
خەبات- هەولێر:
هاووڵاتیان گلەیی و گازاندەیان لە هێنانی كەلوپەلی بیناسازی خراپ هەیە بۆ كوردستان و زۆربەی ئەو كاڵایانەی كە دێنە بازاڕەكانی كوردستان كوالیتیان نزمەو بەرگەی ماوەیەكی زۆر ناگرن، دوكاندارانیش گلەییەكە بۆ بازرگانان دەگەڕێننەوەو لەونێوەندەشدا هاووڵاتیان زەرەرمەندن و بەدەست ئەو كاڵا خراپانە دەناڵێنن:
هاووڵاتیان : هێنانی كاڵای چینی بازاڕەكانی كوردستانی تەنیووە
خەلیل حەسەن هاووڵاتییەكی دانیشتووی هەولێرە و خەریكی خانوو دروستكردنەو بۆ كڕینی كەرەستەی كارەبا هاتبووە بازاڕی نیشتیمان و گوتی: ڕوولە هەر شوێنێك بكەین كاڵاو كەرەستەی چینیمان بەرچاو دەكەوێت و گەرەنتی ئەو كاڵایانە نییە، ئێمە وەك هاووڵاتی دەپرسین بۆچی بازرگانان هەوڵی هێنانی كاڵای خراپ دەدەن؟ ئایا ناتوانن هەرلەو وڵاتە كاڵای كوالیتی بەرز بهێنن؟! یاخود لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوالیتی كۆنترۆڵا بۆچی بەدواداچوونی بۆ ناكەن؟
هاووڵاتی قاسم عەلی لە هەمان بازاڕ گوتی: بۆ كڕینی كاڵای كوالیتی بەرز نازانین ڕوولە چ دوكانێك بكەین؟ چەندین شوێنم كردووەو تا ئێستا دوكانێك شك نابەم كە كەلوپەلی كارەبایی باشی هەبێت و زۆربەیان گرەنتیان لەگەڵ نییەو بەرگەی چەند هەفتەیەك ناگرن، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كەچاویان بخەنە سەر بازرگانان و بەڵێننامەیان لێ وەرگرن بۆ ئەوەی كاڵای كوالیتی بەرز بهێنن.
هەر لەبازاڕی نیشتیمان عادل كەریم گوتی: كەمن ئەوانەی كە ڕوو لە هێنانی كاڵای كوالیتی بەرز دەكەن، دەكرێ بازرگانان لە وڵاتان هەوڵی هێنانی كاڵای كوالیتی بەرز بدەن، ئەو هۆكارەش بۆ ویژدان و بۆ نزمی ئاستی هوشیاری ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە كە كاڵاكان دەهێننە بازاڕەكان.
مام نادر هەر لەو بازاڕە قسەی بۆ خەبات كردو گوتی: ماوەی ساڵێكە خانووم دروستكردووەو زۆر ماندوو بوم تا خانووەكەم تەواو كرد، هەر كەرەستەیەكم لە شوێنێك پەیدا كردووەو زۆربەی كەرەستەكانی وەكو كەلوپەلی كارەبایی بۆ چەندین جار بگۆڕم و كەرەستەكانی ئاوەڕۆش لەكار كەتوون، هۆكارەكەی بۆ بازرگانان دەگەڕێنمەوە كە كاڵای كوالیتی باش ناهێنن بۆ بازاڕەكان.
دوكانداران: ئێمە لە هێنانی ئەو كاڵا خراپانە بەپرس نین
دواتر هەرلەو بەدواداچوونەدا ژمارەیەك لە دوكانداران قسەیان بۆ كردین، لەبازاڕی نیشتیمان چەندین دوكانداری فرۆشتنی كەلوپەلی كارەبایی و كەرەستەی دیكە هەیەو لەوێدا حاجی كەریمی دوكاندار گوتی: ماوەی چەندین ساڵە خەریكی فرۆشتنی كەلوپەلی كارەباییم و زۆربەی ئەو كەرەستانەی كە دەیانهێنم لە وڵاتی چینەوە هاتوون، ئەو كەرەستەی كە كوالیتی بەرز بێت نرخەكەی گرانەو هاووڵاتیان زۆربە كەمی دەیكڕن، ئەوەتا سویج پلاك هەیە نرخی یەك دانە بە سێ هەزار دینارەو بەلای هاووڵاتیانەوە گرانە، كاڵای ئاساییمان هەیە نرخەكەی بەیەك هەزار دینارەو زۆربەی هاووڵاتیان دەیكڕن، تاوانی ئێمەی تیا نییەو كەرەستەكانیش بە دۆلار دەكڕین و نرخەكانیش هەڵبەزو دابەز دەكەن.
لەبازاڕی كوران لەسەر ڕێگای هەولێر- مەخمور ژمارەیەك دوكانی جۆراوجۆری فرۆشتنی كەرەستەی بیناسازی هەیە لەوێدا بارزان حاجی عوسمان خاوەنی شوێنی فەرمان گوتی: شەقامی كوران زۆربەی هەرە زۆری دوكاندارانی ئەوانەن كەرەستەی كارەباو بیناسازی دەفرۆشن و هەندێ لە دوكانداران خۆیان سەردانی وڵاتان دەكەن بۆ هێنانی كاڵاو كەلوپەل و بە دۆلار دەیكڕین و لێرە بە دینار دەیفرۆشینەوە بە هاووڵاتیان، ئەو كەرەستانەی كە خودی دوكاندار بیهێنێت دوو جۆری هەیە جۆری كوالیتی بەرزو جۆری كوالیتی نزم، كەرەستەی كوالیتی بەرزو بە گەرەنتی نرخەكەی گرانترەو هی كوالیتی نزمیش نرخەكەی هەرزانەو زۆربەی هاووڵاتیان بەدوای كەرەستەی هەرزاندا دەگەڕێن، ئەو كەرەستە هەرزانانەش بەرگەی ساڵێك ناگرن و بەماوەی چەند هەفتەیەك لەكار دەكەون، دیارە ئێمە هەرگیز حەزناكەین كەرەستەی كوالیتی نزم بهێنینە بازاڕو ئەوانەی، كە دێنە لای ئێمە بۆ چەندین جار دێنەوە لامان، لەبەر ئەوەی كەرەستەی كوالیتی خراپ ناهێنین و ڕاستییەكەی پێ دەڵێین تا بۆی روونبێتەوە كامە كەرەستە خراپەو كامەیان كوالیتیان بەرزە، پێویستە هاووڵاتیان بەدوای كەرەستەی باشدا بگەڕێن و چاویان لە هەرزانی نەبێت.
دواتر كامەران خاوەنی شوێنی كامەران لە هەمان بازاڕ گوتی: دەمەوێت بۆ هاووڵاتیانی ڕوونبكەینەوە كە كەرەستەو كەلوپەلی چینی كوالیتی بەرزو نایاب و بەگەرەنتی نرخەكەی كەمێك گرانترە لە چاو كەرەستەی كارەبایی هەرزان، بۆ نموونە چەندین جۆری پلاكی نایاب و بەگەرەنتیمان هەیە، بەڵام نرخەكەی گرانەو گەرەنتی 10 ساڵی هەیە، كە نرخی دەگاتە سێ هەزار دینار، ئەگەر هاووڵاتیان ئەو جۆرە كەرەستانە بكڕن بۆ 10ساڵ باشترە لە چاو كەرەستەی هەرزان كە گەرەنتی نییە، ئێمە بۆ هاووڵاتیانی رووندەكەینەوە، كە كامەیان كەرەستەی كوالیتی نزم و خراپەو كامەیان كەرەستەی كوالیتی بەرزە، بەڵام نرخەكان جیاوازیان هەیەو خۆمان سەردانی وڵاتان دەكەین بۆ هێنانی كەرەستەو كەلوپەلەكان.