەوەی ئەم بەستەڵەكە سیاسییەی هەیە نەمێنێت و كێشەكان چارەسەر بن.