خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- جەمال عومەر حەمە سەعید ناسراو بە (جەمالی دەلاك) ساڵی 1963 لەگەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی چاوی گەشی بە ژیان هەڵێناوە. لەكۆتایی ساڵی (2006) لەبەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕانی سلێمانی، ڕاژەكەی گواستراوەتەوە بۆ هەولێری پایتەخت و لەدیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەستبەكاربووە و بەرپرسی بەشی دۆسیەی فەرمانبەرانی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستانە. لەدوای كاری وەزیفی لەڕێكەوتی 7/1/2007 لەڕاگەیاندن كاری كردووە ، سەرەتا لەكەناڵی ئاسمانی زاگرۆس ماوەی (9) ساڵ بەرپرسی بەشی هەماهەنگی (تەنسیق) و پەخشی كەناڵی ناوبراو بووە و لەساڵی ( 2012 ) پێشكەشكاری بەرنامەیەكی هونەرییە بەناوی (لەفۆلكلۆرەوە بۆ سەردەم)
* بەڕێزتان ئەوەندەی لەناو هونەرو نووسین و ئەڕشیف و هونەرمەندو گۆرانیبێژو سروودبێژاندای ، ئەو (دەلاك) چییە بە (جەمالەوە) ؟ بڵێی سەرتاش بووبیت؟
– بەداخەوە هونەرمەند و نووسەر لەم وڵاتەدا بە هونەر و كارەكانیان نەژیاون، هەرچەندە من نە هونەرمەند و نەخۆم بەنووسەر دادەنێم ، بەڵام خۆشەویستیم بۆ زمان و فەرهەنگ و كەلتوور و هونەری نەتەوەكەم دەستم داوەتە خامە، بەڵێ من وەك پیشە (سەرتاش) بووم و لەشاگردییەوە تا ماوەی(26) ساڵ لەگەڵ شانەو مقەستداژیاوم و ئەو نازناوەم لەپیشەكەمەوە وەرگرتووە، داوای لێبوردن لەناوی پیرۆزی باوكم دەكەم (دەلاك) ناوی ئەوی شاردۆتەوە.
*پەیوەندی كاری سەرتاشین بەكاری هونەرو ئەرشیفدۆستی چییە؟
– هونەر بەهەموو كایەكانییەوە جوان و پیرۆزە، هەریەك لە بوارەكانی هونەر چێژ و ئارامییەك بەڕۆح دەبەخشن، پیشەی سەرتاشین یش بەشێكە لەهونەر، چونكە سەرتاشی كارامە كار لەسەر جوانكردنی سیمای مرۆڤ دا دەكات.
*تێكەڵاو بوون و هۆگریت لەگەڵ هونەرمەندان لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
– گەورەیی و پڕ بەخشش و دەنگی بەسۆز وگەرووی پاراو دەست و پەنجەی هونەرمەندانی نەتەوەكەمە منیان كەمەندكێش كردووە بۆلای هونەرەكەیان، هونەرمەندانی نەتەوەكەم ئەگەر بەرزترنەبن لەهونەرمەندانی نەتەوەكانی دیكە دڵنیام كەمترنین.
*پێگەی سەرتاشخانەی ڕەزازی چی بوو لەناو جەماوەردا ؟ ئایا تۆ وەك خاوەن پیشەی سەرتاشین دوكانەكەتان بەناوی ڕەزازی یەوە ناوناوە ئایا ڕەزامەندی هونەرمەند ناسری ڕەزازی تان وەرگرت یان ڕاستەوخۆ ئەو ناوەتان هەڵبژارد ؟
– جیالەوەی شوێنی كاركردن و دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆم و براكانم بوو، سەرتاشخانەی ڕەزازی جوانترین پێگەی هەبوو، لەدیدارو بەیەكگەیشتنی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەران و كەسایەتیەكان، بۆمن قوتابخانەیەك بوو. نەخێر ڕاستەوخۆ ئەو كارەم نەكرد.؟! بەرلەوەی دوكانەكە بكەمەوە، لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیم بەهونەرمەند و پێشمەرگە ( ناسری ڕەزازی) یەوە كرد و ، داوام لێكرد بەنیازی ئەو كارەم ، بەڕێزیان نەك هەر ڕەزامەندی دا بەڵكو ئازادی كردم لەهەموو كارێك پەیوەست بێت بەبەڕێزیانەوە ئەنجامی بدەم.
* ئایا بەڕێزتان جگەلە پیشەی سەرتاشین و نووسین لەسەر شاعیرو نووسەرو هونەرمەندانی كۆن؟ هیچ بەهرەیەكی ترتان هەیە؟
– بەداخەوە هیچ بەهرەیەكی دیكەم نییە، لەمنداڵیدا خەونم پێوە دەبینی كە ببم بەژەنیاری ئامێری (ئۆكۆردیۆن) هەژاری و كاركردن لەمپەربوون، خۆشحاڵم ئێستا نەوەكەم لە سەرەتای فێربوونی ئامێری (ڤیۆلۆن) ـە، واهەست دەكەم خەونەكەم هاتۆتە دی.
* ڕات چییە بەرامبەر نووسین بەگشتی؟
– نووسین كارێكی پیرۆزە، بەڵام بەپێی خەسڵەتەكانی نووسین، لەهەموویان گرنگتر شارەزابوونی تەواو لەسەر زمانی كوردی.
* لەگەڵ شیعر و ژانرە كانی دیكەی ئەدەبی نێوانتان چۆنە؟
– بەداخەوە توانای شیعر نووسینم نییە، بەڵام شیعرم خۆشدەوێت، زیاتر ئەوكاتە چێژم پێدەبەخشێت كە میلۆدییەكی جوان بەباڵایدا كراوەو لەڕێی دەنگێكی بەسۆزی پڕ هەستەوە خۆی دەئاخنێتە ناو گوێچكەكانمانەوە.
*بەینتان لەگەڵ خوێندنەوەو كتێب چۆنە؟
– حەزم لەخوێندنەوەیە بەتایبەت، بابەتی هونەری، ڕۆمان و بیرەوەری، دواكتێب كەخوێندوومەتەوە بیرەوەریەكانی (دكتۆر محەمەد حسێن پاپولی یەزدی) لەوەرگێڕانی بۆ كوردی (تەها سێكانیانی) پێنج بەرگە.
* بە پێی ئەوەی كە زۆر لەناو هونەرمەندو گۆرانیبێژو سروودبێژان ژیاوی و لەسەریشیان دەنووسیت؟ دەبێ دەنگیشت خۆشبێت؟
– زۆر ئەو پرسیارەم ئاڕاستە كراوە، بەداخەوە پەروەردگار ئەو بەهرە ئیلاهییەی پێنەبەخشیوم ، نەوەڵڵا دەنگم خۆش نییە..!
* لەدیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەبەشی دۆسیەی كەسیی كاردەكەیت، خۆتان ئەو بەشەتان هەڵبژارد؟ بۆچی؟
– خۆم حەزم لە كۆكردنەوەی ئەرشیفە ( دەنگ و ڕەنگ)، شوێنی كارەكەم وەك مۆزەخانەیەك وایە ئەو بەڕێزانەی هاتوونەتە ژوورەكەم زۆربەیان دەڵێن تەنها ئەم ژوورە بۆن بەرامەیەكی فەرهەنگیی و كەلتووری و هونەری لێدێت.
* شوێنی كارەكەت وەك مۆزەخانەیەك وایە لەناو دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ئەو وێنانە خۆت پەیدای دەكەی یان تەنها حەزو ئارەزوو یەكە ؟
– زۆربەی زۆری ئەو وێنانە هەوڵی خۆم بووە، هەندێك پەیكەری شاعیرانی بەرزی نەتەوەكەم لەژوورەكەم دامناوە، سوپاسی برای بەڕێز كاك ( محەمەد مەردان) دەكەم لەسلێمانی یەوە كردویەتیە دیاری بۆ ژوورەكەم.
* لەسۆشیال میدیا دەبینم بەردەوام كارەكانت دەرخستنی وێنەو زانیاری دروستە لەسەر بەرهەمی هونەرمەندان و ڕاستكردنەوەی مێژووی بەرهەمەكە مەبەستان لەو كارە چییە؟
– كارەكانم لەسۆشیال میدیا بەتایبەت لەفەیسبووك، پیشاندانی ئەو وێنەو دیكۆمێنتانەیە كە هونەرمەندانی نەتەوەكەم زەحمەتیان پێوەكێشاوە و مێژوویەكی جوانیان بۆ هونەری مۆسیقا و گۆرانی نەتەوەكەم دروستكردووە، زیاتریش مەبەستمە بەڕاستی و بەدروستی بیگەیەنمە بەر دییدەو هەستی نەوەی ئەمڕۆ ، چونكە ئەوە بەشێكی گرنگە لەمێژووی نەتەوەكەمان، ئەوە ئەركی هەموومانە دەبێ لەخەمی پاراستنی دوێنی نەتەوەكەماندا بین و چیتر داگیركەران تاوانبارنەكەین خۆمان خەمخۆری مێژووی نەتەوەكەمان بین.
* لەو كارە نوێیە كەتایبەتە بە ژیانی هونەرمەندانی ژەنیار و گۆرانیبێژ, ئایا ئەو هونەرمەندانە تایبەت بەبەشێك لەجوگرافیای كوردستانی گەورە یان گشتگیرە؟
– ئەو هونەرمەندە موزیسیان و گۆرانیبێژانەی لەماوەی (2) ساڵدا سەرقاڵی نووسینەوەی ژیانیانم، تەنها پەیوەست نییە بەهونەرمەندانی باشوور، نەخێر بەڵكو گشتگیرە و تەواوی كوردستانی گەورەی لەخۆگرتووە، (121) هونەرمەند لەدوو بەرگدا ، لەئێستادا نەخشەسازی ناوەرۆكی كتێبەكەی بۆدەكرێت. بەدرێژی دەربارەی كەسایەتی و ژیانی هونەریی و كارە هونەرییەكانی نووسیومن. كتێبەكە بەدوو بەرگ چاپی دەكەم و هیوادارم لەئایندەیەكی نزیكدا بگاتە بەردییدەی خوێنەران و هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانی ، زیاتر مەبەستم لەو كارە ئەوەیە لەم كەش و هەوائازادییەی هەرێمی كوردستان لەشار و شارۆچكەكان چەندین پەیمانگای هونەرە جوانەكان و كۆلێژی هونەر بەشی مۆسیقا هەیە، مەبەستم ئەوەیە ئەوە دەبێتە سەرچاوە بۆ قوتابیانی بەشی مۆسیقا.ئەگەر باری تەندروستی و ژیان بوار بدات لەسەر ئەوكارە بەردەوام دەبم. حەزو ئارەزووم لە كۆكردنەوەی ئەرشیفە ، لەساڵی (2003) بەهاوكاری پڕۆژەی كتێبی دانسقە ، كتێبی ( نەداریی) تایبەت بوو بە بەرهەمەكانی هونەرمەند ناسر ڕەزازی لەساڵی 1968 تا 2002 ، لەئامادەكردن و كۆكردنەوەی جەمالی دەلاك كەپێكهاتبوو لە دوو بەرگ بەچاپم گەیاند و لەماوەی یەك مانگدا لەكتێبخانەكاندا نەما، بۆ زانیاری زیاتر كتێبی (نەداریی) یەكەم كتێبە لەسەر بەرهەمی هونەرمەندان نووسرابێت جیا لەوەی تەنها ڕۆڵی گۆرانیبێژی تێدا بەرجەستە كرابێت. بۆ زانیاریتان لەساڵی 2003 دا لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كتێبی (نەداریی) كۆپی كرایەوە و بەناوێكی دیكە و تەنها ناوی منیان لادا بوو، بڕواتان بێت لەماوەی یەك مانگ دا لەبازاڕدا نەما… (خودا و خۆم دەزانم چەند پێیەوە ماندووبووم).










