د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
هاتنی سیگمۆند فرۆید (Sigmound Freud, 1856-1939) بۆ نێو زانستی سایكۆلۆژیا، دەرگەی خێر و بێر بوو و توانی لە رێگەی داهێنانی چەمكی نەست (اللاشعور) بەشێك لە جیهانی شاراوەی كەسێتیی مرۆڤ روون و ئاشكرا بكات و رێگە لەبەردەم شرۆڤەی زۆرێك لە رەفتار و لادان و نەخۆشییە دەروونییەكان خۆش بكات.
لەدوای فرۆید، زانایانی دیكە هاتن و بەدوای رێبازەكەی كەوتن و هەر یەكە لەوان بەردێكیان لەسەر دیواری ئەو زانستە دانا. كارڵ گۆستاڤ یۆنگ (Carl Gustav Jung, 1875-1961) یەكێكە لەو كەڵە زانایەی دەروونناسی، كە ئەویش هەندێ‌ بیروباوەر و چەمكی هێناوە نێو ئەو زانستە و بووە ئەگەری دەوڵەمەندكردنی. یەكێك لەو چەمكانەی كە یۆنگ پێشكەشی دەكات، كە بێگۆمان كاریگەریی فرۆیدی لەسەر بووە، چەمكی نەستی بەكۆمەڵ (اللاشعور الجمعی)یە، كە بەشێك لە تیۆرییەكەی پێكدێنێت و، ئەو چەمكە شان بە شانی چەمكەكانیتری وەك “من، نەستی كەسێتی و تایبەت، گرێ‌، ماسك یان دەمامك، ئەنیما و ئەنیمۆس و، خۆد، رەفتارەكانی مرۆڤیان پێ‌ شرۆڤەكردووە. نەستی بە كۆمەڵ وەك پێناسە بریتییە لە “عەمبار یان كۆگای بیرەوەرییە شاراوەکان كە مرۆڤ لە نەسڵەكانی كۆن بۆی ماوەتەوە، كە ئەزموونی ئەو نەسڵانەیە و، لای مرۆڤ كەڵەكە دەبن تاوەكو لە كاتی پێویستدا سوودیان لێوەر بگرێ‌”.
یۆنگ وای بۆ دەچێ‌ كە بەشێك لە ترس و رەفتارەكانی مرۆڤ بەرهەمی ئەزموونی مرۆڤایەتین، كە بە هەزاران ساڵ و لە نەسڵێك بۆ نەسڵی دوای خۆی دەگوازرێتەوە و ئەمرۆكە گەیشتووەتە نەسڵی هاوچەرخ. هەر ئەوەیە كە دەبێتە ئەگەری ئەوەی كە ئێمەمانان لە هەورەتریشقە و بروسكە و گیانەوەرە دڕندەكان، ئاگر یان هەر شتێكی مەترسیدارتر بترسین، بە واتایەكیتر رەفتار و هەڵسوكەوتمان بۆ هەر دۆخێك بەرهەمی گۆاستنەوەی ئەو رەفتارەیە، كە لە بابوباپیرانمان و پێش هەزاران ساڵ پێگەیشتووە.
بێگۆمان، یۆنگ بە ئاسانی و هەروا بەم بیروباوەرە نەگەیشتووە، بەڵكو ئەم بیروباوەرە بەرهەمی چەندین ساڵ ئەزموون و گەڕانە بەدوای نهێنییەكانی مرۆڤایەتی و پێداچوون و خوێندنەوە بۆ ئەو وێنە و نەخش و نیگارەی مرۆڤەكانی كۆن لەسەر دیواری ئەشكەوتەكان كێشاویانە.
* * *
دوای ئەوەی میدییەكان، لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین، كەوتنە بن ركێف و دەسەڵاتی فارسەكان و نەتەوەكانیتر و، ئەوان چیتر ئەو شكۆ و دەسەڵات و توانایەیان نەما، وەك جاران حوكم لە خۆیان و نەتەوەكانی دیکەی بندەستیان بكەن و ئیتر ئەو سنوورە جوگرافیایەی كە خۆی لە ملیۆنان كیلۆمەتری چوارگۆشە دەدا، لە ژێر دەستیان دەرچووبوو، كە تیایدا تەراتین بكەن و بە ئازادی خۆیان هەڵسوكەوت بكەن، بەڵكۆ بە توندترین شێوەش تەپەسەركران و چەندەها جاران تووشی جینۆساید و قڕكردن هاتن و، وێنەی ئەو قڕكردن و جینۆسایدە بۆ زیاتر لە سێ‌ هەزار ساڵ، كە خۆی ماوەیەكی كەم نییە بۆ دروستبوونی وێنەی هەنوكەیی ئەو تاوانانەی دەرهەق بەوان كراوە، لە هزر و بیروباوەرەكانی باب و باپیرانمانەوە گوازراوەتەوە بۆ ئێمەی نەسڵی هەنوكەیی. بۆیە ئەو نموونە كۆنانە و ئەوانەی هاوچەرخ بەسەر تاكی كورد هاتوون، بوونەتە ئەگەری ئەوەی كە ئێمە هەردەم لە ترس و دڵەڕاوكێ‌ و گوماندا بژین و هەمیشە چاوەڕوانی ئەوە بین كەی جارێكیتر و لە لایەن نەتەوە و وڵاتێكیتری باڵادەست جینۆساید دەكرێین؟
بە پێی بیردۆزەكەی یۆنگ، هەر ئەم یادەوەرییە كۆنانەیە، هەمیشە پەرێشانمان دەكات و بەردەوام لە بیرەوەرییەكانماندا هەن، بەتایبەت كە لەسەردەمی رژێمی بەعس و سەدامی گۆڕبەگۆڕ و لە دوای ئەوانیش رێكخراوی تاریكپەرستانی داعش، ئەو زامەی چەند هەزار ساڵانە، جارێكیتر نوێ‌ بوویەوە و ئەوەندەی تر كاریگەری نەرێنی و خراپی كردە سەر كەسایەتی تاكی كوردی، هیچ گۆمانی تێدا نییە ئەگەر نەتەوەی كورد نەبوایە كە پەروەردەی چیا سەربەرزەكانی كوردستانە، هیچ نەتەوەیەكی دیکە بەرگەی ئەو تاوان و جینۆسایدەی نەدەگرت و لە مێژ بوو لەنێو دەچوو و وەك هەندێ‌ نەتەوەی دیكە تەنها ناوێكی لە مێژوودا بۆ دەمایەوە. بەڵام كورد، بە بوێری و خۆڕاگری و قوربانیدان توانیویەتی لەبەردەم ئەو هەموو پیلان و جینۆساید و تاوانە بوەستێت، بێوچان و بە كۆڵنەدان بگاتە قۆناغی ئەمرۆكەی خۆی، كە بووەتە جێگەی شانازیی جیهانی و، پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ چەندەها نەتەوە و وڵات هەیە و، دەنگی دەگاتە چەندەها وڵاتی زلهێز و رێكخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و ئەگەری ئەو مەترسییانەی یۆنگ ئاماژەی پێدەكات لە جاران كەمتر بووە.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ.