وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆ باندێكی فریودەریان دەستگیر كردووە كە قوتابیانیان فریو داوە بۆ گزیكردن بە بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پەروەردەیە:-
راگەیندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەتی پەروەردەوە:
لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی، لەسەر سکاڵای یاسایی وەزارەتی پەروەردە، چەندین باندی فریوودەریان دەستگیرکردووە، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان قوتابیان و خوێندکاران فریوو دەدەن بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گزیکردن (غش).
بەمەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری سکاڵاکاردەبین لەسەر هەر کەس و باندێک، کە بانگەشەی نایاسایی لەبارەی تاقیکردنەوەکان بکات و رووبەڕووی دادگاکانیان دەکەینەوە. سوپاسی تایبەت بۆ هەماهەنگی و ماندووبوونی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣٠ی ٤ی ٢٠٢٣