
کاروان کەریمخان
بەهێزکردنی ئابووریی کوردستان جگە لەوەی گەشەی وڵاتی بەدوادا دێت و کۆمەڵگە تێیدا بەهێز دەبێت لە ڕووی سیاسیشەوە حکوومەتێکی بەهێز دروست دەکات و وابەستەییش کەمتر دەکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە کورد بە نیگای سیاسی سەیری ئابووری بکات، هەروەها دەبێ بەپێی بارودۆخی ئەمنی بناغەی ئابووری دابنێت، بە واتایەکی ڕوونتر، بەو سەرنجەی کە ئابووریی گەشتیاری بە گوللە هاوەنێک دەڕمێ، لە هەرێمی کوردستاندا دەبێ پتر گرینگی بە ئابووری کشتوکاڵی بدرێت بۆ ئەوەی لە دۆخە نالەبارەکاندا بتوانین خۆمان ڕابگرین و لە هەنگاونان بەرەو ئامانجە مەزنەکان شل نەبینەوە، هەروەها پێویستە بە ڕوانین بۆ گەشەیەکی پایەدار بە شێوازێکی زانستی سەرچاوەکانی ژێر زەوی بەکار بهێنین و نەوەی داهاتووی ئەم وڵاتەش بە هەند دابنێین، بەو تێبینییە سیاسی – ئابوورییەوە، کورد دەتوانێت وەک ئابوورییەکی پلە دوو و پاڵپشت لە هەندێک شوێندا گرینگی بە ئابووریی گەشتیاریش بدات، بۆ نموونە شارێکی وەک شەقڵاوە توانای ئابووریی گەشتیاری هەیە و دەتوانێ ببێتە شارێکی خۆژی و بەرهەمهێن، لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی ئەو ئابوورییە لە کاتە هەستیارەکاندا تووشی وەستان و شکست نەبێت پێویستە لە ناوچەیەکی وەک هەریر گرینگییەکی باش بە توانا کشتوکاڵییەکەی ئەو ناوچەیە بدرێت.
ئەوەی کە لێرەدا جێی سەرنجە ئابووریی گەشتیاری لە کوردستان زیاتر یەک لایەنی هەیە ئەویش گەشتیاریی سروشتییە. لە کاتێکدا ئەو ئابوورییە چەند لق و پۆپێکی دیکەی هەن کە ئەگەر وەگەڕ بخرێن داهاتی زیاتر دێتە دەست، بۆ نموونە، لە ڕووی ئابووریی گەشتیاری، هەرێمی کوردستان خاکێکە کە لە باری جیۆلۆجییەوە جێی تێڕامان و لێکۆڵینەوەیە. ئەو جۆراوجۆرییە لە سەر ڕووی زەویش خۆی نواندووە. بە جۆرێک کە دەکرێ جگە لە کاری زانستی سوودێکی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت. ئەویش گرینگیدانە بە ژیۆتووریسم (Geotourism). لە ڕووی ئابووریی گەشتیاریی ئەوەی تا ئێستا لە کوردستان دەبینرێت زیاتر کەلک وەرگرتنە لە گەشتیاریی سروشت. لە کاتێکدا ئابووریی گەشتیاری چەند جۆرێکی دیکەشی هەن. لەوانە گەشتیاریی مێژوویی، گەشتیاریی ئایینی، گەشتیاریی وەرزشی و گەشتیاری زەویناسی.
ناوچەیەکی وەک شەقڵاوە یەکێکە لەو شوێنانەی کە ئابووریی گەشتیاریی جۆراوجۆری هەیە. واتا جگە لە گەشتیاریی سروشت، گەشتیاریی مێژوویی و گەشتیاری وەرزشی، توانای ڕاکێشانی گەشتیاری زەویناسیشی هەیە، لە شەقڵاوەدا جگە لە ئیکۆتوریسم (سروشت گەردی)، چەند لقی دیکەی گەشتیاریی هەن، بە سەرنجدان لە خاکە جۆراوجۆرەکەی ئەم ناوچەیە و بەپێی زەویناسییەکەی دەکرێ لەم ناوچەیەدا گرینگی بە ژیۆتووریسم (Geotourism) [گەشتیاری زەویناسی] بدرێت، بە تایبەتی کاتێک لە سەفین سەیری سۆرک دەکەی ژیۆتووریسم پتر بانگت دەکات، هەروەها بە وردبوونەوە لە بیابانەکانی عێراق و چەند وڵاتێکی عەڕەبی لە ناوچەکەدا دەکرێ شەقڵاوە ببێتە شوێنی بۆنە وەرزشییەکان و گەشتیاریی وەرزشی دابهێنرێت، بەو دیدەی کە چەندین شوێنەواری مێژوویی لە سنووری قەزای شەقڵاوە هەن دەکرێ بە ناساندیان و بە چەند تەکنیکێک ئەم شوێنەوارانە ببنە شوێنی گەشتیاری و لە ڕووی سیاسی-فەرهەنگیش واتای پێبدرێت، بۆ نموونە دەکرێ لە نزیک قەڵای خانزاد چەندین وردە پڕۆژەی گەشتیاری بونیاد بنرێن بۆ ئەوەی گەشتیاران بەبێ دەستی خۆیان قەڵایەکی کوردی ببینن و کەلتووری ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی ژن لە سەردەمێکی کۆن لە ناو کورددا ببینن و زەینی بەراوردییان چالاک بێت و پەی بە شارستانییەت و کەلتووری ڕەسەنی کوردی بەرن، بەڵام لەو ناوچەیە تەنها گەشتیاریی سروشت تۆخ بووە، شایانی ئاماژەیە گەشتیاریی سروشتیش لەم ناوچەیەدا هەموو وەرزەکان ناگرێتەوە، لە کاتێکدا شەقڵاوە بە وەرزی سەرماش دەکرێ ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی زستانە.