خەبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- هەنار قارەمان حاجی عەبدولڕەحمان فەتحوڵڵا لەساڵی 2006 لەدایكبووە لەتەمەنی 6ساڵیەوە لەگەڵ باوكی لە دوكانی زێڕنگەری باوكی بەناوی (زێڕنگەری قارەمان ) كار دەكات و یارمەتی باوكی ئەدات، وەك باوكی پێیگوتین هەناری كچم هیچ لەمناڵی 6ساڵ نەئەچوو، چونكە ئەو زۆر حەزی لەپرسیاربوو ، سەبارەت بە نرخ و جۆرەكانی خشڵ و زێڕوئاڵتون، هەنار لە كار بێزار نە دەبوو لەوەی كەهەموو ڕۆژێك لەگەڵم بێت بۆ دووكان تا ئێوارەیەكی درەنگ لەدوكان لەگەڵم دەمایەوە ، لەهاوكاریكردنم بەردەوام بوو لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژانە دەچوو بۆ قوتابخانەو ماشەڵڵای لێ بێت هەموو ساڵێش بە یەكەم دەرچووە، هەنار لەتەمەنی 10ساڵیدا زۆر ژیرو ئاقڵ و چالاك بوو ، بەتایبەتی كاتێك كە مشتەریەك داوای پارچەزێڕێكی بكردایە خێرا كورسیەكەی ئەخستە ژیر پێیەكانی بۆی ئامادە ئەكرد من زۆر متمانەم پێی هەبوو هەتا لەتەمەنی 12ساڵیدا تەواو متمانەی بەدەستهێنا ئەو هیچ چاوەڕێی منی نەدەكرد داواكاریەكانی بە تەواوی جێبەجێ دەكرد، تا وایلێهات دوكانەم بەسەریدا بەجێدەهێشت، خۆی مامەڵەی زێڕكڕین و فرۆشتنی لەگەڵ مشتەریدا دەكرد ، زۆر بێخەم بووم لێی ، دووكانەكەم بەسەریدا بەجێدەهێشت باكم نەبوو ، هەنارخۆشەویستی ناو خێزانەكەمانە تابڵێی مناڵیكی گوێڕایەڵە هەتا بووە هۆی ئەوەی كە ئامۆزاكانی هانبدات بچنە ناو دوكانەكانی باوكیانەوە یارمەتییان بدەن هەنار بنەماڵەكەشی هەر لەسەردەمی جولەكەكانەوە دوكانی زێڕو زیویان واتە (زەڕنگەرییان) هەبووە ، مام فەتحوڵڵا كەباپیرەی هەنارە ، شاگردی زێرنگەرە جولەكەكان بووە لەساڵی 1942 دوای ئەوەی كەشاگردبووە جولەكەكان زۆر متمانەیان پێی هەبووە و دوكانەكەیان ڕادەستی ئەو پیاوە كردووە ، لەسلێمانیدا تاقە دوكان بووە كە گۆوبەرۆك و ژێرچەنەو لاگیرەی هەبووە دواییش 4 مامی هەنار بەناوەكانی (یوسف و یونس و یاسین) و قارەمان ، كەباوكی هەنار بوو، هاوكات پوری هەناریش یارمەتی مام فەتحوڵڵای زەڕنگەریان داوە كە دەكاتە باپیری هەنار، هاوكات بنەماڵە و خانەوادەكەی هەنار هەر هەموویان لە كاری زێڕو زەڕنگەریدا شارەزان شایانی باسە ، هەنار ئێستا تەمەنی 17 ساڵەو بەتەنیا دوكانی زەڕنگەریی باوكی بەڕێوە ئەبات و ڕۆژانە دوای دەوامی قوتابخانە ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر دووكان بۆ كار، هەنار قارەمان لە وەڵامی چەند پرسیارێكی (خەبات ) دا گوتی:
*مشتەری پیاو و ژن كامیان مامەڵەی خۆشترە لە مامەڵەی زێڕدا؟
بێگومان لەگەڵ هەردوو ڕەگەزدا مامەڵەم خۆشە و هەڵبەت بەپێچەوانەشەوە، هیچ كێشەیەك لەگەڵ هیچ كامێكیان نابینم ، گرنگ منم كە بەڕووخسارو گفتو لوتفی شیرین مامەڵە بكەم جا چ لەگەڵ مشتەری ئافرەت یان پیاو بێت؟ واتە لای من مشتەری ئافرەت و پیاو هەر یەكە و هیچ جیاوزییەك نابینم، مامەڵەش هەر مامەڵەیە.
*دەتەوێ هەتاكەی بەردەوام بیت لەو دوكانەدا؟
هەتا دەتوانم و خوا دەرفەت و تەمەنم بدات
*دوكانداری بۆ ئافرتان چی دەگەیەنێت لای تۆ ؟ بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی ئەو كارە دەگەمەنەدا كە كاری زەڕنگەریە؟ واتە ئافرەت و زێڕنگەری چۆن دەبینیت ؟
سەرەتا ئافرەت و پیاو هەریەكە لەكاری كەسابەت و دوكانداریدا، دوكانداری هەرپارە پەیدا كردن نیە، بەڵكو حەزو ئارەزوو هیوایەتێكی خۆشە، هەڵبەت دوكانی زەڕنگەریش كە گوایە لای خەڵك بە دەگمەن و ناوازە بۆ ئافرەتان وەسف دەكرێت، لەكاری باوك و باپیرمەوە بۆمان ماوەتەوە ، واتە بۆ ماوەییە
پێناسەی دوكاندارییش لای من، واتە فێربوونی ژیان و یەكتر ناسین و تێكەڵبوون بە خەڵك و پێگەیشتن و تێگەیشتن لە زمانی ژیان و دەرككردن و زانینی هەموو داب و نەریت و ڕەوشتی مرۆڤەكان.
*قەت سەرزەنشت كراوی لەلایەن كەسانێكەوە كە ئەو كارە گوایەبۆ ئێوەی ئافرەت قورس وناوازەو دەگمەنە؟
نەخێر .. ناوەڵا ..بگرە لەسەر ئەو كارەم ئافەرین و دەسخۆشیشم لێكراوە.
*كێ هاندەرو پاڵپشتت بووە لە كاری زێڕنگەریدا؟
باوك و دایكم و تەواوی خانەوادەكەم پاڵپشت و هاندەرم بوون لەو كارەمدا
*قەت وابووە ئاڵتونت بەهەدەر دابێت؟
ـ نەخێر …چونكە زۆر بە هۆشیاریی و وریایی و ژیرانە و متمانەوە مامەڵەم لەگەڵ مشتەریەكانمدا كردووە
*ئەگەر خوا كردی نسیب و قسمەت هات و هاوسەرگیریت كرد ، وەك كچە زێڕنگەرێك بەنیازی چەند مسقاڵ ئاڵتون بە هاوسەرەكەت بكەی؟
ـ (بە زەردەخەنەیەكەوە) ئەوەش بەگوێرەی باری ماددی و دارایی كەسەكە دەگۆڕێت.










