خەبات: هاژە بەرزنجی- سلێمانی:- شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی 29 – 30 / 4 / 2023 هونەرمەندی شانۆی کۆمیدی و درامای گەردەلوول ( هادی مەحموود) ناسراو بە (عەریف حەمە تاڵ ) بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کۆچی دواییکرد، هونەرمەند ھادی مەحموود ناسراو بە (عەریف حەمە تاڵ) لە ساڵی 1970 لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، هونەرمەند لەدەسپێکی هونەری خۆیدا، بەکەسایەتی (عەریف حەمە تاڵ) لەدرامای گەردەلوولدا دەرکەوت، هونەرمەندی کۆچکردوو دوای دەرکەوتنی لەفیلمی گەردەلوولدا، بەشداری دەیان فیلم وشانۆی کۆمیدی و درامای کوردی کردووە، بەڵام سەد حەیف مەخابن دوای ساڵانێک لە خزمەتی هونەری کوردی لەشەوی 29/30/4/2023 بۆ دواجار ماڵئاوایی لەهونەری شانۆی کۆمیدی و درامای کوردی کرد و جێیهێشتین، ئێمەش بەناوی کارمەندانی ڕۆژنامەکەمانەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی بەڕێزی هونەرمەند و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان و هەوادارانی شانۆی کوردی دەکەین، داوا لەخوای گەورەش دەکەین گیانی هونەرمەند بەبەهەشتی بەرین شادبکات و خوالێی خۆش بێت.