سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ پێشخستنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەخت دەکاتەوە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەکەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان له ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: “کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) پێشوازیی لە  بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و دەیڤید تەیفووری، سەرۆکی ژووری ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا -کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد کە پێک هاتبوو لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گازی ئەمریکا.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە: “لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری سامانە سروشتییەکان پێداگریی لەسەر گرنگیی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێم لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کردەوە و پوختەیەک لە ڕێککەوتنەکەی خستە ڕوو، تا ئەو کاتەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی پەسەند دەکرێت، کار بەم ڕێککەوتنە دەکرێت.”

ئاماژە بەوەش کراوە، لە تەوەرێکی  کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنیی بازرگانی-ئەمریکا ئامانجی سەردانەکەی خستە ڕوو کە بۆ ڕێکخستنی گفتوگۆ لە نێوان کۆمپانیاکان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و بازرگان و وەبەرهێنان بەتایبەتی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.  ئامادەیی خۆیشیان بۆ پێشخستنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئومێدیان خواست بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ گەورەکۆمپانیاکانیان بکرێت.

وەزیری سامانە سروشتییەکان وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی دایەوە و ئامادەیی وەزارەتیشی بۆ ئاسانکاریی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان پێشان دا.