دیمانە: خەبات
پێشەکی
لە مێژووی پێشکەوتنی مرۆڤدا، بەر لە داهێنانی خەت، هونەر ئامرازێکی ڕاگەیاندن بووە، بە تایبەتی وێنەکێشان ئامرازی ئاخاوتن و گەیاندنی پەیام بووە، ئێستاش پەیوەندیی نێوان هونەر و ڕاگەیاندن پەیوەندییەکی ڕیشەیی و ماناییە. بەو ڕوانگەیە، ڕۆژنامەی خەبات لە گەڕان بە دوای بژاردەی ڕەسەندا لاپەڕەکانی خۆی بۆ ناساندنی کەسایەتییەکی هونەریی کوردستان تەرخان کردووە، که جگە لە ڕەهەندە هونەرییەکەی، کەسێکی خوێندەوار، ژیر، وردبین و سەنگینی کوردە. ئامانج لەم دیمانەیە، جگە لە ناساندنی کەسایەتی هونەرمەند لە کەشێکی دۆستانەدا، گرینگیدانە بە نوخبەیەکی شاراوەی کورد بۆ ئەوەی هزر و ڕوانین و پێشنیارەکانی سەرمایەیەکی ڕاستەقینەی کوردستان بڵاو بکرێنەوە. گرینگی ئەم دیمانەیە لەوەدایە که قسەکردنەکە دەچێتە قالبی بابەتێکی زانستی و هونەری و لە داهاتوودا هەر یەک لەو پرسیار و وەڵامانە لە لایەن خودی هونەرمەندەکە دەبنە بابەتی نووسینی ڕۆژنامەیی. میتۆدی نووسین وەسفێکی چییەتی و چۆنییەتی بابەتییە لە ڕێگەی دیمانەی ڕاستەوخۆ؛ بەشێکی دیمانەکە تایبەت و ئازادە و هەندێک جار وەڵامێک پرسیارێکی نوێ ساز دەکات؛ بەڵام بەشەکانی دیکە بە گوێرەی پسپۆڕییەوە بە شێوەی زنجیرەیی پرسیارگەلێکی ڕێکخراو و پۆلێن کراون. لە ڕووی ڕێکخستنەوە، چاوپێکەوتنەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەم، تایبەتە بیوگرافی و چەند لایەنێکی ژیانی تایبەت بە هونەری؛ بەشی دووەم، بە شێوەیەکی پسپۆریانە تایبەتە بە زانستی هونەر؛ بەشی سێیەمیش پرسیار و وەڵامی بابەتین.

بیوگرافی
سەعادەت مووسا شێروانی، ناسراو بە سەعادەت خانمی بارزانی، لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێری کوردی خەڵکی ناوچەی مێرگەسوور، لە ئاوارەیی ئێراندا، لە شاری دلیجانی ئوستانی ئەراک، لەدایک بووە. بەڕێزیان سەختی و ناخۆشیی ژیانی ئاوارەیی کردۆتە هەلێک بۆ خۆپێگەیاندن و دواجار بە دەستی و مێشکێکی پڕ گەڕاوەتەوە کوردستان. ئەو لە ئێران خوێندوویەتی و دەورەی تایبەت بە هونەری نیگارکێشی لە زانکۆی (سوورە)ی تاران تەواو کردووە. دوای گەڕانەوە بۆ کوردستان بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی لە هەولێر وەرگرتووە. ئێستاش لە قۆناغی ماستەر لە زانکۆی (سوورە)ی تاران وەرگیراوە.
سەعادەت خانم، جگە لەوەی دەستی هونەرییەکەی دەستی پەرییانە و نەقاشێکی وردەکار و بە توانا و خاوەن ئایدیایە، لە واری فەلسەفەی هونەر، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، مێژوو و ڕەوتی هونەریش لە جیهاندا، قووڵ بۆتەوە. هەروەها لە پەنا کاری هونەری بۆ ئەدەبیاتیش کات دادەنێت و لە زمان و ئەدەبیاتی فارسیدا شارەزایی هەیە. ئەو لە هونەری گوڵدووری و پەروەردە و بەخێوکردنی زانستیانەی منداڵ شارەزایە و هەروەها ڕاهێنەرێکی باشی مەلەوانییە و سەدان کەسی بەبێ بەرانبەر فێری مەلە کردووە. بەڵام ئەو زیاتر بە ڕوانین بۆ داهاتووی وڵات بە ئامرازی هونەر خزمەت بە ئامانجە مرۆڤایەتییەکان و سەعادەتی نەتەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەی دەکات. لە هەمان کاتدا لە ڕووی جوانناسی خزمەت بە پێشکەوتنی هونەری مەحزش دەکات. ئەو وەک هونەرمەندێکی ڕەسەن هەموو ژیان و کاتی خۆی بۆ هونەر تەرخان کردووە و کەمتر لە ژوورەکەی خۆی دێتە دەرەوە. شایانی باسە، هونەرەکەی بۆ خۆ هەڵکێشانی کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی ئیمتیاز و پارە بە کار نەهێناوە. بە جۆرێک زۆر لە تابڵۆکانی بەبێ ناو و واژۆ بڵاو بوونەتەوە و داهاتی بەشێک لە کارە هونەرییەکانیشی بۆ منداڵانی شێرپەنجە تەرخان کردووە. بەڕێزیان چونکە نوخبەیەکی هونەری و هزرییە بە پێویستمان زانی باشتر بیناسێنین دەنا ڕۆژنامەی خەبات تێکۆشان و خەباتی ئەو خانمەی لە دەمی خۆی نەبیستووە، بەڵکوو زانیاری لاوەکین کە وەدەست ڕۆژنامەکەمان کەوتووە.

سەری قسە
زۆر سوپاستان دەکەین کە داوای ئێمەتان بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی پسپۆڕی قەبووڵ کرد و بە وتە زانستییەکانت لە دەوڵەمەندکردنی ڕۆژنامەکەمان بەشدار بووی.
پرسیاری تایبەت
– پێش هەر شتێک با بزانین بۆچی خۆت لە چاو و زاری ڕاگەیاندنەکان دەپارێزی؟
لەبەر ئەوەی هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان ئامانجی زانستی و هونەرییان نییە و لە جیاتی پرسیاری بابەتییانە، زیاتر دەتخەنە لاڕێ و لە پەراوێزدا تەنانەت پرسیاری ژیانی تایبەتیش دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو کەسەی دیمانە دەکات دەبێ کەسێکی شارەزا بێت لە بوارەکەدا.

– لە زاری خۆتەوە پێمان بڵێ، ئێمە و خوێنەران سەعادەتی ناسینی کێمان بە نسیب بووە؟
من سەعادەتم. سوپاستان دەکەم کە تریبوونی خۆتان داوەتە بەناو هونەرمەندێک. لە ڕاستیدا، من خۆم بە هونەرمەند نازانم، بەڵکوو تەنیا هونەرخوازێکم کە لە خوارەوە سەیری کێوی بەرزی هونەر دەکەم و بە جوانی ئەو کێوە دەبینم، بەڵام هێشتا هەر لە دامێنی کێوی هونەر دەخولێمەوە و لەو دامێنانە کەلک وەردەگرم، لە هەمان کاتدا دەمەوێ لەو کێوە سەرکەوم. زۆر جاریش بەرەو بەرزایی چووم و تێچووم، بەڵام شکستیش هەر بە جوانی دەبینم و پێم وایە خۆشبەختی شتێکی ئاڵۆز و سەیر نییە، بەڵکوو خۆشبەختی هەمان ئەو تەفاهومەیە کە لەگەڵ شکان و تێچوونیشدا دەیبینی. واتا، باوەش بە شکستدا کردن.

– سەعادەتمەندی؟
ئەو دەمە سەعادەت لە خۆمدا دەبینم کە خۆشبەختی بۆ ئەوانیتر بگوازمەوە.
ژیانی هونەری
– کەی، چۆن، لە کوێ، بە یارمەتی کێ بەرەو باغی هونەر چوون؟
ڕاستییەکەی، پێشتر لە ئێران وەک تەفریح حەزم لە هونەر بوو و کارم لەسەر دەکرد. دواتر لە قۆناغی دواناوەندیدا یەکەمین پێشانگەی گرووپیمان لە قوتابخانە کردەوە و 5-6 تابلۆم لەوێ خرانەڕوو. بەڵام 10 ساڵە بە شێوەی پیشەیی کاری هونەری دەکەم. جگە لە مامۆستای وانەی هونەر لە قوتابخانە، مامۆستاکانی دەرەوەی قوتابخانە زۆر یارمەتیان دام. لەگەڵ ئەوەشدا باشترین مامۆستای من باوەڕەکانی خۆم بوون. ڕەنگیش ڕەگی ژیانمی گرت و زیاتر منی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. هەر لە سەرەتای ژیانمدا حەزم لە قەڵەم ڕەنگ بووە. ئێستاش ڕەنگ و بۆنی قەڵەم ڕەنگ یاری لەگەڵ ڕوح و ڕەوانم دەکەن.

– ئاوارەیی چی لێ سەندی و چی پێدای؟
ئاوارەیی ماویەک وڵاتی لێ ستاندین و هەستی بیانی بوونی پێداین، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەڤینی وڵاتیشی زیاتر پێ بەخشین. بە هۆی ئاوارییەوە ئێستا تینووی ناسینی زیاتری وڵاتی خۆمم. کاتێک مرۆڤ دەگلێ گرینگ ئەوەیە هەستێتەوە، منیش لە ئاوارەییدا ویستم هونەر و جوانی وڵاتی ئێران وەرگرم و لەگەڵ خۆم بیهێنمەوە و لەناو کۆمەڵگەی خۆمدا بیگونجێنم بەبێ ئەوەی توخمە فەرهەنگییەکانی کوردی بزر بکەم.

– مەیدانی پەروەردەیی خانەوادە چ کاریگەرییەکی لەسەر کەسایەتی ئێوە هەبووە؟
بنەماڵە هەمیشە ناتوانێ ڕۆڵی لەسەر دروست بوونی ئیستیعدادی منداڵ هەبێ. بە تایبەتی خانەوادەکانی ئێمە کە زیاتر کلاسیکن، لە دروست بوونی کەسایەتی مۆدێرندا ڕۆڵی کەمتریان هەیە. بنەماڵەکەم تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی باشیان هەبووە لە پێگەیاندنی من و گوێگری باش بوون و هیچ کات دژی ڕای من نەبوون و قەتیش ڕێگرییان لێ نەکردووم. هەروەها بەدواداچوونیان بۆ سەرکەوتنەکانم هەبووە و ئێستاش بوونەتە پشتیوانی سەرەکیی من. لە نێوانیاندا باوکم زیاتر لە هەمووان پشتیوانی لێ کردووم. دایکیشم یەکەمین قەڵەم ڕەنگ، کە نرخی گران بوو، بە قیست بۆی کڕیم و ئێستاش ماومە… . لە بیرم نەچێ، دایکم هەستی تاریخی هونەری زۆرە و لە کۆنەوە گرینگی بە فەڕشی دەستکرد دەدا، گوڵدووری دەکرد، کاری چنینی بۆ ماڵی خۆی دەکرد و گرینگی بە کاری دەستیش دەدا.

– قوتابخانە و خوێندن چەندەی کاریگەری لە ئاراستەکردنی ئێوە هەبوو؟
سیستەمی فێرکاری زۆر گرینگە و ئەوەی بە بنەماڵەی سوننەتیی ناکرێ بە سیستەمی فێرکاریی مۆدێرن دەکرێ. دایکم کە خوێندەواریشی نەبوو کاتێک دەهاتە قوتابخانە، پێش ئەوەی لە وانە و دەرەجەکانم بپرسێ، لە چۆنییەتی پەروەردەی ئێمەی دەپرسی. لەبیرمە مامۆستای وانەی پەروەردە، ئۆفیسی تایبەت بە خۆی هەبوو. لە سیستەمی پێشکەوتوودا وانەی هونەری وانەیەیەکی گرینگە. ئێمە لە قوتابخانەکانی ئێران وانەیەکمان هەبوو بە ناوی هونەر. هەروەها وانەی پیشەمان هەبوو کە کاریگەریی زۆری لە سەر ئێمە دانا. مامۆستای هونەر و کتێبی هونەر فێری کردین کە جوان بنووسین و نیگارکێشان فێر بین و لەوێوە منیش توانای خۆم دۆزییەوە. بە جۆرێک کە لە پێشبڕکێی هونەریدا لە نێوان قوتابخانەکانی شار و پارێزگادا هەمیشە یەکەم دەهاتمەوە.

– کەسایەتی نموونەیی لای ئێوە کێیە؟
هونەرمەندی ناودار (ئیران دەرروودی) سەرلەبەر جیهانبینی و ژیانی منی گۆڕی. ئەڵبەتە هونەرمەندبوونی ئەو کاریگەری پتری لەسەر من هەبوو نەک هونەرەکەی. ئەو هیچ شتێکی بە دێو نەدەدیت، بەڵکوو هەموو شتێکی بە سادەیی و جوانی دەدیت. تەنانەت سەختییەکانی ژیانیشی بە جوانی دەدیت. ئەو دکتۆرای لە مێژووی هونەر لە پاریس وەرگرتبوو، کەچی قەت باسیشی نەدەکرد، بەڵام هەمیشە شانازیی بە ڕیشەکانی خۆیەوە دەکرد. بە سەرنجدان لە وشەی ڕیشە لە لای ئەو، لە ژووری خۆمدا گوڵدانی شووشەییم داناون بۆ ئەوەی بەردەوام ڕەگ و ڕیشەی گوڵەکانم لێ دیار بێت.

– کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی کام کتێب؟
کتێبگەلێکی زۆر کاریگەرییان لە سەر من هەبووە. وەک پێویستی، کتێبی پەیوەندیدار بە بەشی خۆم زیاتر خوێندۆنەتەوە. کتێبی (سی هەزار ساڵ هونەر) و کتێبی (مێژووی هونەر) لە نووسینی ئێرنێست گەمبریج و کتێبی (لە مەودای دوو خاڵ) نووسینی ئیران دەررودی زۆر کتێبی باشن و پێشنیار دەکەم وەربگێردرێنە سەر زمانی کوردی.

– بۆ لە ناو هەموو هونەرەکان چوویەتە ناو وێنەکێشان؟
هەندێک جار هونەر بڕیار لە چارەنووسی هونەرمەند دەدات. من نیگارکێشانم هەڵنەبژاردووە، بەڵکوو ئەو منی ڕاکێشاوە. زۆر جار شەرم لە قەڵەم ڕەنگەکانم دەکەمەوە و داوای بووردنیان لێ دەکەم چونکە پێم وایە ئەگەر لە دەستی هونەرمەندێکی باش دەبوون بەرهەمی باشتریان لێ دروست دەبوو.

– کام هونەری دیکە کاریگەری لە سەر بەڕێزتان هەیە؟
هونەری شانۆ زۆر کاریگەری لە سەر بیرکردنەوەی من هەیە و بە دایکی هونەری دادەنێم. هەروەها ئارەزووم بوو نۆژەن کردنەوەی شوێنەواری کۆن بخوێنم؛ پێم وایە تێیدا سەردەکەوتم. هەست دەکەم توانام لە هونەرەکانی دیکەدا نیە. وەک حەز، سێتار و هەنگدرامم زۆر پێخۆشن.

– دەتوانی لەبارەی مامۆستاکانت بدوێی؟
پێم خۆش بوو لە وڵاتی خۆمدا مامۆستایەکم هەبا کە جگە لە زانست و هونەر ڕوحیشی پەروەردە کردبام. خۆزگە قوتابی هادی زیائودینی بام و خاکی ئاتیلەی ئەوم خواردبا. ئەوەی کە ئەلفبای هونەری فێر کردم و هەمیشە ڕێزی باوکمی هەیە مەلا حوسێنی خەڵکی مەحەلات بوو. یەکێک لە باشترین مامۆستاکانیشم ڕێزدار ڕەحیم نەوەسی بوو. کاک فەریبۆرز فوومەنی کە هونەرێکی بەرز و بەرینی هەیە یەکێکی دیکەیە لە مامۆستا بەڕێز و بەرزەکانم. بە شانازییەوە بڕوانامەی مومتازم لەم مامۆستا بەڕێزانەم وەرگرتووە.

– مێدیومەکانی تەکنیکی تابڵۆکانت لە چی پێکهاتووە؟
زیاتر ڕەنگی ڕۆنی (Oil Colors) و بووم / کانڤاس (Canvas) بەکار دێنم. لە سێ ڕەنگی زەرد و سوور و شین، کە ڕەنگی سەرەکین، و ڕەش و سپی، کە ڕەنگی خاڵین، دونیایەک ڕەنگ دروست دەبن، بەو ڕەنگانە جۆرەها ڕەنگی پەمەیی و ڕەنگی دیکە دروست دەکەم.

– ڕەنگ چ واتایەکت دەداتێ؟
کاتێک لە بەرانبەر بوومی سپی دادەنیشم ئەو بوومە سپییەش بە مەعشووق دادەنێم و هەست دەکەم پێم دەڵێ وەرە لە ناو مندا لەدایک بەوە. ڕەنگ بۆ من مانای عاشقە و بووم مانای مەعشووقە و من لەو نێوانەدا تەنها ڕۆڵی موتوربەکردن و پەیوەندسازیم هەیە.

– بەپێی ئەو بنەمایانە، ڕەنگی کێ بە تابڵۆکانتەوە پتر دیارە؟
من زۆر ڕەنگی کاشیکاری و میعماری سەردەمی سەفەوی و زەندییە و قاجارییە بەکار دێنم. ڕەنگی نەقاشانی سەردەمی قاجار بە تابڵۆکانمەوە پتر دیارە، چونکە ئەو ڕەنگانە هەڵگری سەدان قسەی مێژوویین. ڕەنگی فەڕشی کوردیش، کە لە سروشتەوە وەرگیراون و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە سەر مرۆڤ هەیە، زیاتر ڕەنگی پەتین و نزیکن لە ڕەنگەکانی سەردەمی قاجار و هونەری دەورانی قاجارییە.

– بەگوێرەی پێناسە، ئاگایی، ئەرک و حەزی خۆت بۆ پێشکەوتن، ستایل و کەشی هونەریتان چ شێوازێکە؟
لە ناو بەرهەمەکانی پێشوومدا کلاسیک و ریالیزم وەک پێوەری هونەر لەناو کارەکانمدا بە ڕوونی دیارن و جگە لە ڕەنگ لەناو هەستیشمدا ئەو ستایلە جوان دیارە. دواتر لە ڕێگەی ڕەنگ ئەو ستایلەم وردەوردە مۆدێرنیزە کردووە. خۆم لە کاری سەمبولیسمیش داوە، چونکە سەمبولیسم منی هەڵبژاردووە و لەو حاڵەتەدا پێگەی کۆمەڵایەتی و جوگرافیا بڕیارم بۆ دەدات و ناچارم وەک ئەرکێک ئەو کارە بکەم. وەک کوردێکی ئەرکناس لە ڕێی ئەو ستایلەوە شوناسی پێشکەوتنخوازانەی نەتەوەکەم دەکەمە هێما. بەڵام وەک ئەرکێکی پێشکەوتنخوازانە چەندین کاری سووررێئالیشم هەنە و یەکێک لەو کارە سووررێئالانە تابڵۆی خانزادی سۆران و مەستوورەخانمی ئەردەلانە. هێشتاش دەبێ لە حەماسەوە زیاتر بەرەو سووررێئالیزم بڕۆم.

– دەتوانی لەبارەی دوایین پێشانگەی خۆت بدوێی؟
دوایین پێشانگەم، لە 24/9 ڕۆژی لەدایک بوونم، لە یادی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەولێر لە ساڵی 2019 بوو. لای من ڕۆژی لەدایک بوون ئەو ڕۆژەیە کە سوودبەخش بوونی خۆت ببینی. لەو پێشانگەیەدا هەستم کرد منیش دەتوانم بەسوود بم هەرچەندە سوودەکە کەمیش بێت. پێشانگەی تاکە کەسی، کە کارێکی ئەستەمە، هێزی باوەڕبەخۆبوون دەداتە مرۆڤ. لە ڕووی ناوەرۆکەوە ئەو پێشانگەیە نزیک کردنەوەی سیاسەت بوو لە کۆمەڵگە و جوانی و مانا. بەشێکی زۆری تابڵۆکان، لە تەنیشت کاری سەمبولیکی وەک تابڵۆی سێ ڕێبەری سەربەخۆخواز (مەلا مستەفای بارزانی، کاک ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعوود بارزانی)، سووررئال بوون کە هەستی دەروونی وێنا دەکرد.

– ئامانجت لە هونەر چییە و چ دەنگێک لە تابڵۆکانت دێت؟
هەموومان کاتێک لەدایک دەبین حەزمان لە دروست کردن و سازکردنە؛ لەو منداڵەی کە شتێک دروست دەکات، ئەو دایکەی کە چێشت لێدەنێت و ئەو داپیرەی کە بە میلە شتێک دەچنێ، ئەمە هەمووی بە واتای ئەوەیە کە هەموومان تینووی سازکردنین. تەنانەت هەنگ و مێروولە و سەدەف و جاڵجاڵۆکەش هونەرێکیان هەیە. لە ناو ئاژەڵدا سروشت بڕیار لە کاری ئاژەڵ دەدات، بەڵام لە ناو مرۆڤدا ئەوە مرۆڤە کە بڕیار لە سەر سروشت و ژیان دەدات. مرۆڤ بە بیرکردنەوە بەرەو پێش دەچێت، لێرەدایە کە هونەر مرۆڤی عاقڵ و نامرۆڤ لێک جیا دەکاتەوە. لەو بەینەدا، ئامانجی گرینگی هونەرمەند ئەوەیە کە مرۆڤ لە نامرۆڤ جیا بکاتەوە. ئامانجی منیش گواستنەوەی هەست و خەیاڵ و تێگەیشتنە لە دیاردەکان بە زمانێکی کوالێتی جیاواز. بەردەنگ دەبێ بڵێ لەو تابڵۆیانەوە گوێی لە چ دەنگێک دەبێت. خۆت چ دەنگێگت لێیان بیست؟

– تا ئێستا چ گۆڕانێک لەناو پەیامەکانتدا هاتوونەتە ئاراوە؟
خوێندنەوە و ناسین و ئەزموون، تێگەیشتنی نوێ دەخوڵقێنێ و تێدەگەی کە دەتوانی کاریگەرییەکی قووڵتر و زیاتر دابنێی. دیدگەی من پێشتر تەنها ڕەهەندی تەفریحی هەبوو، بەڵام ئێستا بەرپرسیارێتیم لە بەرانبەر بەردەنگدا هەیە. لێرەدا پەیامی ئێمە دەبێ پەیامێک بێت کە بەرەو باشتربوون و عەقڵانییەت و پێشکەوتنی تێدا وێنا بکرێت.

– جگە لە بەرهەم لە ڕووی فێربوون هەر بەردەوامی؟
فێربوون پڕۆسەیە و لە سەری بەردەوامم. سەرەتاش گوتم من هێشتا لە دامێنی کێوی هونەردام، کەواتا دەبێ زیاتر فێر بم تاکوو بتوانم سەرکەوم. تا ئەو کاتەی بزانین کە دەتوانین بە هونەر کارێک بکەین و کاریگەرییەک دابنێین، ئەرکمان ئەوەیە هێشتا فێر بین.

– وەک نوخبەیەکی فەرهەنگی و زانستی، ئەرکی کۆمەڵایەتیتان چییە؟
لە قۆناغی یەکەمدا، ئەرکی سەرەکیم ئەوەیە لە سەر خۆم کار بکەم و خۆم پەروەردە بکەم. لە قۆناغی دووەمدا، ئەرکی من ئاگاکردنەوەیەی تاکە لە ئاستی زانینی خۆمدا. پێویستە لە ڕووی ڕەفتارییەوە هونەرمەند ببێتە کەسی نموونەیی. هەروەها دەبێ کارێک بکەین تاکوو نیگای کۆمەڵگە لە بەرانبەر هونەرمەند بگۆڕدرێت. گۆڕینی نیگای خەڵکیش پەیوەندی بە ڕەفتاری تاکی و کۆمەڵایەتی ئێمەوە هەیە. هەروەها هەندێک جار دەبێ ڕچەشکێن بین و بە هونەر خزمەت بە سیاسەت و ئابووری بکەین.

– ئایا بە تیری هونەر دەتوانی ئەرکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆت بنگێوی؟
هەوڵم داوە ئەو کارە بکەم. من بە تەواوی توانای خۆمەوە لە سەر ئەو بابەتە کار دەکەم. هونەرمەندی کورد دەبێ هەموو ئامانجی ئەوەبێت کە ڕەنج و ڕای گشتی و داوای گەلەکەی و مێژوو و فەرهەنگی وڵاتەکەی بکێشێتەوە.

– بەردەنگەکانت چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
بەردەنگە ڕاستەقینەکان جیاوازن لە بەردەنگە ناڕاستەقینەکان. لێرەدا دەمەوێ باسی بەردەنگە ڕاستەقینەکان بکەم. هەستم کردووە هەندێک لە تابڵۆکانم کاریگەرییان لە سەر بەردەنگ هەبووە و دیدگەی کەسەکەی تووشی ئاوەژووبوونەوە بووە. زۆر کەس پێی گوتوومە حەز دەکەم کچەکەم بێتە سەر ڕێگەی تۆ. بە هەڵسەنگاندنی بۆچوونی ئەوان هەست دەکەم ڕێگەکەم ڕاستە چونکە لە ڕووی دەروونییەوە دیارە تابڵۆکانم هەستی منیان گواستۆتەوە. بۆ وێنە، لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە تابڵۆی پائولو کۆئیلۆ، کە باسی ڕەوتی بوون و گەشە و باسی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی مرۆڤ دەکات، شەپۆلێکی دروست کرد. ئەو تابڵۆیە لە خوێندنەوەی کتێبێک چەکەرەی کرد. دواتر بینیم زۆر کەس چوونە کتێبەکەیان خوێندۆتەوە.

– دەتەوێ لەبارەی پێشانگەی داهاتووت هیچ بدرکێنی؟
ستایلی تابلۆکانی پێشانگەی داهاتووم، زیاتر بەپێی ڕووداوە مێژووییەکان کاری سەمبولیکن و زیاتر لەبارەی ئووستورە زانستی و فەرهەنگییەکانی ڕەسەنی کوردی دەدوێ و مەبەست لێی ئەوەیە شوناسی زانستی و فەرهەنگی کوردی بە دونیا نیشان بدەین. لەو ڕێگەیەوە، بە جیهان بڵێین کوردیش دەتوانێ ببێتە بەشێک لە هۆکاری پێشکەوتنی زانست و فەرهەنگ. هەروەها ئەو پێشانگەیە پردێکە بۆ نیشاندانی ڕابردوو و داهاتووی زانستی و فەرهەنگی نەتەوەی کورد و چواڕیانێکیشە بۆ گرێدانەوەی فەرهەنگیی چوار پارچەی کوردستان.

– هەستی خۆت لە بەرانبەر بوومەکانت بۆ پێشانگەی داهاتووت چیە؟
لە کاتی کێشانەوەی پورتەرەی ناودارانی وەک شێخ عەبدوسەلامی بارزانی هەستم دەکرد دەبێ من و قەڵەمەکەم لە خزمەت وێنەی ئەودا بین. کاتێک وێنەی سەید ڕەزای دەرسیمم دەکێشایەوە لە دڵەوە دەمدواند و هەستم بە دەردەکانی دەکرد. بۆیە بە خۆم دەگوت ئایا من لایقی ئەوەم کە وێنەی ئەو کەسایەتییانە بکێشمەوە.

– ئارەزووت لە پەیوەندی لەگەڵ هونەردا چییە؟
هیوام ئەوەیە کاریگەری ئەرێنیانەی کارەکانی خۆم لە ناو کۆمەڵگەدا ببینمەوە. ئارەزووم ئەوەیە مێژووی خۆمان بە هونەر بۆ نەوەی داهاتوو زیندوو بکەینەوە. دەمەوێ منداڵەکانمان لە ڕێی هونەردا بزانن کە کێ بوون و چین و بەرەو کوێ دەڕۆن. پلانی دە ساڵی داهاتووشم داناوە بۆ ئەوەی لانی کەم تابڵۆیەک لەبارەی مافی کورد ببێتە تابڵۆیەکی جیهانی.

– بە دیدی بەڕێزتان هونەرمەند دەبێ چۆن بێت؟
جیاوازی هونەرمەند لەگەڵ خەڵکی ئاسایی ئەوەیە کە هونەرمەند هەست دەکات، پێوەر دادەنێت، ئەتموسفێر دەبزوێنێت، فۆڕمی پێدەدات، پێستی هەموو شت نەوازش دەکات و بە زمانی لەمس زمانی بینایی دروست دەکات. دەنگی سارد، گەرم، بەتاڵ، خەتی سەخت، خەتی نەرم، زمانی گوتار لە خۆیەوە توانای گواستنەوەی نییە، بۆیە بۆ گەیاندنی ئەو دەنگانە پێویستیمان بە زمانێکی زیاتر هەیە، لێرەدایە کە هونەر ڕۆڵی خۆی دەنوێنێ و ئەرک بۆ هونەرمەند دەنەخشێنێ.
ئەگەرچی زۆر جار هونەرێکی بەرز هونەرمەندێکی بێ نۆڕمی لە پشتە، لەوبارەوە دەتوانین نموونە بە میکێلانژ بێنینەوە، بەڵام بە گشتی هونەر پردێکە لە نێوان کەس و بەردەنگدا. هونەر هۆیەکە بۆ ناسینی هونەرمەند، بەڵام مانەوەی کەسایەتی هونەرمەند، ڕاگرتنی کەسایەتییە بەرزەکەیەتی. کەسایەتی بەرز بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییە چونکە هونەرمەند دەبێتە نموونەی کەسایەتی بۆ خەڵکی ئاسایی. هونەر پەیام و دیالۆگە لە نێوان هونەرمەند و بەرهەمەکەی و ئەو پەیامە نیشانەی کەسایەتی هونەرمەندەکەیە. بۆیە هونەرمەند جوانترە لە هونەر و هونەرمەند ئەو کەسەیە کارەکەی دیار بێت نەک خۆی. کەواتا، هەر هونەرمەندێک دەبێ بە ئەندازەی لێڤڵی هونەریی خۆی خاوەن کەسایەتی بێت.

– فەریبۆرز فوومەنی پورترەی ئێوەی کێشاوەتەوە، ئەگەر ئێوە بتانەوێ ڕوخساری هونەرمەندێکی کورد بکێشنەوە وێنەی کێ دەکێشنەوە؟
لەو سەردەمەدا کەسێکی وەک مەزهەری خالقی، شوان پەروەر و شەهریڤان و زۆری دیکە بە هونەرمەندی ڕچکەشێکن دادەنرێن کە خاوەن کەڕامەت و کەسایەتی بەرزن. لە پێشانگەی داهاتوودا تابڵۆی ناوداران و هونەرمەندانی کورد دەخەینە ڕوو. بۆ ئەو پێشانگەیە ڕووخساری جگەرخوێن، هەژار، هێمن، هێدی، شوان پەروەر، مەستوورە خانمی ئەردەلان و… دەخرێنەڕوو.

– پێگەی ژن لە ناو ڕەنگ و بوومی ئێوەدا چ پێگەیێکە؟
وەک مرۆڤێک، هیچ کات بیرم لەوە نەکردۆتەوە کە ژن یان پیاوێک بکێشمەوە چونکە ئەوە خۆی سنوور دانانە لە نێوان مرۆڤ. من قسەیەکم بۆ ژن یان پیاو پێ نیە. بەڵکوو زیاتر بیرم لە چەمکی مرۆڤ کردۆتەوە و بە وێنە دەرم خستوون. بۆ نموونە وێنەی مەستوورە خانمم بۆیە کێشاوەتەوە کە لە کۆمەڵگەیەکی سوننەتیدا ژنێکی سەرکەوتوو بووە و سەری نەتەوەکەی بەرز کردۆتەوە. هەر وەک ئەوەی وێنەی ئیحسان نووری پاشام هەر بەو مەبەستە کێشاوەتەوە.

– کەواتا خۆت بە فێمێنیست نازانی؟
نا، هەرگیز. هەر لێشیان تێناگەم. حەزم لێنیە لەبارەشیانەوە بدوێم. هەست دەکەم زۆربەی فێمێنیستەکان تەور لە ڕیشەی خۆیان دەدەن و بەرەو ڕادیکاڵ بوون دەڕۆن. مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزەکەیەوە تەواوکەری یەکترن و مانا بە ژیان دەدەن. نابێ هیچ کامیان ئەویتر ڕەد بکەنەوە. لێرەدا مافی مرۆڤ گرینگە نەک مافی ژن و مافی پیاو.

– ژن چۆن دەتوانێ ڕۆڵی ئەرێنی لە ئابووری و پیشەسازیدا هەبێت؟
ژن دەبێ ببێتە کەسێ نەک شتێ. دایکێکی باش دەتوانێ منداڵێکی باش پەروەردە بکات و بینێرێتە ناو کۆمەڵگە. هەندێک ژن لە ناو سیستەمی سەرمایەداری و بورژوازیدا لە کۆمەڵگەی خۆیان جیا بوون و پەیوەندییان کەمتر بوو. بە تایەبتی ژنانی ئینگلیز پەیوەندییان زۆر کەم بوو. بەڵام لەناکاو سووڕانێکی سەیر ڕووی دا. ئەوان لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا دەرزی و دروومانیان دەکرد و نیگاریان دەکێشا. ژنە ئەشرافییەکانی وەک ژنە دووکەکان ئەو کارەیان دەکرد. تەنانەت مەلەکە ڤیکتۆریاش وەک توێژێکی جیاواز کاری دەرزی و دروومان و نیگارکێشی دەکرد. ڕێژەی ئەو ژنانە و ژمارەی بەرهەمەکانیان هەروا زیاتر دەبوو. ئەو ژنە ئەشڕافزادانە زۆرجار بەرهەمەکانیان دەیاندایە خزمەتکارەکانیان و قەرەواشەکانیش لە بازاڕ بە نرخێکی گران دەیانفرۆشتەوە. موشتەریش بۆ ئەوەی شتێکی ئەشڕافەکانیان لە ماڵەوە هەبێت دەیانکڕی. ئەوە چەرخەیەکی ئابووری و پەیوەندی نێوان خەڵکی ئاسایی و نەجیب زادەکانی لێکەوتەوە. لەوێوە ژن چووە ناو مەیدانی کاری گشتی. لەم سەردەمەشدا ئەگەر ژن بە هونەر و زانست بچێتە ناو مەیدانی گشتی کاریگەری لە سەر ئابووری و پێشەسازیی دەبێت. ئەم بابەتەم لە کتێبی کابانە کەونەکان (ژن، هونەر، ئایدۆلۆژیا) خوێندەوە.

پرسیاری پسۆڕی
– پێناسەت لەبارەی هونەر چییە؟
تۆڵستۆی دەڵێ هونەر تەنها بەرهەمهێنانی شتی دڵگر و چێژبەخش نییە، بەڵکوو ئامرازی پەیوەندیی مرۆڤە بۆ بەردەوام بوونی ژیان و مرۆڤایەتی. لە سەر ئەو پێناسەیە ڕاستەقینەیە، پێم وایە هونەر ئامراز و پردێکی پەیوەندییە بۆ گەیاندنی پەیامێکی چەند ڕەهەندی و مرۆڤایەتیش پێویستی بەو جۆرە پردانە هەیە.

– پێناسەی کێ لەبارەی هونەر زیاتر پەسەند دەکەی؟
وەک پێناسەیەکی گشتی، وشەی هونەر کە وشەیەکی سانسکریتییە لە دوو برگە پێک هاتووە، (هو) بە مانای باش و (نەر) بە مانای مرۆڤ دێت؛ واتا هونەر = مرۆڤی باش. ئەمە باشترین پێناسەیە. وەک پێناسەیەکی تایبەتی و ئەزمووندار، مامۆستا مەلا حوسێنی هەمیشە دەیگوت کاتێک ڕەنگ لە سەر پالێت بەتاڵ دەکەی، فکر و زەینیشت بخە سەر تابڵۆکەت و جوانی بکە و هاوکات ڕەفتار و کەسایەتیشت لەگەڵ ئەودا جوان بکە. ئەوە بوو کە ڕەفتار لای من وەک خۆر هاتە بەرچاو، چونکە ڕەفتارێکی جوان ڕووناکاییەکی جوانی هەیە و خەڵکیش سوودی لێ وەردەگرن.

– فەرهەنگ و هونەر کە ناوکی هەر کۆمەڵگەیەکە لە چییەوە هاتووە؟
فەرهەنگ و زانست چەقی هەر کۆمەڵگەیەکە و پێشکەوتنی لەسەر بونیاد دەنرێت. هونەر وەک بەشێک لەو فەرهەنگە ستوونێکی گرینگی پێشکەوتنە. ئەگەر بگەڕێینەوە ڕابردوو دەبینین، سەبکی ڕۆمانتیسم، کە لە کلیساوە هەستا، کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر دەروونی خەڵک دروست دەکرد. بەڵام کاتێک بزووتنەوەی ڕیالیسم بە شێوەیەکی عەقڵگەراییەوە ڕووی لە ڕۆمانتیسم وەرگێڕا و هەروەها کۆچی گوند بۆ شار ڕەوی گرت، ئەو دیاردەیە واقیعی کۆمەڵگەی پتر نیشان دا. باوکی ئەو بزووتنەوەیە گۆستاو بوو، ئەو بزووتنەوەیە لە چینی نۆڕماڵی کۆمەڵگە و کرێکار و خەڵکی ئاسایی پێک هات. بەڵام بەو حاڵەش تووشی کێشە بوو؛ چونکە کۆمەڵگە و فەلسفە نێوانیان لەگەڵ ڕیالیسمەکان خۆش نەبوو. کۆمەڵگە نەیدەویست هەموو ڕاستییەکانی لێ ئاشکرا بن و فەلەسەفەش، بە ڕوانگەیەی کە بەشێکی مرۆڤ جگە لە لایەنی فیزیکی لایەنی دەروونییەتی، پێی وابوو کە مرۆڤ پێویستی بە هەیەجان هەیە و بە ڕای فەلاسەفە ریالیسم خەلاقییەت لەناو دەبات.

– شێوەکاری دەتوانێ هاوتەریب لەگەڵ هونەرەکانی دیکە ڕکەبەرایەتی بکات؟
هونەر دارێکە کە هەموو لقەکانی هونەری تێدایە و گشتیان تەواوکەری یەکترن و دەتوانن ڕکەبەرایەتی یەکتریش بکەن و لەو ڕکەبەرایەتییەدا خۆیان و یەکتر پێش دەخەن، بەڵام ناتوانن لە دژی یەکتر بوەستنەوە و هیچ ئایدۆلۆژیایەکیش ناتوانێ بەرەنگاری هونەر بێتەوە، بەڵکوو ئایدۆلۆژیاکان هونەر بۆ بەهێزکردن و بەردەوامی و مانەوەی خۆیان بەکار دێنن، بەڵام دواجار هونەر و زانست سەرکەوتووی مەیدانن. هەر هونەرەی لە بوارێکدا مەیدان و توانای هەیە و هەموویان لەجێی خۆیاندا کارسازن. بۆ نموونە سینەما کە هەڵگری هەموو هونەرەکانە دەتوانی لە ڕێگەی هەموو هەستەکانەوە پەیامی خۆی باشتر بگەیێنێ. شێوەکاری دەتوانێ ببێتە پردی نێوان مێژوو و ئێستا و داهاتوو. شێوەکاری تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانێ چەندین هەستی مرۆڤ بەخۆیەوە سەرقاڵ بکات.

– کاریگەری پێش مۆدێرنیزم لە سەر کۆمەڵگە چییە؟
هەر وەک ئەوەی لە کلیسای نۆتێردام لە فەڕەنسادا دەردەکەوێ، دەبینین مۆدێرنیزم یەکەمین ستایلی هونەرییە که بە خێرایی بڵاو بۆوە و چووە ناو هەموو بەشەکانی ژیان و لایەنی جوانناسی زۆری تێدایە. بەڵام کەشی پاش مۆدێرنیسم چینەکانی کۆمەڵگەی زیاتر لێک نزیک کردەوە. ئەم کەشە پیشەسازی لە ڕیالیزمەوە هێنایەوە ناو مۆدێرنیزم. لە هونەریشدا قۆناغی پاش مودێرنیزم ئەم کاریگەییەی داناوە. لەو قۆناغە مێژووییەدا هونەرمەند دەتوانێ بە دیزاین و کاری هونەری لە خزمەت پیشەسازییەکی گشتی دابێت. بۆ نموونە، کۆمپانیای (ئێل سی وای کیکی) و کۆمپانیای (ئێکیا)، کە خانەوادە ناوەندییەکانیش توانای کڕینیان لەو کۆمپانیایانەدا هەیە، بەرهەمی قۆناغی مێژوویی دوای مۆدێرنیزمن. لەو قۆناغەدا هونەر و هونەرمەند دەتوانێ مەودای چینایەتی لە ناو کۆمەڵگەکاندا کەمتر بکاتەوە.

– ئەدی کەشی سووررێئالیزم لەناو کۆمەڵگەدا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
کاتێک هونەرمەند دەیەوێ پەیوەندی لەگەڵ بەردەنگی خۆیدا ساز بکات سەرەتا ئەو گوێ لە ویستی بەردەنگ دەگرێت. بۆیە پێگەی جوگرافی هەندێک جار بە ناچاری هونەرمەند ئاراستە دەکات تاکوو بەپێی کۆمەڵگەکەی هەنگاو هەڵێنێت. بۆ نموونە کۆمەڵگەی ئێمە ئووستوورەی لەلا گرینگە بۆیە هەندێک جار هونەرمەند دەیەوێ بە ڕێزگرتن لەو ئوستوورانە کۆمەڵگەکەی تێر و ڕازی بکات. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین هونەرمەند زمانی وێنایی کۆمەڵگەکەیەتی و هونەر و کۆمەڵگە هەردووکیان پێویستیان بە یەکترە. هونەرمەند بەبێ ئەوەی خۆی لە کۆمەڵگەکەی دابڕێت نۆڕمە پەسەندکراوەکانی کۆمەڵگە دێنێتە ناو کاری هونەریی خۆی و هانی دەدات بەو جۆرە دەتوانێ شتی نانۆڕمیش وەلا بنێت و نۆڕمە جیهانییە باشەکانیش بکاتە خۆراکی پێشکەوتن بۆ کۆمەڵگەکەی خۆی. بەڵام هەندێک جار کۆمەڵگە لە چاخی نوێدا گرینگی بەو شتانە نادات و ناهەماهەنگی لە نێوان پێوەرەکانی نۆرمی هونەرمەند دەبینرێت. لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا مرۆڤ تەنها ئامرازێکە بۆ دەستخستنی ماددە. لە لایەکی دیکە هونەرمەند بە پشت بەستن بە هونەرەکەی خۆی هەوڵ دەدات بەهای مرۆیی بۆ ئێگزیستانسێلی مرۆیی بگێڕێتەوە. لێرەدا کۆمەڵگە هونەرمەند ڕەد دەکاتەوە و هونەرمەندیش پشت لە خواستی کۆمەڵگە دەکات و لە ئاکامدا هونەر و هونەرمەندی نوێ و نوێگەرایی وەک سوررێئال و کووبیسم و ئینتیزاعی ساز دەبن. سووررێئال لە هەموو بەشەکانی ئەدەبی، هزری و هونەریدا کەوتۆتە ژێر کاریگەری بۆچوونی زیگمۆند فرۆید. سووررێئالیزم وەک ڕەوتێک که بەردەوام لە گەشەدایە و ستایلێکی ئازادانەی هەیە و هەست و بەیانێکی بێ پەروا و بێ سنووری هەیە کاریگەری لە سەر هەموو بەشێک داناوە بە تایبەتی کاریگەرییەکەی لە سەر شۆڕش و سیاسەتدا دیارە. سووررێئال هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەوە لە خۆیەوە خاوەن ماهییەتی تایبەت بە خۆی بووە و لە خۆیەوە شتی نوێی لێ لەدایک دەبێت و بە بێ مەرج بڕیار دەدات و وەک ئەسپێکی سەرکێش کەس ناتوانێ دەستەمۆی بکات و ڕێگری لێ بکات. سووررێئال بە دوای شۆڕشە لە دژی سنووردانانی زەینی و عەقڵی بە بێ ڕەچاوکردنی قەیدوبەندی کۆمەڵگە و لەو کەشەدایە کە ئەستێرەکانیش وردەوردە لەدایک دەبن.

– ڕەنگ چ پەیامێکی هەیە؟
لە کۆمەڵگەی پێشوودا بەپێی جوگرافیا و کەش و هەوا گرینگییەکی زیاتریان بە ڕەنگ و شێواز دەدا. ئێستاش بەپێی دەروونناسیی کۆمەڵ، بە مەبەستی جوانناسی، بە تایبەت لە میعماریی شارسازی، گرینگی بەڕەنگ دەدرێت. بە ڕەنگ و خەت و فۆڕم هەموویان دەتوانن ئارامی و تووڕەیی هونەرمەند و کۆمەڵگەکە نیشان بدەن. شایانی ئاماژەیە، هونەرمەندانی وڵاتانی پێشکەوتوو زیاتر ڕەنگی نەرم و ئارام بەکار دێنن. پێویستە بڵێین تابڵۆیەک لە سەر سێ بنەمادا ڕۆڵ دەنوێنێ؛ فۆڕم، کە لە چۆنییەتی دەدوێ، ناوەرۆک، لە چییەتی دەدوێ و بابەت، لە چ شتێک دەدوێ، بەیەکەوە بازنەیەک دروست دەکەن. ئەم هاوکێشەیە دێتە ناو زانستی بیرکاری و فیبۆناچی. بەپێی ئەم بنەما سەرەکییانە، ستایلی ڕۆکۆکۆ بە شێوازە بازنەییەکەی ئەوەمان لە ناو چینی بورژوازی پێدەڵێ. بەڵام هونەرمەندی وڵاتانی پێشنەکەوتوو و شەڕاوی ڕەنگی توند و خەتی شکاوە و تیژیان زۆرترە. ستایلی گوتیک کە زیاتر لە خەم و ناخۆشی دەدوێ لە کلیسا و پەنجەرەی ماڵەکانی ڕووسیادا دەبینرێت. هەروەها ستایلی بیزانسی شێوەی خڕی کوپەییان هەیە و لە سەردەمی سەلجووقیدا دەبینرێت… .

– نیگارکێشیی هۆشی دەسکرد چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
دیارە باوکی هۆشی دەستکرد (جۆن ماکارتی) بووە و ئامانجی ئەو خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بووە؛ ئەم پێشکەوتنە پازی داوتەوە ناو جیهانی هونەر و ڕەهەندی ئابووریش بەخۆیە دەگرێت. هونەر لە جەوهەری خۆیدا توانا و مەهارەتی داهێنانی جوانی و دەرک و فامە کە لە لایەن هونەرمەند بەرجەستە دەکرێتەوە. ئەگەرچی هۆشی دەستکرد هەندێک زیانی هەیە لەوانە هۆشی دەستکرد هەستی مرۆڤی تێدا نیە، بەڵام لە هەمان کاتدا تەواوکەرێکە بۆ کار و ئایدیاکانی مرۆڤ و بە تایبەتی بۆ بەرزکردنەوەی توانای مرۆڤ بە مەبەستی کاری هونەری بەکەلک دێت و دەتوانێت داهێنانی باش و شیکاری بەرهەمی هونەرییش بە وردی بکات. دەتوانین بڵێین هونەرمەندان لە بوونی هۆشی دەستکرد نیگەران نین، چونکە کاری دەست هەمیشە زیاتر لە بوورس دایە لە چاو بەرهەمی تەکنەلۆژیایی. لەوبارەوە نموونەی مێژوویی هەیە، سەردەمێک تابڵۆی نیگار کاڵای لوکس و لاکچەری خانەوادە دەوڵەمەندەکان بوو، بەڵام کاتێک کامیرای فۆتۆ داهێنرا نیگارکێشەکان نیگەران بوون لەوەی کە پێیان وابوو کاری هونەری دەستی لەبرەو بکەوێت، بەڵام بە پێچەوانەوە پاش نیگارکێشان دیسان هاتەوە سەر سەکۆ و پێگەی مەزنی خۆی پاراست. لەسەر بنەمای ئەو ئەزموونە مێژووییە دەتوانین بڵێین هۆشی دەستکردیش بۆ داهێنان کەلکی دەبێت، بەڵام نابێتە هەڕەشە و ئامرازی لەناوبردنی هونەر و بێ هیوابوونی هونەرمەند.

– ئاستی ڕۆشنبیریی هونەرمەندان چ کاریگەرییەکی لە سەر بەرهەمەکانیان هەیە؟
جگە لەوەی زاتی هونەر لە ناو ناخی هورنەمەندەکە دایە، بە پەروەردەکردن تواناکەی چالاک دەبێت و شکڵ دەگرێت. چالاک کردنی ئەو توانا دەروونییە و وەکارخستنی بە ئاگایی و خوێندن و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری هونەری دەگاتە بەرهەم. هەر وەک ئەوەی که ئەڵماس چ لە ناو کاندا بێت چ لە پێش ویترین ماهییەتێکی جوانی هەیە، بەڵام لە پشت شووشەی ویترین دیارە کە کاری لەسەر کراوە و تراشی لێ دراوە. هونەرمەندیش وەک ئەڵماسی ناو دڵی کانە، کاتێک ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیرییەکەی بەرز دەبێتەوە وەک ئەو ئەلماسەیە کە کاری لەسەر کراوە و بڕی لێ دراوە. بۆیە بەرهەمی هونەری کەسێکی خوێندەوار و ڕۆشەنبیر بەرهەمێکی چەند ڕەهەندی و قووڵە. بۆ نموونە ڕۆستەم ئاغەڵە لە دوورەوە بە تابلۆکانییەوە دیارە کە هونەرمەندێکی قووڵ و چەند ڕەهەندییە.

– کاریگەریی سیاسەت لەسەر هونەر چییە؟
سیاسەت خۆی هونەرێکە و پەیوەندی بە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەوە هەیە. هونەر و سیاسەت مێزێکیان لە نێوان دایە کە پێی دەڵێن گفتوگۆ. سیاسەت و هونەر هەردووکیان بەرهەمی بیرکردنەوەی مرۆڤن بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ. بەو دیدەوە سیاسەت دەتوانێ زەمینەی بیرکردنەوەی باشتر بۆ هونەر بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەت بە مرۆڤ بکرێت. بۆیە حکوومەت وەک دەسەڵاتێکی سیاسی خۆی دەبێ سیاسەتی پەرەپێدانی هونەر هەبێت و بە هونەر خۆی پێناسە بکاتەوە.

– هونەر چۆن سیاسەت ئاراستە دەکات؟
هونەر زمانی دەروونی کۆمەڵگەیە و دەتوانێ گوتار ساز بکات و بە ڕەخنەی خۆی زەنگێک لە بن گوێی سیاسەت لێدەدات. سیاسەتی ژیرانەش ئەوەیە کە گوێ لە ڕەخنەی هونەر بگرێت. یەکێک لە نموونە مێژوویەکان (کلیلە و دێمنە)یە بەرهەمی هونەریین کە بۆ بەرزکردنەوەی سیاسەت ئافرێنراون.

– کاریگەریی هونەر لە سەر پێشکەوتن چییە؟
هونەر ڕۆڵی ڕەهایی کۆمەڵگە وەئەستۆ دەگرێت و هاوتەریب لەگەڵ سیاسەت و پێشکەوتنی ئابووری و تەکنەلۆژیا مانا بە ژیان دەبەخشێت و دەتوانێ ببێتە ژێرخانی باوەڕی مرۆڤ بۆ پێشکەوتن و باوەڕی پێشکەوتن لەناو هزری مرۆڤ وێنا دەکات. هونەر ڕیشەی فەرهەنگیی هەر کۆمەڵگەیەکە و کۆمەڵگە لە سەر ئەو ڕیشانە گەشە دەکات و دواتر بەجیهانی دەبێت. هونەر ڕەفتاری خەڵک ڕێک دەخات؛ کاتێک فەرهەنگ و هونەر لە ناو کۆمەڵگەدا دەڕووخێت ئەو کۆمەڵگەیە نابێتە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، بەڵکوو تەنها بە ڕواڵەت وێنەی مۆدێرن لە خۆی نیشان دەدات. ئەگەر بەراوردێک لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و پێشنەکەوتوودا بکەین دەبینین که وڵاتانی پێشکەوتوو کەلک لە هونەر وەردەگرن و ئەو دیدە هونەرییە لە ناو شێوەی مێعماریی ئەواندا وەدەر دەکەوێت. هونەر بە پەیامی خۆی دەتوانێ منداڵان بدوێنێ و پەیامەکان مەلمووس بکات.

– هونەر چۆن دەتوانێ ببێتە دەسبارێک بۆ گەشەسەندنی تاک؟
لە مێژووی مرۆڤایەتییەوە هونەر لەگەڵ مرۆڤایەتیدا هاتووە. تەنانەت هونەر بۆتە هۆی گواستنەوەی مێژوو و شارستانییەتی مرۆڤ. هونەر ڕەفتاری تاک پێک دێنێت. پێش هەر شتێک ڕەفتاری هونەرمەندەکە ڕێک دەخات. هونەر دەتوانێ مرۆڤ ناچار بکات بیر بکاتەوە و پەیامی هونەری لە ناو مێشکی خۆیدا هەڵسووڕێنی و لە ڕەندەی بدات و کەسایەتی خۆی بەو پەیامە ڕێک بخات. کارێک کە هادی زیائەدینی لە ناو شار دەیکات مەبەستی ئەوەیە بە هونەرێکی کڕ ڕەفتاری هاوشارییانی ڕێک بخات.

پرسیاری بابەتی
– هونەر چۆن گەیشتۆتە ئەم ناوچەیە؟
وێڕای ئەو هونەرەی کە لە سروشتەوە چرۆی داوە، لە ڕووی مێژووی شارستانییەتەوە، بە تایبەتی لە قۆناغێکی پێشکەوتندا، مرۆڤ لە ناو ئەشکەوتەکاندا بە هونەر پەیامی خۆی دەگەیاند، دواتر ئەو هونەرە زیاتر پەرەی سەند و لە گەیاندنی پەیامەوە هاتە ناو واری ئابووری. واتا، بەشێک لە هونەر ئامانجێکی ئابووریی لە پشت بووە. بۆ نموونە، کاتێک قوماشی کەتان دەهات، بە هونەری هۆنراوە، ریکلام بۆ قوماشی کەتان دەکرا و شیعری (کەتانە و کەتانە)دا هونەری چنین و کوالێتی ئەو قوماشەی بڵاو دەکردەوە. لێرەوە پەیوەندی فەرهەنگیی دروست بوو. لە کاتی پێشکەوتنی زیاتر، مرۆڤ بە پیشەسازی و تەکنەلۆژیا گۆڕینەوەی هونەری لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا پەرە دا. بە جۆرێک کە ئێستا بەجیهانی بوون خزمەتێکی زۆرتری بە هونەر کردووە. ئەم ناوچەیە بە گشتی و کوردستانیش بە تایبەتی کەوتۆتە ناو ئەو کەشانە.
ئەگەر سەیری بیوگرافی هونەر لە کوردستان بکەین، دەبینین کە هەوراز و نشێوی شارستانییەتەکان لەم ناوچەیەدا کاریگەرییان لە سەر هاتنی هونەر بۆ کوردستان بووە. لە سەردەمی هاوچەرخیشدا، حەفتاوپێنج ساڵ پێش، ئەنیستیتۆی هونەرە جوانەکان لە لایەن نووری مستەفا بەهجەت و فایەق حەسەن، بە چاولێکەری لە هونەری ڕۆژئاوا، لە شاری بەغدا دروست بوو. حکوومەت لەو کاتەدا بە مەبەستی سیاسی کەلکی لە هونەر و هونەرمەندان وەردەگرت. بۆ ئەم مەبەستە هونەرمەندانیان ناردنە دەرەوە. لەو کاریگەری وەرگرتنەدا هونەرە جوانەکان لە هەولێر و سلێمانی بە جوانی دەبینرێن. بە تایبەتی مێژووی هونەری لە هەولێر کۆنترە لە چاو شارەکانی دیکە. لە سەردەمی میرنشینی بابان، لە ڕێی دەسەڵاتی ئەوکات هونەر لە سلێمانی بەرەو گەشە ڕۆیشت. شایانی باسە، پێش ئەو کاتیش گرووپێک لە ئێران هاتبوونە باشووری کوردستان بۆ ئەوەی بە هونەری شێوەکاری دیوار و بەری بانی حەمامێکی گشتی بڕازێننەوە. حوسێن حوزنی موکریانی لێرەدا ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو و یەکێکیشە لە یەکەمەین نووسەرانی کتێبی هونەر بە زمانی کوردی. لەو کاتە بەدواوە هونەر ڕێچکەی گرت و تووشی هەوراز و نشێو هات.

– کۆمەڵگەی کوردستان وەک پێویست پەسنی هونەر دەکات؟
لە ناو کورددا زیاتر موسیقا، بە هۆی نیازی تاکەکەسی گەشەی کردووە نەک بە هۆی نیازی کۆمەڵگەیی و هەروەها سینەما، لەبەر نیشاندانەوەی ڕووداوە سیاسییە مێژووییەکان، هەواداری پتری هەیە. ئەو نیگایەی کۆمەڵگە بۆتە هۆی ئەوەی کورد لە واری هونەردا نەتوانێ لە مەیدانی جیهانیدا ببێتە ڕکەبەر.

– خانەوادەی کوردی چەندە زەمینەسازی گەشەی هونەرن؟
ئەگەر لە سەرەتادا هونەر جێگەی لە ناو هزری خانەوادەی کوردیش نەبووبێت ئێستا تەکنەلۆژیا نیگای خانەوادەکانیشی گۆڕیوە. تەنانەت خەڵکی نەخوێندەواریش چاویان کراوەتەوە و لە گۆشەنیگای جوانبینییەوە وەرگری هونەرن و لەو ئەتمۆسفێرەدا هونەر وەک سەرچاوەیەکی داهات بەرەو گەشە دەچێت. ئەو بابەتە بۆتە هۆی ئەوەی هونەرمەندیش وەک پزیشک و ئەندازیار ببێتە خاوەن ڕێزی کۆمەڵایەتی. بە تایبەتی کاتێک زانستی وەک ئەندازیاری و بیرکاری گرینگییان پێ دەدرێت ڕەهەندی هونەریش دەبێتە لایەنێکی پێویستی ئەو زانستانە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لە کوردستان تاکی ئەو کۆمەڵگەیە بە هۆی سیاسەت نەیتوانیوە بچێتە ناو ڕکەبەرایەتی لەگەڵ جیهان. بە واتایەک، گەشەسەندنی فەرهەنگی لە کوردستان لەگەڵ ئابووری و سیاسەتدا کاری بۆ نەکراوە، بۆیە بەرهەمە هونەرییەکانی کوردستان هێشتا بەجیهانی نەبوون.

– ئایا کەشی حکومڕانی و دۆخی کۆمەڵگەی کوردستان وەرگری پەیامی هونەرە؟
چاوەڕوانیمان زیاترە. لە ڕاستیدا، هێشتا سیاسەت سێبەرێکی سەنگین لە سەر هونەر دەکات نەک بە پێچەوانەوە. بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوودا هونەر کاریگەری لە سەر سیاسەت زۆرە و هونەر دەبێتە ڕەگی سیاسەتی فەرهەنگی. ئەگەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لە هونەرمەندان دەگرێت، بەڵام هێشتا هەست ناکات کە پێویستی بە هونەرە و تەنیا لایەنی جوانییەکەی دەبینێت، بە پێچەوانەوە، وای لێهاتووە هونەرمەند پێویستی بە کۆمەڵگە و دەسەڵات هەبێت. زۆر جاریش وەک کاڵا بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری کەلکی خراب لە هونەرمەند وەردەگیرێت. بەشێک لە هونەرمەندانیش خەریکی ڕازی کردنی دەسەڵاتدارانن و لە پێشهاتە هەستیارەکانیشدا ڕۆڵی نەتەوەیی و مرۆڤایەتییان وەلا ناوە. لە ڕاستیدا، ئێمە هێشتا لە قۆناغی ڕێزگرتن داین، کەچی پێویستە جگە لە ڕێزدانان، بچینە ناو قۆناغی نیازناسین. هەروەها، بە هۆی شێواوی لە بازاڕی سیاسەتدا و نەبوونی سەقامگیری لە ژیاندا هونەر و فەرهەنگ تووشی زیان دەبن. بەو پێوەرە، لە لایەک، کورد لە ڕووی سیاسەتی هونەر هێشتا ئەوەندە بەهێز نەبووە تاکوو هونەرەکەی بەجیهانی بێت. لە لایەکی دیکە، جوگرافیا و سیاسەتیش کاریگەری نەرێنییان هەبووە لە گەشەنەکردنی هونەر.

– ئایا سیستەمی خوێندن لە کوردستان زەمینەی بۆ پەرەپێدانی هونەر ڕەخساندووە؟
هەرچەند شارەزای قوتابخانەکانی کوردستان نیم، بەڵام ئەگەر هونەریان لەلا گرینگ با بەرهەمەکەییمان دەدیت. خەتی منداڵانی کوردی ئێرە هەمووی وەک یەکە و هیچ سەلیقەیەکی تێدا نابینین. تەنانەت منداڵ مێژووی هاوچەرخی خۆشی نازانێت. هەر بۆیەش نەوەیەکی نائاگا هاتۆتە ناو سیستەمی ئیداری که نە خۆی دەناسێت نە ئەوانیتر. چاوەڕوانیمان زیاترە لەوەی کە هەیە؛ چونکە زۆر کەس لە کوردستان هەن کە حەزیان لە هونەرە بەڵام لەبەر دۆخی ئابووری دەچنە بەشەکانی خوێندنی وەک پزیشکی. سەیر بکە، بینای هونەرە جوانەکان لە کەلاوەیەکدایە، لە کاتێکدا دەبێ خودی بیناکە میعمارییەکی هونەری بەرچاوی هەبێت. لە ناو شاردا پەیکەری هونەری پڕ واتا وەک پێویست نابینرێ. تەنانەت هونەرمەندی باش و مامناوەندی لێک ناکرێنەوە. نەبوونی زانکۆ و لاوازبوونی زانکۆ لە کوردستان بوونەتە هۆی لاوازبوونی هونەر لەم کۆمەڵگەیەدا. بە گشتی، سیستەمی خوێندن لە کوردستان هونەری هێندە بۆ گرینگ نییە و لە گرینگی هونەریش وەک پێویست نازانن، بۆیە زەمینەی بەرهەمی هونەریش دروست نابێت. بەڵام ئەگەر سەیری قوتابخانەی کەمبیرج، کە کەسێکی وەک نیۆتۆن لەوێ خوێندوویەتی، بکەین، دەبینین (هەری پاتێر) لەوێ ڕۆڵی لە ناو فیلمدا گێڕاوە. ئێستاش ئەو قوتابخانەیە بۆ ئەوەی توانا هونەرییەکان بناسێت و یارمەتییان بدات وۆرکشۆپ دادەنێت. بەڵام لێرە ئەوەی بیستوومە دەڵێن فڵان قوتابخانە باشە چونکە ئینگلیزییەکەی باشە… . ئەگەرچی بۆ ئەوەی دەستمان بە زانست ڕابگات زمانی ئینگلیزی زۆر پێویستە، بەڵام ناکرێ تەنیا ئینگلیزی زانین ببێتە پێوەری پێشکەوتنی منداڵ. بەم شێوەیە هونەر لە کوردستان پێش ناکەوێت. بەڵام ئەگەر وانەی هونەر ببێتە وانەی سەرەکیی سیستەمی فێرکاری و پەروەردە منداڵان، ئەو کات فێری داهێنان دەبن و کۆمەڵگە بەرەو سووررێئالیزم دەڕوات و وردەوردە پێشکەوتوو دەبێت.

– کوردستان بە چ ڕەنگێک دەبینی؟
سەوزەکەی لەناو داوێن و دەشتە چاوگرەکانی، سوورەکەی لە ناو شلێر و لالەکانی، کرێم و قاوەییەکەی لەناو کێوە بەرزەکانیدا دەبینم.

– ڕەنگ لە کۆمەڵگەی کوردیدا چ کاریگەرییەکی هەیە؟
ئەو ڕەنگانەی کە لە ناو هەر کۆمەڵگەیەکدا بەکار دێن نیشانەی نۆڕم و ڕوانگەی ئەخلاقی کۆمەڵگەکەیە. ڕەنگ لە ناو هەر کۆمەڵگەیەکدا دابەشی دوو دەستەی تیۆری و ئەزموونی دەبێت. لە کۆمەڵگەی ڕەنگیدا، هەموو ڕەنگەکان هەلی دەرکەوتنیان هەیە و تێیدا تاکەکان ئازادانە هەر ڕەنگێک هەڵدەبژرێدرن. لەو کۆمەڵگەیەدا تاکەکان ئازادن و ئەوانتیر بەڕێز و خاوەن مافن. لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا دەکرێ متمانە بە تاکەکان بکەی و تاکی بەڕێزی تێدایە و ئایدیا و بیری نوێ زیاتر و زووتر لەوێ سەر هەڵدەدات. بەڵام لە ناو کۆمەڵگەی ڕەش و سپیدا، دوو جەمسەی دژبەر و یەک لایی دروست دەبن. تاکەکانی کۆمەڵگەی ڕەش و سپی بە شێوەیەکی نائاگایانە و بە شێوەی چاولێکەرانە ڕەفتار دەکەن و بیر و هزری نوێ بە سەختی وەردەگرن و ڕای بەرانبەریش بە هەند دانانێن. لەو کۆمەڵگە سفڕ و سەدییەدا تاکەکان هەست بە ئاسایش ناکەن و متمانەیان لە نێواندا لاوازە بۆیە داهێنانیشی تێدا نابینرێت. ڕەنگە کۆمەڵگەی کوردیش تا ئێستا هەر بە کۆمەڵگەی ڕەش و سپی بێتە هەژمار. هونەر لێرەدا دەتوانێ کاریگەری دابنێت و لە شارسازیدا بە گرینگیدان بە ڕەنگی جۆراوجۆر کاریگەری لە سەر دەروونی تاک دابنێت. کاریگەریی هونەرمەندیش بەپێی ئەو ناسینە دروست دەبێت.

– توانیوتە لە کەشی ڕواڵەتییانەی ئەنتەرنێت کاریگەرییەکی ئەرێنی دابنێی؟
ئەنتەرنێت بۆ من قوتابخانە بوو. خۆشم توانیومە لە ڕێی ئەنتەرنێت کاریگەرییەکی باش و بێ تێچوو دابنێم. بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەلکم وەرگرتووە. هەوڵیشم داوە ئەوەی دەیزانم لەو ڕێگەیەوە بیگوازمەوە. هەروەها لە تەنیشت ئەو کارانە مەبەستمە کەلتووری باشی چۆنییەتی بەکارهێنانی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاو بکەمەوە.

– توانیوتە بازنەی گفتوگۆی شارەزایانە و هاوڕایی لەگەڵ هاوڕێکانت پێک بێنی؟
تا ڕادەیەکی زۆر لە ناو کۆمەڵەی هاوڕێیاندا ئەو جۆرە کاریگەرییە هەبووە. خۆم کاریگەریم وەرگرتووە، چونکە هەست دەکەم گفتوگۆ لە ئاستی بەرزی زانستیدا بۆ خودی هونەرمەندیش کارێکی زۆر پێویستە. کاریگەریشم لەوانەیە دانابێ، نازانم. کاریگەری دانان پێویستی بە خوێندن و سەفەر و ئەزموون و کارە. زۆر هونەرمەند هەبوون کە زات و ئیستیعدادی هونەرییان هەبووە بەڵام لاڕێ بوون، چونکە نە خۆیان خوێندەوارییەکی باشیان هەبوو نە ئەو کەسەی لە پشتیانەوە بوو کەسی لێهاتوو و بەرز بوون. هەروەها گفتوگو بۆ پەیوەندیی نێوان خەڵکی ئاساییش زۆر پێویستە بۆ ئەوەی تۆڕی پەیوەندییەکی ئاست بەرز و گوتاری گشتی دروست بێت.

– هونەرمەندانی ژن لە کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
هونەرمەندی ژن لە جیهاندا کەم و لە کوردستانیش کەمترن، لە کاتێکدا هونەری شێوەکاری زیاتر هونەرێکی ژنانەیە. بە خۆشحاڵییەوە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردستان تا ڕادەیەک هونەر وەک شتێکی جوان جێ کەوتووە. ئەوە بەو مانایەیە کە کۆمەڵگەی کوردستان مەیدانی داوەتە هونەر، بەڵام ئەوەی ئەو مەیدانەی تێک داوە هونەرمەندانی ناڕەسەنن. کاتێک بە فرۆشگایەکدا دەڕۆی دەبینی کە شتی برەندی کاڵای هونەری لێیە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە لەو کۆمەڵگەیەدا کڕیاری بەرهەمی هونەری هەیە. بەو چاوە دەبێ بپرسین ئایا هونەر پیشە و کار و کەسابەتە؟ لە وەڵامدا دەبێ بڵێین هونەر دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەکی ئابووری. بەڵام لە هەمان کاتدا فێربوونی ئەو هونەرە خەرجی هەیە. زۆر کەس هەیە کە هونەرمەندی باشن، بەڵام ناتوانن پەرە بە هونەر بدەن لەبەر ئەوەی فێربوونی هونەر و ئافراندنی بەرهەمی هونەری تێچووی هەیە. کاتێک دۆخی ئابووریی هونەرمەند باش نەبێت بنەماڵەکان پێیان وایە هونەر حەڕامە، بەڵام ئەگەر هونەر ببێتە سەرچاوەیەکی ئابووری لە دیدی بنەماڵەی کوردی هونەر حەڵاڵ دەبێت. ژنی کورد ئەگەرچی لە چاو ژنەکانی وڵاتانی دیکە ژنێکی پێشکەوتووترە بەڵام هێشتا لە کوردستان ماویەتی بگاتە ئاستێک کە گەشەسەندنی هونەر لە سەر دەستی ئەو شکڵ بگرێت.

– سووژەگەلێکی هونەری لە کوردستاندا هەن کە کەس دەستی پێیان ڕانەگەییشتووە، بۆچی هونەرمەندانی ئێمە بەدوای ئەو سووژانە ناکەون؟
جگە لە نەبوونی ئایدیای نوێ، بە هۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ کاری هونەری سووژە نابینرێت. هەروەها کاتێک تایبەتمەندیی مێژوویی و فەرهەنگی نەتەوەیەک نەمێنێت ئەو کات تەنها ڕواڵەتی فەرهەنگی جێی دەگرێتەوە. لە ڕووی شایستەییشەوە، کاتێک دۆستایەتی دەبێتە پێوەر، هیچ کەس لە شوێنی خۆی نابێت. لەو کاتەدا هونەری ڕەسەنیش لە گەشە دەکەوێت و هونەرمەندی ڕەسەن هەست بە بێهوودەیی دەکات.

– بۆچی شێوەی ژن دەبێتە سووژەی شێوەکاران؟
کوردستان هەمیشە هێمای فەرهەنگ و هونەر و میهرەبانی بووە. تاڤگە، ڕووبار، کانی، دارستان، کێوە بەرزەکان و سروشتی جوان و چاوگری دەبنە ئیلهام بەخشی هونەرمەندان. ئێمە هەمیشە بە دوای سروشت و ڕیشەی خۆماندا دەگەڕێین و هەموو شت لە ناو دڵی سروشتدا دەدۆزینەوە. ژنی کوردیش وەک بەشێک لەو جوانییە و میهرەبانییە، بەگوێرەی جینات و پاکی لە ناو ژنانی کورد و هەستی ژنانەگییان، کاریگەری خۆی هەبووە لە سەر هونەرمەندان. جۆراوجۆری ڕەنگ لە جلی ژنانی کوردیش زۆر چاوگرە و ئەمەش لە دیدی هونەرمەندێکی شێوەکار بزر نییە. تەنانەت هونەرمەندێکی غەیرەکوردی وەک عەباس کاتووزیان وێنەی کچی کوردی لە ستایلی ریالیزمدا کێشاوەتەوە و بۆتە تابلۆیەکی ناودار. لە هەمووی گریینگتر ئەوەیە کە بە پێشکەوتنی ژن و هاتنی ژن لە چوارچێوەی ماڵ بۆ دەرەوە و ئەتمۆسفێری گشتی، مۆدێرن بوون لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا گەشەی کرد، بۆیە ڕوخساری ژن لە کوردستان زوو هاتە ناو کاری هونەری. ئەو کاتەی لە ناو کورددا ڕووخساری ژن ڕاستەوخۆ و بێ سانسۆر نیشان دراوە، لە ناو زۆر نەتەوەی دیکەی ناوچەکەدا ڕووخساری ژن تەنیا بە گوڵی سەمبوولیکی بە گوڵی لوتووس شوبهێنراوە.

– ڕۆشنبیریی هونەری لە کوردستاندا لە چ ئاستێکدا دەبینی؟
دەبێ دان بەوە دابنیێن که ئێمە لە سەرەتای کاری هونەری داین. کەواتا لە ڕووی ڕۆشنبیریی هونەریش هێشتا لە سەرەتای ڕێگەداین. ئەگەر لە هونەری مۆسیقا زۆر پێشکەوتبین، ئەوا لە هونەرەکانی دیکەدا هێشتا لە دواوە دەڕۆین. ڕەنگە یەکێک لەو هۆیانەش ئەوە بێت کە ئایین هەندێک هونەری وەک وێنەکێشان بە ناجایز دابنێت. بەڵام مۆسیقا کە بەپێی ئایین جایزیش نیە، خۆی چۆتە ناو ئایین و تەسەووف و لە خانەقادا گەشەشی کردووە.

– تەکنیک و ستایلی هونەریی ڕۆژئاواییەکان لە وڵاتانی وەک ئێمە چ کاراییەکیان هەبووە؟
هێنانی تەکنیکی ڕۆژئاوایی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی وڵات. (ئایدین ئاغاداشلوو) دەڵێ چل ساڵ هونەری ڕۆژئاواییم کۆپی کردووە تاکوو خۆم بوومەتە خاوەن ستایل. کۆپی کردن هەنگاوێکە بۆ زایینی هونەری نوێ. بەڵام نابێ هونەری بیانی ببێتە تەورێک و لە ڕیشەی خۆمانی بوەشێنین. لە هەمان کاتدا پێویستە تەکنیکی ڕۆژئاوایی بە باشی بناسین و کەلکی لێوەرگرین. لە ڕووی تەکنیکییەوە، لەناو بازنەی پەیوەندیی لەگەڵ جیهان گواستنەوەی تەکنیک و شێوازی هونەری لە کوردستاندا دەبینرێت و دەشبێتە هۆی پێشکەوتنی هونەری لە ناو کۆمەڵگەدا. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هونەر و فەرهەنگی ئێمە وەک پێویست بەرەو جیهان نەڕۆیشتووە. لە کاتێکدا هونەری خۆماڵی ئێمە بەشێکە لە شوناسی نەتەوەیی و فەرهەنگی. هەندێک جاریش کەلتوورێکی دەرەکی لە ڕێی کۆچ کردووان دێتە کوردستان کە ڕەسەنایەتی کوردی لەناو دەبات. لە کاتێکدا تەنانەت هونەری میعماری هەموو وڵاتێک بە کەلکی کەش و هەوا و فەرهەنگی ئێمە نایێت. ئەوەش پێویستی بە بەڕێوەبردنی کۆچ و فەرهەنگسازییەوە هەیە. بۆ کاری هونەری پێویستە سوود لە هونەری خۆرئاوا و خۆرهەڵات وەربگرین بەبێ ئەوەی هونەر و فەرهەنگی خۆمان بخەینە ژێر هەژموونی ئەوان. بە واتایەک، پێویستە گۆڕینەوەی هونەر و فەرهەنگ بکرێت نەک فەرهەنگی خۆمان لەژێر فەرهەنگی دەرەکیدا بشارینەوە.

– ئایا توانراوە تیۆرییەکانی هونەری لە سەر کۆمەڵگەی کوردی ئەپڵای بکرێت؟
لە ڕووی کاڵای هونەرییەوە، کەڵاش دورین، گوڵدورین، نازککاریی دارین، جاجم و بەڕ بە هۆی داهاتە ئابوورییەکەی و پێویستی ژیان زوو پەرەی سەند. هەروەها، کۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستا هونەری کلاسیک و ریالیزمی لەلا پەسندە و ئەپڵای کردنی ریالیزم کێشەی کەمە. لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە هونەرە کۆنەکەمان پەرە پێبدەین و بەجیهانیی بکەین، نابێ تەکنیکی هونەری پێشکەوتنخوازانەش لە بیر بکەین. کاتێک لەناو گڵۆباڵیزەیشندا بیر بکەینەوە، دەبێ تیۆرییەکانی هونەری وەرگرین و ئەپڵایان بکەین. بەڵام تیۆرەکانی سووررێئال هێشتا بە تەواوی ئەپلەی نەبوونە، بۆیە چەسپاندنی تیۆری هێشتا کارێکی سەختە، لە کاتێکدا، ئەگەر تیۆرییەکانی هونەری ئەپڵای بکرێن کۆمەڵگەش پێش دەکەوێت.

– ئایا لە کوردستاندا ڕەخنەی هونەری بەرەو پێش چووە؟
کاتێک دەکرێ ڕەخنە بگرین کە ئاگایی و شارەزاییمان هەبێت. کاتێک زانیاری و زانستی هونەر کەم بێت، ڕەخنەش بەپێی پێوەری زانستی شکڵ ناگرێت؛ بەڵکوو دەبێتە دەستوەردان لە کاری هونەری. هونەر لە کوردستان لە چەرخەیەکدا هەر لەدایک دەبێت و دەمرێت و پەرەی نەسەندووە بۆیە ڕەخنەی زانستیش هەر لە قۆناغی سەرەتایی دایە.

– ئەرکی هونەرمەندانی کورد چییە؟
لە جیاتی ڕەخنەی بێ هیواکەرانە، پێویستە هەر کەس، بەپێی توانای خۆی، ئەرکناسانە کارێکی باشی هونەری بکات و بەم شێوەیە لە بەرانبەر مێژوو و نەوەی داهاتوودا سەربڵند بێت.

– ئایا هونەرمەندانی کوردستان هونەری خۆیان بەجیهانیی کردووە؟
یەکێک لە ناودارترین گالۆرییەکانی لەندەن کە پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و تێکدانی شوێنەواری کۆن و فەرهەنگیی کوردی، لە کاتی هێرشی تاریکپەرەستانی داعش، نیشان دراوە. ئەمەش وەک ماتریالی هونەری لە لایەن هونەرمەندانی کوردستان گواستراوەتەوە و بینەری زۆری ڕاکێشاوە.

– لەو دیدگەیەتانەوە، هونەرمەندانی کوردستان چۆن دەبینی؟
کەسێک هونەرمەندە کە چەندین نەوەی داهاتووش بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. بۆیە ناکرێ بە منیش بڵێین هونەرمەند. داپیری منیش گۆرەوی دەچنین بەڵام بە مانای هونەریی ئێستا ئەو هونەرمەند نیە. هونەرمەند دەبێ وەک بتهۆڤن، داڤینچی، تۆڵستۆی و… ئاڤانگارد بن کە تا ئێستاش کۆپییان لێوەردەگیرێت. هونەرمەند دەبێ وەک مەستوورە خانمی ئەردەلان ئامانجی ئاگاکردنەوە و پێشکەوتن بێت و خزمەتیش بە هونەر بکات و نەوەی داهاتووش ئەو بکاتە نموونە. پێویستە ئەوە بزانین کە داڤینچی لە ناو دڵی کلیسادا بە تابڵۆی شامی کۆتایی ئایینی مەسیحییەتی بردە ژێر پرسیار. ئەو سەرەتا نەهات ببێتە نیگارکێش، بەڵکوو هات زمانێکی پەیوەندی بۆ گەیاندنی بیروبۆچوونی خۆی ساز بکات. پێویستە هونەرمەندانی کوردیش هونەر بکەنە زمانی پەیوەندی نەک بە ڕەفتاری ناشیاویان هونەر و هونەرمەند لەبەر چاوی خەڵک بخەن. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هونەرمەندانی کورد لە سەردەمی پێشتر، کە مەیدانیان کەم بووە، باشتر بوون، بەڵام ئێستا کە تەکنەلۆژیا مەیدانی پتری پێداون ئەوانیش خرابی بەکار دێنن و هونەرمەندی ڕەسەنیش کەمتر هەڵدەکەوێ. لە کاتێکدا کە حکوومەت و زانکۆی خۆمان هەیە نابێ بەم شێوەیە بێ.

– هونەرمەندانی کورد لە تاراوگەدا توانیویانە ببنە پردی گواستنەوەی کەلتووری باش و هونەری ڕەسەن؟
زۆربەی هونەرمەندانی ڕەسەنی ئێمە لە دەرەوە کار دەکەن نەک لە ناو کوردستان. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەتمۆسفێری کوردستان بۆ ئەوان لەبار نەبوووە و هەروەها زانکۆی زانستییانەی هونەری لە دەرەوە پێشکەوتووترن لەچاو زانکۆکانی کوردستان. دەتوانین بڵێین ئەوان ڕۆڵی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام بەهۆی لاوازبوونی سیاسەتی حکوومەتی کوردستان و نەبوونی کەلتووری پشتیوانی بورژواکانی کورد لە هونەرمەندان ئەوانیش وەک پێویست نەیانتوانیوە پەیامی کورد بە جیهان بناسێنن و کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتیی جیهان هەبێت. پێویستە ئەوەش بڵێین که ڕۆیشتنی هونەرمەندانی کوردستان بۆ دەرەوە جۆرێکە لە مردنی مەعنەوی ئەو هونەرمەندانە.

– بە ڕای جەنابتان ئەوانەی لە دوورەوڵات دەژین دەبێ هەڵگری چ شوناسێک بن؟
کۆچ جۆرێکە لە گلان و کەوتن، بەڵام دەکرێ خۆشبەختی لەو کۆچەشدا بدۆزنەوە و بە باشترین شێوە بەکاری بێنن و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی خۆیان لەودا بەجێ بگەیێنن. هیوادارم کوردانی دەرەوە ڕیشەی خۆیان ون نەکەن و ببنە نوێنەری فەرهەنگی بەرزی کوردی و بە سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی وڵاتانی دەرەوە ببنە کەسایەتی بەرز و ناوداری وەک کۆچەر بیرکار.

– ئایا هونەر توانیویەتی ڕەوتێکی گوتارئاسا ساز بکات؟
لە کوردستان مەیدانێک دراوەتە هونەر، بەڵام کۆمەڵگە و حکوومەتی کوردستان هێشتا وەرگری پەیامی کلاسیک و ریالیزمە و نەچۆتە ناو کەشی سووررێئالیزم، بۆیە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە خۆرهەڵاتی ناوینیشدا ئەستێرە هەڵناکەون و گۆڕان لەو کەشەدا بە سەختی ڕوو دەدات. تا ئێستا لەم وڵاتانەدا هونەر هەر لایەنی جوانی ناسییەکەی جێی سەرنجە و هێشتا دیدی بەردەنگ قووڵ نەبۆتەوە تا کاریگەریی لە سەر چۆنیەتی بیرکردنەوەیان هەبێت. لە وڵاتانی پێشنەکەوتوودا بەردەنگ نایەوێ مێشکی خۆی زۆر ماندوو بکات؛ بەڵکوو دەیەوێ بە ئاسانی بگاتە مانایەک کە لە سروشت وەرگیرابێت و لە ڕوانگەی خۆی نزیک بێت. بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بە پێچەوانەیە. بۆ نموونە، پاپا لە کلیسا بەرهەمە هونەرییەکانی میکەلانژی لە لا پەسەندە چونکە باسی زاتی مرۆڤ دەکات.

– لەبارەی سیاسەتی هونەری چ پێشنیارێکت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە؟
هەر هزرێک ئەگەر لە ناو قالبی هونەردا نەگونجێت بە سەختی دەمێنێتەوە. شارستانییەت و ئەزموونی کوردستان دەبێ بێتە ناو قالبی هونەر. لەو ڕووەوە، پێویستە مەیدان بدرێتە هونەر تاکوو هونەر و فەرهەنگی کوردی بەجیهانی بێت و ئەو ئەزموونە بۆ نەوەی داهاتووش بگوازرێتەوە. پێویستە بەرهەمی هونەری ڕەسەنی کوردی بە جیهان بناسرێن. هەروەها هونەری ڕەسەن و ناڕەسەن لە یەکتر جیا بکرێنەوە.

خەبات:
وێڕای سوپاس بۆ ئەو کاتەی بۆ ئێمەت تەرخان کردووە و بە پێزانین بۆ بنەماڵەی بەڕێزتان و مامۆستا هێژاکانت، ئارەزووی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و هیوادارین ڕۆژێک دابێت تابڵۆ پڕ مانا و واتادارەکانت بە شانازییەوە لە ناو تەلارە گشتییەکانی جیهاندا خۆ بنوێنن.

ئەحمەدی خانی
بارزانی نەمر
هێدی شاعیر
خانزادی سۆران
مەستوورەی ئەردەلان
پێشمەرگەكانی ئەیلوول
پێشەوا قازی محەمەد
شێخ عبدالسلام بارزانی