دیمانە-مسلم دۆلەمەری:
ماوەی چەند سالێكە لە كوردستان جۆرەها وەرزش پەرەی سەندووە و ژمارەیەكی بەرچاویش لەوەرزشدۆستان ڕوو لەهۆلەكانی وەرزشی دەكەن، وەرزشی مەلەوانیش یەكێكە لەو وەرزشانە، كەڕۆژ بە ڕۆژ لە كوردستان بەرە و پێشوەچوون دەچێت، بۆ زیاتر گفتوگۆكردن لەسەر ئەم بابەتە ڕاهێنەری وەرزشی مەلەوانی (یاسر بامەرنی)مان هێنایە دووان و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە..
*سەرەتا یاسر كێیە و كەی دەستی بەكاری ڕاهێنەری مەلەوانی كردووە؟
– من ناوم یاسر محەمەد تاهر ناسراوم بە یاسربامەڕنی و لە باژێری دهۆك ژیان بەسەردەبەم، كۆلیژی وەرزشیم تەواوكردوە و هەروەها ماستەریشم هەیە لەبواری وەرزشیدا لە زانكۆی دهۆك، لەساڵی 2012 وەك ڕاهێنەری مەلەوانی دەستبەكار بوومەو بەشێوەیەكی ئازادانە كارمكردووە، ئێستاش بەشێوەی فەرمی ڕاهێنەرم لەئەكادیمیای زانكۆی دهۆك.
*حەزی لاوانمان بۆوەرزشی مەلەوانی چۆن دەبینی و بەشداربوانی مەلەوانی زیاتر كورن یا كچ ؟
– بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژبەڕۆژ حەز و ئارەزووی لاوانمان بۆ جۆرەها وەرزش لە زیاد بووندایە وەرزشی مەلەوانیش یەكێكە لەم وەرزشانەی كەزۆربەی وەرزشدۆستان رووی تێدەكەن لەهەردوو ڕەگەزەوە، دەتوانم بلێم كوڕان وكچان تەواوكەری یەكترن لەم وەرزشەدا بەتایبەت كچەكانمان .
* وەرزشی مەلەوانی كەمێك‌ مەترسی هەیە بۆسەر ژیانی وەرزش دۆستان مەرجەكانتان چین بۆ بەشداربووان؟
-بەلێ‌ بێگومان مەرجەكانی وەرزشی مەلەوانی جیاوازترە لەگەل وەرزشەكانی تر، چونكە زۆرجار مەترسی بۆسەر گیانی یاریزنەكە دروست دەبێت، بۆیە دەبێ‌ رێنمایەكانمان جێ‌بەجێ‌ بكرێن بۆ ئەوەی گیانی هەمووان سەلامەت بێت، ئەویش وەك لە بەركردنی جل وبەرگی تایبەت و دەرنەچوون لە ڕێنمایەكانی ڕاهێنەران بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان ڕۆیشتووە كە بەمەبەستی چارەسەری تەندروستی سەردانمان دەكەن .
*ڕاهێنەرایەتی چەند جۆرە مەلەوانی دەكەن؟
-ئێمەڕاهێنەرایەتی چوارجۆر وەرزشی مەلەوانی دەكەین، بەلام ئەوەی لەهەموویان زیاتر بەكاری دەهێنین مەلەوانی سەربەستە وەك مەلەوانی سینگ، پشت هەروەها ڕاوەستان لەنێو ئاودا چونكە شێوازەكانی تر كەمێك قورسترن و ماوەی زیاتریشی دەوێت بۆ فێربوونی وەرزشدۆستان بۆیە وەرزش دۆستانیش زیاتر مەلەوانی ئازادیان دەوێت ..
*لەدهۆك تا چەند گرنگی بەوەرزشی مەلەوانی دراوە و هەروەها یانەی تایبەت بەوەرزشیتان هەیە؟
-بەلێ‌ لە دهۆك چەندان مەلەوانگەی سەردەمی و ستانداردمان هەیە وەهەروەها بەدەیان یاریزانی مەلەوانی سەركەوتوومان هەیە لەهەردوو ڕەگەزەوە، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا یانەی تایبەت بەوەرزشی مەلەوانیمان نییە، داواكارم زیاتر گرنگی بەوەرزشی مەلەوانی بدرێت و یانەی تایبەتیش بۆئەم وەرزشە بكرێتەوە.