سوورە مەرگەیی
کردنەوەی مۆزەخانەی بارزان لە گوندی (بارزان)ی مەڵبەندی شۆڕش و دیرۆکی رابوونێکی بەردەوام، کردنەوەی مۆزەخانەیەکی ئاسایی نییە، هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی زیاتر لە سەدەیەک شۆڕشگێڕی و رابوون و بەرخودان، مێژوویەکی لێوانلێوە لە بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و سیاسەتی داگیرخوازی، بیرخستنەوەی رووداوگەلێکی پڕ لە دەستکەوت و سەروەری و ئازایەتییە، روانینێکە بۆ دادپەروەری و هاوسەنگی لە ئەرک و مافدا، ژینگەیەکە لە لێبوردەیی و هەڵکەندنی گیاکەڵەی خۆ بە زلزانین و لێکترازان، رابردوویەکی پڕ لە جوامێری و ئازایەتییە.
کاتێک چاو بەناو مۆزەخانەی (بارزان)دا دەگێڕی، چی دەبینی؟ ئەوە پوختەی پرسیارەکەیە و دەرکەوتنی گەورەیی مۆزەخانەکەش لە وەڵامەکەی دایە، لە یادگەی بارزانیی نەمردا لەگەڵ هەر چاوترووکانێکدا: بارزانیی نەمر و چیا و سەنگەری بەرگری لە کوردستان، هەڵکشان بەرەو لوتکەی کوردایەتی و ئیرادەی شۆڕشگێری، زنجیرەیەک شۆڕش و رابوون و بەرخودان، رەتکردنەوەی زوڵم و ستەم و سیاسەتی داگیرکاری، بەڵێنی نەسرەوتن تا سەرکەوتن بە بەر چاوتدا گوزەر دەکەن.
بە پێی بەڵگە و سەرچاوە مێژووییەکان، گوندی بارزان لەسەر دەستی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان شازدە جار سووتێنراوە، ئامانج لەو سووتاندن و کاولکردن و تەختکردنە، لەناوبردنی ئیرادەی کوردایەتی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و بەرخودان بووە، بۆیە ئەگەر ئەو گوندە نازناوی پایتەختی کوردایەتی و بەرخودانی پێنەدرێ، ئەوا غەدر لە مێژووی پڕ سەروەری و رابوونە بەردەوامەکانی ئەو گوندە و ئیرادەی شۆڕشگێڕیی شۆڕشگێڕان و بڕیاری (یان کوردستان یان نەمان)ی بارزانیی نەمر و رێبوارانی رێبازەکەی دەکرێ.
دیداری مۆزەخانەی بارزان هەڵگری دوو پەیامە، یەکەمیان:ــ بیرخستنەوەیەکی مێژووی ستەمکاری و وەحشیگەریی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانە، دووەمشیان:ــ بەردەوامی و کۆڵنەدان و خۆ نەچەماندنی بارزانیی نەمر و بارزانییەکانە، لە پەیامی یەکەمدا، بە دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان دەگوترێ: هیچ هێز و زەبر و زەنگێک، کورد دەستبەرداری ماف و ئازادییە نەتەوەیی نیشتیمانییەکانی ناکات؛ لە پەیامی دووەمیشیاندا، بە کوردپەروەر و شۆڕشگێڕان دەگوترێ: ئەوە بەری رەنجی خەبات و قوربانیدانی ئێوەیە و، پاراستنیشی ئەرکی سەر شانی هەموو کوردێکە و، هەر کوردێک بە هەر پاساو و بیانووێک خۆی لە پاراستنی دەستکەوتەکان بدزێتەوە، خیانەتە بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتییمانییەکان.
خاڵێکی تر کە لەو یادگەیە و لە پایتەختی کوردایەتی و بەرخودان و لەسەر مەزاری بارزانیی نەمر ئاماژەی پێدرا و پێویستە تیشکی بخرێتە سەر، ئەوەبوو سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا وەک خستنەڕووی ناوەرۆکی رێبازی بارزانیی نەمر ئاماژەی پێدا، دین و نیشتیمان و تێکۆشان لە دژی زۆردارانی بە فەرز زانیوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان لەژێر چەتری کوردایەتی و سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی زۆرداری، گرنگی و زەروورییەتی کۆدەنگی و هاوهەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتیمانی، وایکرد سەرۆک بارزانی لەو یادگەیە بانگەوازێک ئاراستەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکا و داوای یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی نیشتیمانییان لێبکات، دەبێ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش ئەو راستییە بزانن، کە سەرۆک بارزانی بەو بانگەوازەی، هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی خستنە ژێر بەرپرسیارێتیی نیشتیمانی، بارزانیی نەمر و پێشەوا قازی و شێخ سەعیدی پیران و کوردپەروەرانی هەر چوار پارچەی کوردستانیش، چاودێرن بەسەر ئاستی بە دەنگەوەچوونی حزب و لایەنە سیاسییەکان، کە تا کوێ بەدەنگ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانییەوە دەچن، هەر لایەنێک خۆی لەو بەرپرسیارێتییە نەدزێتەوە و بەدەنگ بانگەوازەکەوە بچێ، ئەوا گرەوی مێژوو دەباتەوە، بە پێچەوانەوە هەر لایەنێکیش خۆی لەو بەرپرسیارێتییە بدزێتەوە و بە دەنگ بانگەوازەکەوە نەچێ، ئەوا دەکەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو.