
جەبار عەلی سرێشمەیی
شۆڕشی ئەیلوول، بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر هێمای بەڕەڤانی و زیندوومانەوەی نەتەوەیی بوو، لەماوەی نزیکەی چواردە ساڵی شەڕی پاراستنی ناسنامە و شکۆی کورد و ئاشتی ناوبەناوی ناچارکردنی نەیار و دوژمنی دۆزی ڕەوای کوردستانیان، هەگبەیەکی زەنگین و لێوڕێژی لە کۆمەڵێک دەسکەوتی لە کۆی کاییەکانی کوردەواری هەیە، دەشێ دەیان و سەتان کتێب و توێژنەوەی فرەڕەنگی لەبارەوە ئەنجام بدرێت، شت کراوە، لێ پاداشتی کاریزمایی “بارزانی باوک”و قوربانیدانی پێشمەرگە و گەورەیی شۆڕش و ئالنگارییەکانی و کۆسپ و تەگەرەی وەک پێویست و بە گوێرەی پلەبەندی زانستی و ئەکادیمی وەرنەگرتووە، لەم سەردەمەی ئۆقرەیی حوکمڕانی خۆجێی و بەردەستبوونی تەواوی پێداویستییه ماددی و مەعنەوییەکان و هەبوونی توانامرۆییەکانی ناوەندەکانی حزب، و زەمینەسازی بۆ موتوربە کردنی ڕۆحیەتی شۆڕشڤانی ئەو چاخ و سەردەم لەگەڵ پێشڤەچوونەکانی هەنووکە، لەناخی تاکی کورد، وەک پێدڤی پێنگاڤی کرداری بۆ نەنراوە، ئاخر ناکرێت گلەیی لە گەنج و جحێلێک بکەیت، کەواهەمان ڕۆحیەتی ئەوکاتی هەستی نەتەوەیی نییە، کاتێک نەتوانراوە بە بەڵگەنامە و کەرستەکانی تر، تا ئێستا نەتوانراوە نەوەی ئێستا ئاشنا بکرێت بەو هەموو دەوڵەمەندییەی شۆڕش. بەو پێیەی پاراستنی ڕابردوو، زیندووهێشتنەوەی شکۆ و شەهامەت و شەرەف و شۆڕشە، دەکرێت کار لەسەر ئەم لایەنانەی خوارەوە بکرێت، وەک: پێنگاڤی دەستپێک.
یەکەم: لیژنەیەکی باڵا لەکەسانی دڵسۆز و ئەزمووندار لەبواری مۆزەخانە و شارەزا لە بوویەر و لێکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول و پسپۆریەتی کایە جیاوازەکان، بە دەسەڵاتی تەواوە ڕابسپردرێت بۆ دانانی پلان و کارنامە و جێبەجێکردنی هەنگاوە سەرەکی و ستراتیژییەکان.
دووەم: پۆلینبەندی بۆ بەشەکانی ناو مۆزەخانە بکرێت، وەک لایەنەکانی سەربازی، کەرستە پارێزراوەکانی شەهیدانی شۆڕش، وەک: چەک، جل و بەرگ، …هتد، داری شەهیدان، مێژووی شەهیدبوون و شوێن و داستانەکانیان، نەبەردی و مەفرەزە پارتیزانەکان،
سێیەم: بواری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری، ڕۆژنامە و بلاڤۆک و گۆڤار و ڕادیۆ …هتد کۆبکرێنەوە وەک ئامێر و ئامرازەکانی چاپ و … کۆبکرێنەوە.
چوارەم: بواری تەندروستی: کۆکرنەوەی کەرستە سادە و ساکارەکانی برین پێچی و نەشتەرگەری و تیمار کردن.
پێنجەم: بواری پەروەردەیی، کۆکردنەوەی ناوی قوتابخانە و مامۆستایانی شۆڕش و پڕۆگرامەکانی خوێندن و دەستنووس …هتد.
شەشەم: بواری هونەری کۆکردنەوەی ئەلبوومی وێنەکانی ڕۆژگاری پێشمەرگایەتی و شەوگاری شەوزەنگی نۆبەداری و شانۆ و لەهەموو لایەنەکانی تر.
حەوتەم: پاراستن و کۆکردنەوەی بۆمب و ئۆتۆمبێلەسەربازییەکانی دوژمن کەوا هێرشیان پێکردۆتە سەر پێشمەرگە و تێکشێنراون. بەنموونە دەبابەکانی کۆڕی هێمای شکانی دوژمنن. لەدوای ڕاپەڕین. دەکرێت هی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول ئەگەر مابن، بپارێزرێن
هەشتەم: کۆکردنەوەی نامە نهێنییەکان و دیمانەکانی سەرکردەکانی شۆڕش.
نۆیەم: کۆکردنەوەی سروود و شانۆ و فەرهەنگەکانی سەردەمی شۆڕش
دەکرێت ئەم بابەت زۆر دەوڵەمەندتر بکرێت.