سوورە مەرگەیی
دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان، بۆ گەمارۆدانی زیاتری پرسی کورد و درێژەدان بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی کورد، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگ و، بۆ نەگەیشتنی هاواری کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناساندنی پرسی کورد لە پرسی گەلێکی ژێردەستەی ئازادیخواز، وەک پرسێکی ناوخۆیی هەموو رێگاکانیان تاقی کردوونەوە و ئێستاش لەسەر هەمان سیاسەتی رابردوو بەردەوامن.
بۆ ئەو مەبەستەش دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان چۆن بەربەست لە نێوان بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درووست بکەن، کاک نێچیرڤان بارزانیش لە هەوڵی ئەوەدایە چۆن بەربەستەکان بشکێنێ و وەک هەمیشە ریسەکەیان لێ بکاتەوە بە خووری، ئەوەش وایکردووە بەربەست درووستکردن لە لایەن دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان و، شکاندنی بەربەستەکان لە لایەن کاک نێچیرڤان بارزانی، ببنە کار و کاردانەوە و بەردەوام دووبارە ببنەوە، جا پرسیار ئەوەیە: ئایا کاک نێچیرڤان بارزانی لە شکاندنی بەربەستەکان سەرکەوتوو بووە؟.
ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە و سەرنجێک لە درووستکردنی بەربەستەکان و شکاندنی بەربەستەکان بدەین، دەگەینە ئەو راستییەی کە خودی لایەنە بەربەست درووستکەرەکانیش سەریان لە هێز و دانایی و حیکمەتی کاک نێچیرڤان وەک پیاوی بەربەست شکێن سووڕماوە، نکولی کردنیشیان لەو راستییە حاشا هەڵنەگرە، یان لە نەزانی و گەمژەییانە، یان لە بێئاگاییانە لە مێژوو، ئەگەرنا دەبووایە واز لەو قومارە بێئاکامە بێنن و بزانن قومار لەگەڵ پرسی نەتەوەیەکی ژێردەستەی ئازادیخواز ناکرێ، بە تایبەتیش ئەو پرسە کە لەدەستی کەسانێکدا بن کە شوێنکەوتەی رێبازی بارزانی نەمر دایە و ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێکە.
شۆڕشگێڕی راستەقینە ئەو کەسەیە.. کاتێک ئەرکی شۆڕشگێڕی و چارەنووسی گەلێکی ژێردەستە و ئازادیخواز دەگرێتە دەست، دەبێ پیلانی دوژمنان و داگیرکارانی وڵاتەکەی لەبەر چاو بگرێ و نەخشەی بۆ پوچەڵ کردنەوەیان هەبێ و، دوای هەموو کەوتن و شکستێکیش بڕوای بە هەستانەوە و سەرکەوتن هەبێ، کاک نێچیرڤان بارزانیش لە قوتابخانەیەک پێگەیشتووە و وا فێرکراوە، کە دوای هەموو کەوتن و شکستێک بڕوای بە هەستانەوە و سەرکەوتن هەیە، ئەویش قوتابخانەی کوردایەتییە و هێزی هەستانەوە و سەرکەوتن لە رێبازی بارزانی نەمر و رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانی وەردەگرێ، هەوڵە دیبلۆماسییەکانی بە ئاڵای کوردستان وەک شکۆی نەتەوەیەک و مەراسیمی پێشوازی لێکردنی بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەو راستییەن، بۆیە ئەگەر نازناوی پیاوە بەربەست شکێنەکەی پێنەدرێ، ئەوا غەدری لێدەکرێ.