خەبات-سەید فاتیح بەرزنجی:
هەموو ساڵێك لە رێكەوتی 2/4 لە ساڵڕۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم ئاهەنگی جۆراوجۆر بەم بۆنەیەوە بەڕێوە دەچێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوشی تووشبووانی ئۆتیزم خراپ و ناهەموارتر دەبێت بە وتەی كەمال جەباری سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی خەبات ڕوونیكردەوە: لە ساڵی 2008وە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ڕێكەوتی 2/4 ی هەموو ساڵیك دیاریكراوە بە ڕۆژی هۆشیاری ئۆتیزم لە جیهاندا، بۆیە ئێمە وەكو دەستەی باڵای كۆمەڵەی ئۆتیزم لە كوردستان هەمیشە وەك خەمخۆری تووشبووانی ئۆتیزم لە كوردستان لە هەوڵداین بۆ ئەوەی سەرجەم مافەكانیان بۆ دەستەر بكەین، بەڵام دەبووایە سەنتەری ڕاهێنانی پێشكەوتوو هاوچەرخیان بۆ دابینبكرابووایە تا لەو سەنتەرانە سوودیان وەربگرتابووایە، بەڵام بەداخەوە ساڵ لە دوای ساڵ ڕەوشی منداڵان و تووشبووانی ئۆتیزم لە دۆخێكی خراپ دایەو پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاوڕیان لێبدەنەوە سەرباری هەوڵی دڵسۆزانەی كۆمەڵەكەمان كۆمەڵەی ئۆتیزم لە كوردستان بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان هەموو هەوڵێكی بێ وچانمان داوە بۆ ئەوەی تووشبووانی ئۆتیزم و خێزانەكانیان هەمیشە ئاوڕیان لی بدرێتەوە ئەمەش لە كاتێكدایە ڕێژەی ئۆتیزم لە كوردستان ساڵانە لە هەڵكشاندایە.
ڕەوشی منداڵان و تووشبوانی
ئۆتیزم لە كوردستان چۆنە؟
سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان ڕوونیكردەوە: بە گوێرەی ئاماری نافەرمی كۆمەڵەكەمان ڕێژەی تووشبووان بە ئۆتیزم لە هەڵكشاندایە بە چەشنێك ئێستا لە كوردستان ژمارەی منداڵان و تووشبووانی ئۆتیزم گەیشتۆتە 3300 كەس لە كوردستان و لە شاری هەولێر بریتییە لە 1200 حاڵەت و لە شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە بریتییە لە 1400 حاڵەت و لە شارەكانی دهۆك و زاخۆ و ناوچەكانی دەوروبەری گەیشتۆتە 800- 900 حاڵەت بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر ئاوڕ لە تووشبووانی ئۆتیزم بداتەوە و هەوڵی كردنەوەی سەنتەری زیاتر بۆ تووشبووانی ئۆتیزم بدات لە كوردستان لەبەر ئەوەی ئەو خێزانانەی كە تووشبووی ئۆتیزمیان هەیە ڕۆژانە بە دەست ئەو تووشبووانەوە دەناڵێنن و ئەركی خزمەتكردنیان زۆر زەحمەتەو بەهۆی فەرامۆشكردنی خێزانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم و لە بەرچاونەگرتنی باری ماددی و مەعنەوی و دەروونی خێزانی ئۆتیزم و نەبوونی سەنتەری حكوومی پڕۆفیشناڵ بۆ منداڵانی ئۆتیزم بۆتە هۆی ئەوەی كە چەندین خێزان لە بەریەك هەڵوەشێنەوە و لێكجیا ببنەوە تەنها لەماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا 14 خێزان كە دایك و باوكی ئۆتیزمن لێكجیابوونەتەوە ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەنتەری پڕۆفیشناڵ و پەروەردەی تایبەت لە گشت قوتابخانەكاندا، نزیكەی 18 خێزان سەری خۆیان هەڵگرتووە و ڕوویان لە وڵاتانی دەوروبەر كردووە، لێرەوە داوا لەو خێزانانە دەكەین كە ئەگەر منداڵی ئۆتیزمیان هەیە هەقوایە نەهێڵن منداڵی زیاتریان ببێت بۆ ئەوەی تووشی منداڵێكی دیكەی ئۆتیزم نەبنەوە. هەندێ خێزان هەیە ژمارەی منداڵی ئۆتیزمیان گەیشتۆتە 3 منداڵ. بەشێوەیەكی گشتی حاڵەتی ئۆتزیم لە كچاندا زیاترە و بە بەراورد لەچاو ساڵانی ڕابردوو ژمارەی تووسبووانی ئۆتیزم زۆر زیادیكردووە و لە هەڵكشاندایە تاكە چارەسەر زیادكردنی سەنتەری ڕاهێنانی ئۆتیزمە لە كوردستان واتا ئەو سەنتەرانەی كە دەكرێنەوە پێویستە پڕۆفیشناڵ بن و كەسانی پسپۆڕ كاری ڕاهێنان ئەنجامبدەن ئەو كارەش پێویستە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامبدرێت بەداخەوە هەندێ سەنتەری ناحكوومی هەن بۆ منداڵانی ئۆتیزم بەڵام پڕفیشناڵ نین بۆیە پێویستە ئەو سەنتەرە ناحكوومیانەش لە كارەكانیان و مەشق و ڕاهێنانیان پڕۆفیشناڵانە بن تا سوود ی زیاتر بەو منداڵانە بگەیەنن و منداڵانی ئۆتیزم بهێننەوە ناو كۆمەڵگا هەرچەندە سەنتەری حكوومیشمان هەیە ئەوان زۆر باشترن لە چاو سەنتەرە ناحكوومیەكان بەڵام سەنتەرە حكوومیەكان ژمارەیان زۆر كەمەو بەرگەی ئەو هەموو منداڵە ئۆتیزمانە ناگرن بۆیەپێویستە حكوومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیەوە كۆمەڵێك لە دەرچووانی زانكۆ ئەوانەی لە بواری دەروونناسی و كۆمەڵناسی دامەزرێنێت و لە دەرەوەی وڵات مەشق و ڕاهێنانی بەهێزیان پێبكرێت یاخود ژمارەیەك پسپۆڕی دەرەوەی وڵات بهێنێت و لێرە ڕاهێنان بە كارمەندانی كورد بكات.
بەو بۆنەیەوە كە ڕۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزمە داو لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە ئاوڕی خەمخۆرانە لە تووشبووانی ئۆتیزم بداتەوە.












