تیمی خەبات: رۆشنا عەلی – تریفە ئازاد – بارزان:- بەهرام عەریف یاسین ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: جەنابی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەع و ڕێبەر ئەوەی لەسەرشانی بوو بۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان و تێكڕای حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان باسی لێوە كرد، جەنابی سەرۆك فەرمووی ئەوەی لەسەر شانی من بوو بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگییەكی تر و یەكگوتاری پەیدا بكەین، پێویستە حزبە سیاسییەكان واز لە بەرژوەندییە حزبییەكان بێنن و پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان ئەولەویەتی هەموو لایەكمان بێت، ئەمەش جێگای دڵخۆشییە و هیوادارین هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بەدەم ئەم داواكارییەی سەرۆك بارزانی بێن.

بەهرام عەریف یاسین گوتیشی: زۆربەی هێزو لایەنە سیاسییەكان بەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك بازرانی خۆشحاڵن و ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە، مەكتەبی سیاسی پارتیش پشگیری پەیامی سەرۆك بارزانی دەكات، ئەوەی بینیمان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانیش دڵخۆشن و پاڵپشتییەكی باش هەیە لە لایەن ئەوانەوە بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی، هیوادارین لە داهاتوو شاهێدی یەكڕیزی گەلی كوردستان بین بۆ ئەوەی بتوانین دەستكەوتەكان بپارێزن.

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دەشڵێت: ئەم دیدگەیە بووە هۆی كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكان و بەشداری سەركردە عیراقییەكان و نوێنەر و دبلۆماتكارانی نێودەوڵەتی جێگای دڵخۆشییە، بۆیە ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پشگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین و هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەولەویەتی بەهێزكردنی كوردستان و پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەمەش نیشانەی ئەوەی كۆبوونەوەی هەموو هێز لایەنە سیاسییەكانی عیراق و هاوپەیمانان، نیشانەی سەنگ و قورسایی هەرێمی كوردستانە لە ناوخۆی كوردستان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش، ئەم بارودۆخەی ئێستا ئەوەمان لێدەخوازێت هەموومان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین، دەبێت كێشە نێوخۆییەكان وەلابنێین و بۆ وڵاتێكی ئاوەدانتر هەنگاو بنێنن.