خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- ڕۆژی شەممەی ڕابردوو 15ـی نیسان،لە خەرتومی پایتەختی سودان،پێكدادان لە نێوان هێزەكانی سوپا بە سەرۆكایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەكانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازیی بە سەركردایەتی،محەمەد حەمدان دەقلو (حەمیدتی)،لە گۆڕانێكی كتوپڕی ململانێی نێوانیان بۆ شەڕێكی چەكداریی ڕوویدا. پێش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش،هێزەكانی پشتیوانی خێرا (كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی) كۆشكی كۆمارییان لە ناوەڕاستی خەرتوم،فڕۆكەخانەی خەرتوم،فڕۆكەخانەكانی مەڕی (باكوور) و سپی (ناوەڕاست) ڕاگەیاند. هێزەكانی پشتیوانی خێرا،لە داخویانییەكدا دووپاتی كردەوە،كە هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە پاڵ (هەموو هاووڵاتیان دەوەستێت و بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی میللەت و شۆڕشی شكۆمەندی گەلە سەركەوتووەكەی)،وەكو ئاماژەیەك بە شۆڕشی 2019 كە دوای سی ساڵ مانەوە لە دەسەڵات،عومەر بەشیری دیكتاتۆری لە دەسەڵات لادا.
سەرەتا
هەر لە كاتژمێرەكانی سەرەتای بەیانییەوە دەنگی بەرزی تەقینەوە و تەقە لە خەرتوم بیسترا،پێش ئەوەی هێزەكانی پشتیوانی خێرا،لە داخویانییەكدا،سوپا بە هێرش كردنە سەر سەربازگەكانی تۆمەتبار بكات. سوپاش لە ماوەیەكی كورتدا بە تۆمەتێكی هاوشێوە وەڵامی دایەوە كە هێزە نیمچە سەربازییەكان دەستیان بە هێرش كردنە سەر مۆڵگەكانی كردووە. هێزەكانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان بە دەستپێشخەری شەڕەكە یەكتری تۆمەتبار دەكەن،هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە داخویانییەكدا پشتڕاستی كردەوە كە،سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە،سەریان سوڕما بەهۆی ئەوەی هێزێكی زۆری هێزە چەكدارەكان بە هەموو جۆرە چەكێكەوە چوونە ناو بارەگای هێزەكان (سەر بە هێزەكانی پشتیوانی خێرا) لە سەربازگەكانی سوپا لە خەرتوم،گەمارۆی هێزەكانیان داوە.
پێكدادانەكان بەردەوامن
لای خۆیەوە،فەریق نەبیل عەبدوڵڵا،وتەبێژی سوپا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند،جەنگاوەرانی هێزەكانی پشتیوانی خێرا هێرشیان كردە سەر چەند سەربازگەیەكی سوپا لە خەرتوم و ناوچە جیاجیاكانی سودان. ئاماژەی بەوەش كرد،پێكدادانەكان بەردەوامن،سوپاش ئەركی خۆی بۆ پاراستنی وڵات جێبەجێ دەكات. ئەمەو ئەلبورهان و حەمیدتی لە 25ـی تشرینی یەكەمی 2021دا كاتێك كودەتاكەیان لەدژی حكومەت ئەنجامدا،یەك بەرەیان پێكهێنا،بەڵام لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ململانێی نێوانیان دەركەوتووە و دەستی بە هەڵكشان كردووە. دوو ڕۆژ پێش شەڕەكەش،سوپای سودان لە داخویانییەكدا هۆشداریی دابوو كە وڵات بە (وەرچەرخانێكی مەترسیدار)دا تێدەپەڕێت دوای جێگیركردنی هێزی پشتیوانی خێرای چەكدار لە خەرتوم و شارە سەرەكییەكاندا. سەرهەڵدانی ئەم ململانێیە چەكدارییە لە كاتێكدایە كە سودان بە هۆی ململانێی نێوان ئەو دوو ژەنەراڵەوە تووشی بنبەستێكی سیاسیی بووە. لە سەرەتای مانگی نیساندا،واژۆكردنی ڕێككەوتنێك لە نێوان سەربازیی و مەدەنییەكان بۆ كۆتایی هێنان بەو قەیرانەی كە وڵاتەكە لە دوای كودەتاكەوە تووشی بووە،دووجار دواخرا،ئەوەش بەهۆی ناكۆكی لەسەر مەرجەكانی تێكەڵ كردنی هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە سوپادا بوو،كە بڕگەیەكی سەرەكییە لە ڕێككەوتنی ئاشتی ئەوەی پێی گەیشتبوون. بڕیار بوو ئەم ڕێككەوتنە ڕێگە بە پێكهێنانی حكومەتێكی مەدەنی بدات،ئەمەش مەرجێكی بنەڕەتی گەڕانەوەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بوو بۆ سودان،كە یەكێكە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان. شیاوی باس كردنە،هێزی پشتیوانی خێرا لە ساڵی 2013 دروست بووە و لە میلیشیای جەنجاوید سەری هەڵداوە،كە ئەلبەشیر،بۆ سەركوت كردنی یاخیبووان لە ناوچەی دارفور پشتی پێ دەبەست.
دیارترین ڕووداوەكانی سودان لە دوای كودەتاكەی 2021دا
دیارترین ڕووداوەكان لە دوای كودەتا سەربازییەكەی 25ـی تشرینی یەكەمی 2021 تاكو نیسانی 2023. لە 15ـی نیساندا،شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی سوپا بە سەرۆكایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزە نیمچە سەربازییەكانی پشتیوانی خێرای لایەنگری هاوپەیمانی پێشووی،محەمەد حەمدان دەقلو ڕوویدا. سودان بە قۆناغێكی گواستنەوەییدا تێدەپەڕی و بڕیار وابوو تاكو كۆتایی ساڵی 2023 دەسەڵات ڕادەستی خەڵكی مەدەنی بكرێتەوە.
– لە 25ـی تشرینی یەكەمی 2021،زۆرینەی ڕەهای بەرپرسانی مەدەنی،لەنێویاندا عەبدوڵڵا حەمدۆك،سەرۆكوەزیران دەست بەسەر كران،دوای ئەوەی ڕەتیان كردەوە پشتیوانی لە كودەتاكە بكەن،كە فەرماندەی سوپا،لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهان سەرۆكایەتی دەكرد. ئەلبورهان،دوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی گواستنەوەیی و دوورخستنەوەی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی حكومەت و ئەندامانی مەدەنی ئەنجومەنی سەروەریی كە بەرپرسیارن لە سەركردایەتی كردنی قۆناغی گواستنەوەیی باری نائاسایی ڕاگەیاند. واشنتۆنیش هاوكارییە 700 ملیۆن دۆلارییەكەی بۆ سودان ڕاگرت.
– لە 26ـی تشرینی یەكەمدا،هەزاران سودانی لە خەرتوم لە دژی سوپا خۆپیشاندانیان كرد و شەقامەكانیان داخست،هاوكات هێزە ئەمنییەكانیش زرێپۆشیان لەسەر پردەكان و ڕێگا سەرەكییەكان جێگیركرد. پاشان بەهۆی زۆری بانگەوازەكان بۆ ئازادكردنی سەرۆك وەزیران،كە لەلایەن فەرماندەی سوپاوە لە ماڵەكەی خۆیدا ڕاگیرابوو،عەبدوڵڵا حەمدۆك،گەڕێنرایەوە ماڵەكەی خۆی و خرایە ژێر مانەوەی بە خورتی.
– یەكێتی ئەفریقیا بەشداریی كردنی سودانی لە سەرجەم چالاكییەكانیدا هەڵپەسارد،بانكی نێودەوڵەتی هاوكارییەكانی ڕاگرت،داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش كرد،حكومەتێكی گواستنەوەیی دروست بكات،كە كەسانی مەدەنی بەڕێوەی ببەن،ئەمە داواكاریی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكاش بوو.
– لە 4ـی تشرینی دووەمدا،بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەكانەوە،چوار وەزیر ئازاد كران.
-لە 11ـی هەمان مانگیشدا،ئەلبورهان،ئەنجوومەنێكی نوێی سەروەریی بە شێوەی گواستنەوەیی پێكهێنا،كە چوار نوێنەری هێزەكانی ئازادی و گۆڕانی لێ دوورخستەوە،پۆستەكەی خۆیشی وەكو سەرۆكی ئەنجوومەنەكە پاراست،لیوا محمد حەمدان دەقلو (حەمیدتی) فەرماندەی هێزی پشتیوانی خێرا لە پۆستەكەی خۆی وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنەكە مایەوە،كە بەوە تۆمەتبار بوو لە سەردەمی شەڕی دارفور و ڕاپەڕین لە دژی بەشیردا پێشێلكاری كردووە.
– لە 21ـی تشرینی دووەمدا،لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهان و عەبدوڵڵا حەمدۆك،سەرۆكوەزیرانی سودان،سەبارەت بە گەڕانەوەی حەمدۆك بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی سودان گەیشتنە ڕێككەوتن،بەڵام ئەمە نەبووە هۆی هێوركردنەوەی شەقام و خۆپیشاندان لە چەند شارێكدا بەردەوام بوو. ڕۆژی دواتریش زۆرێك لەو سیاسەتمەدارانەی كە لە دوای كودەتاكەوە دەستبەسەر كرابوون ئازاد كران.
– لە 2ـی كانونی دووەمی 2022دال،عەبدوڵڵا حەمدۆك،سەرۆكوەزیران دەست لەكاركێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند،دوای ئەوەی ڕۆژێكی نوێی ناڕەزایەتی دەربڕین بووە هۆی كوژرانی سێ خۆپیشاندەر. لە چەند مانگی دواتردا لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا كوژراوی زیاتر كەوتن.
– لە 8ـی حوزەیراندا،دانوستانەكان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی پێ كرد،كە لایەنە مەدەنییە سەرەكییەكان،بەتایبەتی هێزەكانی ئازادی و گۆڕان بایكۆتیان كرد،كە بڕبڕەی پشتی ئەو حكومەتە مەدەنییە بوون،ئەوەی دوای كودەتاكە لە پۆستەكانیان دوورخرا بوونەوە،ئەمەش وەكو پێشمەرجێك بۆ كۆتایی هێنان بە سەركوت كردن و ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی دانرا.
– لە 11ـی هەمان مانگدا،گەڕی دووەمی دانوستانەكان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
– لە 21ـی تەمموزدا،بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی نەبوونی خۆراك لە سودان،بانكی نێودەوڵەتی بەخشینی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ ناردنی (كۆمەك و خۆراك) ڕاگەیاند.
– لە 12ـی ئەیلولدا،ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوی (منداڵان ڕزگار بكەن) ڕایانگەیاند كە نزیكەی 7 ملیۆن منداڵی سودانی لە خوێندن بێبەشن و نزیكەی 12 ملیۆن منداڵیش مەترسی وازهێنانیان لە خوێندن لەسەرە.
– لە 18ـی تشرینی یەكەمدا،خالد عومەر یوسف،سەرۆكی (هێزەكانی ئازادی و گۆڕان) ڕایگەیاند،كە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپادا بەردەوامە.
-لە 19 و 20ـی تشرینی یەكەمدا،پێكدادانی هۆزەكان لە ویلایەتی نیلی شین لە باشووری سودان،بووە هۆی كوژرانی 250 كەس.
– لە 5ـی كانوونی دووەمدا،ژەنەراڵ بورهان،فەرماندە محەمەد حەمدان دەقلو،پیاوی دووەمی دەسەڵات و چەندین سەركردەی مەدەنی،بە تایبەت لە هێزەكانی ئازادی و گۆڕان،ڕێككەوتنێكیان بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانەكان واژۆ كرد. واژۆكردنەكە بە ئامادەبوونی،ڤۆڵكەر پێرتس،نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سودان و محەمەد بلعیش،باڵیۆزی یەكێتی ئەفریقیا لە خەرتوم بەڕێوەچوو.
– لە 13ـی نیساندا،هێزەكانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازیی لایەنگری دەقلو،لە خەرتوم و شارە گەورەكان جێگیر بوون.
– لە 15ـی نیسانیشدا،هێزەكانی پشتیوانی خێرا كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی خەرتوم و كۆشكی كۆمارییان ڕاگەیاند،دوای ئەوەی پێكدادان لەنێوان ئەوان و هێزەكانی سوپا ڕوویدا.
گۆتێرێس: ڕەنگە ململانێی سودان هەموو ناوچەكە بگرێتەوە
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس،سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان،هۆشداریدا لەوەی توندوتیژییە بەردەوامەكانی سودان لە نێوان هەردوو لایەنی شەڕكەردا ڕەنگە بگوازرێتەوە بۆ هەموو ناوچەكە و دەرەوەی وڵات و گوتی،دۆخی سودان لە تێكچوونی بەردەوام دایە. ئەمەو لە ماوەی دە ڕۆژ شەڕی سودان لە نێوان سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا،427 كەس كوژران و نزیكەی چوار هەزار كەسیش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەش كرد،دەبێت توندوتیژییەكان بوەستێنرێت. هەڕەشەی ئاگركەوتنەوەیەكی كارەساتبار لە ناوخۆی سودان دەكات كە ئەگەری هەیە بۆ تەواوی ناوچەكە و دەرەوەی وڵاتیش بڵاوبێتەوە. جەختیشی لەوە كردەوە كە،بەردەوام لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێیەكە لە پەیوەندیدایە،داوایان لێ دەكات گرژییەكان كەم بكەنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان. گوتیشی،پێویستە هەموو هەوڵێك بدەین بۆئەوەی سودان لە لێواری هەڵدێر بگێڕینەوە و نەتەوە یەكگرتووەكان بەنیاز نییە سودان جێبهێڵێت،پشتیوانی لە خواستەكانی گەلی سودان دەكەین،بۆ داهاتوویەك كە تێیدا چێژ لە ئاسایش و ئارامی وەربگرن. ئێمە لەم كاتە سەختەدا پشتییان تێ ناكەین.
دراوسێیەكانی سودان لە خۆیان دەترسن
لەگەڵ چوونە ناو هەفتەی دووەمی پێكدادانەكانی سودان،دڵەڕاوكێیەكی ناوچەیی بە تایبەتی هەر حەوت وڵاتی دراوسێی سودانی گرتووەتەوە،لەوە دەترسن ململانێیەكان فرەوانبوونی جوگرافی بە خۆوە ببینێت،ئەمەش ترسی شەپۆلی گەورەی ئاوارەكان بەرەو ناوچە سنوورییەكان زیاد دەكات،لە كاتێكدا زۆربەیان بەدەست قەیرانی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن و پێناچێت پێویستیان بە قەیرانی زیاتر بێت. پێنج لەو حەوت وڵاتەی دراوسێی سودان،ئەسیوپیا،چاد،كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست،لیبیا و باشووری سودان،لە چەند ساڵی ڕابردوودا خۆیان قەیرانی نائارامی سیاسیی و ململانێی ناوخۆییان هەبوو،سەرباری ئاوارەبوون و پەڕاگەندەیی بە هەزاران كەس.
ترسی تەشەنەكردن
وڵاتانی دراوسێی سودان ترسیان لە قەیرانی ئاوارەبوونی بەكۆمەڵ بەرەو خاكەكانیان هەیە و بەپێی ئامارە فەرمییەكان زیاتر لە پێنج ملیۆن سودانی لە میسر دەژین. لیبیا كە بەدەست دابەشكاری قووڵی ناوخۆوە دەناڵێنێت،پێشبینی كاریگەرییە تەناهییەكان لە ئاكامی قەیرانی سودان دەكات،چونكە بەكرێگیراوان و چەكدارانی میلیشیاكانی سودان لە دوای ساڵی 2011ـەوە ڕۆڵێكی كارایان لە ململانێی ناوخۆییەكانی لیبیادا هەبووە،هەروەها سودان نوێنەرایەتی خاڵی دەستپێك و پەڕینەوە دەكات بۆ ئەو كۆچبەرانەی كە دەیانەوێت لە ڕێگەی لیبیا بەرەو ئەوروپا بڕۆن. هەرچەندە چاد داخراوە،بەڵام لە یەكەم ڕۆژی سەرهەڵدانی پێكدادانەكانەوە،سنوورەكانی لەگەڵ سودان توندتۆڵ كردووە،بەو پێیەی نزیكەی هەزار كیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. چاد ڕایگەیاند كە چەكی لە 320 سەرباز كە چوونەتە ناو خاكەكەی داماڵیوە. چاد یەكێكە لە گەورەترین وڵاتانی ئەفریقا كە میوانداریی پەنابەران دەكات،بەو پێیەی ژمارەی یەك ملیۆن كەس لە دۆخی ئاوارەبوونی زۆرەملێدان لەناوخۆی وڵاتەكەدا،لەنێویاندا 580 هەزار پەنابەر لە ئەنجامی ململانێیەكانی وڵاتانی دراوسێی سودان و كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و كامیرۆن و 406 هەزار پەنابەر خەڵكی ئاوارەی ناوخۆیی لە دەوروبەری دەریاچەی چاددا.
ئاگربەستی كاتی
ئەنتۆنی بلینكن،وەزیری دەرەوەی ئەمریكا،لە داخویانییەكدا كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە،ڕایگەیاند،سوپای سودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا ڕێككەوتوون لەسەر جێبەجێ كردنی ئاگربەستێكی سەرتاسەریی كە لە نیوەی شەوی 24ـی نیسان دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی 72 كاتژمێر بەردەوام دەبێت. لە داخویانییەكەدا،وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە هەردوولا كرد كە دەستبەجێ و بە تەواوی ئاگربەستەكە جێبەجێ بكەن،ئاماژەی بەوەش كرد،ئەمریكا هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارە مەدەنییەكانی سوداندا دەكاتـ بۆ ئەوەی هاوكاربێت لە دامەزراندنی لیژنەیەك بۆ سەرپەرشتی كردنی دانوستانەكان،جێبەجێ كردنی وەستاندنی هەمیشەیی دوژمنایەتییەكان و ڕێكخستنی كارە مرۆییەكان لە سوداندا. بلینكن،جەختی لەوەش كردەوە كە وڵاتەكەی لە كاركردن لەگەڵ لایەن و هاوبەشەكانی سودان بەردەوام دەبێت،بەرەو ئامانجی گەڕانەوە بۆ حكومەتێكی مەدەنی لە سودان. لای خۆیەوە هێزەكانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆكایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی،پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەستەكە ڕاگەیاند،كە لەسەر بنەمای (نێوەندگیری) ئەمریكا هاتووەتە ئاراوە. ئاماژەی بەوەش كرد،ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی 72 كاتژمێر،لە نیوەی شەوی 24ـی نیسان بەمەبەستی كردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەكان،ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و دانیشتووان دەست پێ دەكات،تاكو بتوانن پێداویستییەكانیان دابین بكەن،بە نەخۆشخانەكان و ناوچە ئارامەكان بگەن،لەگەڵ چۆڵ كردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان. هەماهەنگی و هەموو ئاسانكارییەك دەكەن،بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەكان بتوانن بە سەلامەتی وڵات بەجێبهێڵن و هاووڵاتیانیش ئەوە بكەن كە پێیان باشە.











