خەبات- تریفە ئازاد
د.هۆشمەند ڕەفیق ئیبراهیم، مامۆستا لە كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری زانكۆی سەلاحەدین-هەولێرلە بارەی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: لەم ڕێككەوتنەدا هەردوولا براوە بوونە، چونكە كاتێ دوو لایەن دانوستاندن ئەنجام دەدەن پێویستە هەردوولا سازش لە بەشێكی سەقفی داواكارییەكانی یەكتری بكەن، ئەنجامی ئەوەش ڕێككەوتنی لێدەكەوێتەوە، جا ئەگەر ئەو ڕێككەوتنەش بە دەردی ڕێككەوتنەكانی دیكەش نەچێت، كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنی لەگەڵ گشت سەرۆك وەزیرانەكانی دیكەی بەغدا هەبووە تا دەگاتە مستەفا كازمیش. بێگومان ئەو ڕێككەوتنە ئەگەر لەڕووی ئابوورییەوە لێبڕوانین وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و هیچ لەمپەری نەخرێتە بەردەم ئەوە دەبینین كەڵكی ئابووری زۆری هەیە، هەم بۆ بەغدا كە حكوومەتە تازەكەی مەحەمەد شیاع سودانی كێشەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نامێنێت و كار لەسەر گرفتە ناوەخۆییەكانی دیكەی عێراقدا، لەلایەكی دیكەوە ڕێژەی كورتهێنانی بوودجەی ساڵانەیان كەمدەبێتەوە، بۆ هەرێمی كوردستانیش ئەو قەیرانە ئابوورییە كەڵەكەبووانەی لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا تووشی بووە، ئەگەر كۆتایشیی پێنەهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرەتایەكی تازە بۆ بووژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان، لەسەرووی هەموو ئەوانەدا ئەو ڕێككەوتنە دەبێتە هۆی خۆشگووزەرانی هاوڵاتییانی كوردستان، چونكە بەپێی ئەو ڕێككەوتنە دەبێت مانگانە لە كاتی خۆیدا پاش پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق، حەقبەشی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆیدا ڕەوانەبكرێت، بەمەش مووچەی مووچەخۆران لە كاتی خۆی دا دەدرێت، هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق، بەو پێیەش دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان (فەرمانبەرانی شارستانی، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی)دەبێت هاوتابكرێن، ئەمە سەرباری دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و قەرەبووكردنەوەیان. سەبارەت بەئاستی خزمەتگووزارییەكانیش ئەوە لە ڕێگەی تەرخانكردنی بوودجە بۆ شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان ڕوو لە هەڵشكان دەكات، دەبێت بەغدا لە چوارچێوەی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی عێراق، حەقبەشی كوردستانیش بدات، لە ئەنجامی ئەوەشدا دەبێت نرخی سووتەمەنی (بەنزین، نەوت، غاز) هاوشێوەی بەغدای لێبكرێت، هەروەها بازاڕی هەرێمی كوردستان، لە ئاكامی ئەو ڕێككەوتنەدا بەرەو سەقامگیری دەڕوات و ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت و دڵنیایی تیا دروست دەبێت، بەوەش كەرتە ئابوورییەكان لە شێوەی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری گەشە دەكەن، بەتایبەت كەرتی خانووبەرەو زەوی دەست بەجوڵەی خۆی دەكاتەوە نرخەكانیان بەرزتر دەبنەوە، سەرمایەداری ناوەخۆیی و بیانی سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان زیاتر دەخەگەڕ، وەبەرهێنان لە كەرتە فرە چەشنەكاندا سەر لەنوێ هاوشێوەی ساڵانی 2012 تا 2013 دەستپێدەكاتەوە، بینیمان بەهۆی گرژی و ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەولێر، هەروەها بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا، دواتر سەرهەڵدانی جەنگی داعش و دواتریش پەتای كۆڕۆنا كاریگەری كەمەرشكێنی لە ئابووری هەرێمی كوردستان داوە.
د.هۆشمەند ڕەفیق ئیبراهیم ئه‌وه‌شی گوت: بە كورتی ناتوانین بڵێن، حكوومەتی بەغدا ئەو ڕێككەوتنە وەك خۆی جێبەجێ دەكات، بەڵكو دەبێت گومانیشمان هەبێت و پێشبینی ئاستەنگ دروست كردنیش بكەین، چونكە كاربەدەستانی عێراق هیچ كات نەیانویستووە، خەونی گەلی كوردستان بهێننەدی و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكەنە بەهەشت، بەڵكو بەهەموو ئەقڵییەتێك، لە ئێستادا ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا باشترین بژاردەیە، كە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكات، ئەوەش بە ڕەوایەتیدانی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانە لە ڕێگەی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق ناسراو بە (سۆمۆ)، لەبەرئەوەی سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوەیە، لە ئەگەری هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت لە بازاڕی وزەی جیهانیدا، ڕاستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر ئابووری كوردستان دەبێت، بەمەش ئابوورییەكەی ناسەقامگیر دەبێت و كاریگەری لەسەر پێگەی حوكمڕانیەتیش دەكات، بەمەش قەیرانەكانی زۆرتر دەبێت، بۆیە لە ئێستا لە هەموو لایەكەوە ئابووری كوردستان ئابڵوقە دراوە و ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتەكەی بە شێوەی سەربەخۆ دەكرێت بە نرخی باوی بازاڕ، ئینجا تا كاودانی ناوەخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە بار دەبێت، باشترە لە نێو عێراقدا، هەرێمی كوردستان ئابوورییەكەی بەهێز بكات، لە ڕێگەی بوودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان كە لە بەغداوە بۆی ڕەوانە دەكرێت، بەشێوەیەكی ڕوونكاری بە هاوبەشی كەرتی تایبەت بیخاتە خزمەتی وەبەرهێنانی كەرتە ئابوورییە گرینگەكان كە دەبنە سەرچاوەی ئاسایشی خۆراك وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت كەرتەكانی دیكەش فەرامۆش بكات لە شێوەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تەندروستی، بانك، بازرگانی، نیشتەجێكرن، هونەر و ڕۆشنبیری و وەرزش.