خەبات :ساسان دەروێش:- بەر لە 125 ساڵ ولە 22ی نیسانی 1898دا، لە قاهیرەی پایتەختی میسرو بۆ یەكەم جار لە مێژووی گەلی كورددا، ڕۆژنامەیەك بەناوی ڕۆژنامەی ( كوردستان ) لەدایكبوو، لەسەردەستی میقداد مەدحەت بەدرخان، ڕۆژنامەی كوردستان وێڕای جێ گوڕكێی دەرچوونی بەهۆی گوشاری داگیركاران،توانی خەمی گەلێكی بندەست و دابەشكراو بخاتە نێو لاپەڕەكانی مێژووی ڕۆژنامەگەرییەوە كە ببێتە بنەمایەك بۆ ڕەوتی ڕۆشنبیری و گەشەسەندنی كاروانی ڕۆژنامەگەری كوردی. بەم بۆنە پیرۆزەوە ، بەدەرفەتم زانی سەردانی خاتوو سینەم بەدرخان ، نەوەی میری جزیرەی بۆتان بكەم لەماڵی تایبەتی خۆی لەشاری هەولێر،بەڕوویەكی گەش وقسەی شیرین پێشوازیەكی گەرمی لێكردم وتاجەگوڵینەیەك لەگوڵی خۆرسكی كوردستانم پێشكەشكرد، كاتێك چوومە ژوورێ بۆ ناوماڵەكەی سەرسام بووم بەوهەموو وێنە و بەڵگەنامانەی كە بەدیوارەكانەوە هەڵواسرابوون بەهەموویان دیمەنێكی جوانی كۆن وسەرنج ڕاكێشی مێژووییان دەنواند لە شێوەی مۆزەخانەیەك لەگەڵ كەرەسەكانی ناوماڵەكەدا ئاوێتەی یەكتربوون، لەووردبوونەوەی هەریەكەیاندا چیرۆكێكی درێژیان لەناخداحەشاردرابوون،بۆیە پێویست بوو پرسیاریان لەسەربكەم و بە خۆشحاڵیەوە وەڵامی پرسیارەكانی ئەدامەوە، داوام لێكرد بۆ خەبات بۆم بدوێت دەربارەی كۆكراوەی وێنەكانی ماڵباتەكەی وبەڵگەنامەو ئەرشیفكردنیان و ڕاستكردنی ئاڵاكەی كوردستان بەسەرۆك بارزانی وبوونی بەخاوەنی ‌هەڵگری مەدالیای بارزانی.

یەكبوونی نەتەوەی كورد ئاواتی هەرەگەورەی منە
لە ئێستادا سینەم بەدرخان لەماڵەكەی خۆیدا چەندین بەڵگەنامەودۆكۆمێنتی نووسراوی كۆنی تایبەت بەڕۆژنامەی كوردستان وبنەماڵەكەی خۆی هەیە وبەگوتەی خۆشی دەیەوێت مۆزەخانەیەكی تایبەت بەناوی بەدرخانیەكانەوەبكاتەوە، پیرۆزبایی خۆی بۆ ڕۆسنبیرانی كورد ونووسەران دەربڕی بەبۆنەی 125 ساڵەی ڕۆژنامەی كوردستان وگوتیشی: یەكبوونی نەتەوەی كورد بەردەوامی كاروانی ڕۆژنامەگەری كوردی دەبێت وناوی ڕۆژنامەی كوردستانیش درەوشاوەتردەبێت كە ئاواتی هەرەگەورەی منە.

ئەو ئاڵاییەی تەمەنی 104 ساڵ بوو ڕادەستی سەرۆك بارزانیم كرد
سینەم بەدرخان لەبارەی ڕادەستكردنی ئاڵا كە بۆ سەرۆك بارزانی گوتی : 18ی شوباتی 2023 دوای 104 ساڵ لەهەڵكردنی ئەوئاڵاییە كەلەلایەن باپیرەم ( میرئەمین عەلی بەدرخان وهاوڕێكانییەوە ) ئاڵاكەم ڕادەستی سەرۆك بارزانی كرد وەك متمانەپێكردن بەدەستێكی ئەمین و پارێزراو بۆ ئەوەی لەدەشت وچیاكانی كوردستان هەڵیبكات وەك ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان ، سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكەم بۆ ئەوپێشوازیەگەرمەیان.

شانازیەكی گەورەیە بۆمن بوومە هەڵگری مەدالیای بارزانی
لەكۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 2023، سینەم بەدرخان بووە خاوەنی هەڵگری مەدالیای بارزانی لەپای خەبات وتێكۆشانی بەردەوامی ولەوبارەیەوە گوتی : من شانازی دەكەم بەوڕێزلێنانە، بۆمن شانازیەكی گەورەیە ، بەخەبات وتێكۆشانی ئافرەتی كوردی دەزانم لە پشتگیریان بۆ شۆڕشەكانی كوردستان وسوپاسی گەرمی سەرۆك بارزانی دەكەم.

تابلۆیەك بەرەنگی مێژووی سینەم بەدرخان
دژوار ئیبراهیم ، هونەرمەندی شێوەكاری كورد، بۆ ڕۆژی لەدایكبوونی سینەم بەدرخان كە هاوكاتە لەگەڵ جەژنی نەورۆز تابلۆیەكی نەخشێنراوی دەستی خۆی پێشكەشكردوە ولەوبارەیەوە گوتی: بەئەركی سەرشانی خۆم زانی وەك هونەرمەندێك تابلۆیەك بۆ ڕۆژی لەدایكبوونی سینەم خان پێشكەش بكەم كەهاوكاتە لەگەڵ ساڵی نوێی كوردی نەورۆز، لە تابلۆكەدا كۆمەڵێك گوزارشت هەیە كەهەریەكەیان ڕووداوێكن لەخۆشی وناخۆشی وێستگەكانی ژیانی سینەم بەدرخان.

بەشێك لە وێستگەكانی ژیانی سینەم بەدرخان
سینەم جەلادەت بەدرخان ، لە بنەماڵەیەكی نیشتیمانپەروەر لە ساڵی 1938 لەدیمەشق لەدایكبووە و قوتابخانەی ڕاهیباتی فەڕەنسی لەشام تەواو كردووە، بەكالۆریۆسی زمانی فەڕەنسی وعەرەبی وەرگرتووە،بۆ ماوەی دووساڵ خوێندنی بۆ پارێزەری خوێندوە،ساڵی 1960 بەهۆی هاوسەرگیری كردنی لەگەڵ ئەندازیار سەلاحەدین محەممەد سەعدوڵڵا هاتووەتە باشووری كوردستان ، ماوەیەكی زۆر لەكەركووك وبەغدا نیشتەجێدەبن، لە دوای ڕێككەوتنامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970 دەبێتە سەرۆكی لقی كەركووكی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان ، ساڵی 1974 بەبڕیاری حزبی بەعس لەكەركووك دەركراون،ساڵی 1980 بووەتە مامۆستا لە قوتابخانەیەكی نەتەوەیەكگرتووەكانی تایبەت بەزمانی فەڕەنسی،لە ساڵی 1995 خانەنشین بووە وخاوەنی كوڕوكچێكە بەناوەكانی ( دڵناز و ئازاد ) ئێستا لە هەولێری پایتەختی كوردستان دەژی.

نێردراوی خەبات چەپكێك گوڵی پێشكەش بە خاتوو سینەم بەدرخان كرد