عەزیز رەسوڵ
رۆژنامەی خەبات بەئاشكرا 64 ساڵ تەمەنی هەیە، بەڵام لە واقیعدا تەمەنی لەوە زیاترە و قۆناغی نهێنیشی هەیە، كە كەمتر باسی لێوە كراوە، بەڵام ئەوەیان ئەركی من نییە كە باسی لێوە بكەم، ئەوەی بە ئەركی خۆمی دەزانم بۆ یەكەمینجار لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردووی ئیدارەدانی خەباتەوە بینووسم، باسێكی ترە، باسی ئەو پشوودرێژی و هاوخەباتی و تەباییەیە كە هەموو رۆژنامەنووس و كارمەندانی خەباتی بەیەكەوە گرێداوەو وەك یەك تیم كارمان كردووە، هەر ئەوەش هۆكاری بەردەوامبوونیەتی، سەرەڕای سەدان بەربەست و قەیرانی دارایی و باری لەناكاودا.

حەقیقەتێك هەیە و دەبێ بگوترێت، ئیدارەدانی دەزگایەكی میدیایی زۆر جیاوازە لەگەڵ فەرمانگەیەكی حكوومی یان هەر ئۆرگانێكی دیكەی حزبی، لەبەر ئەوەی مامەڵەكردن لەگەڵ میدیاكار و رۆژنامەنووس و نووسەر و تەنانەت كارمەندی دەزگای میدیایی، هێندەی كە پشوودرێژی دەوێت، دوو هێندەش نەرمونیانی و هێمنیی و لەسەرخۆیی پێویستە، دەزگای میدیایی فەرمانگەیەك خزمەتگوزاری حكومی نییە كاتی دەوامكردنی فەرمانبەرەكانی دیاریكراو بێت و یەك دەقیقە دوای دەوام، كەس مافی بەسەر كەسەوە نەمێنێت، نەخێر، لە دەزگای میدیاییدا شەو و رۆژ نییە، كاتی پشوو و حەسانەوەش نییە، بەڵكو ئامادەگی بەردەوام هەیە، بەمانایەكی دیكە پێویستە كارمەند و میدیاكاری دەزگای میدیایی هەمیشە ئامادەیی هەبێت، ئامادەیی بۆ كاركردنی راستەوخۆ یاخود هاوكاریكردنی دەزگاكە؟

رۆژنامەی خەبات لەو تەمەنە زۆرەی هەیەتی، ئیدارەدانی لە ئەستۆی منە، نازانم ئیدارەدانێكی باش بووە یان نا، چونكە ئەوەیان دەبێ سەرنووسەر و رۆژنامەنووس و كارمەندانی خەبات بڕیاری لێ بدەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیممەتی دەستەی كارگێڕی و لەخۆبوردوویی رۆژنامەنووس و كارمەندەكانی خەبات، هۆكارێكی باش بووە بۆ ئەوەی خەبات بتوانێـت بەم توانا مادی و مەعنەویەی هەیەتی، بەردەوامی بەخۆی بدات و هەوڵی گەشەكردنیش بدات، ئەگەرچی دەبووایە گرنگی زیاتر و زۆرتر بە رۆژنامەی خەبات بدرێت و لە پێگەی راستەقینەكەی خۆیەوە سەیر بكرێت و بەراورد نەكرێت لەگەڵ هیچ دەزگا و دامەزراوەیەكی دیكەی رۆژنامەوانی و میدیایی.

ئەوەی پێویستە لە ساڵڕۆژی بە ئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی خەبات لە ڕووی ئیدارەدانییەوە بگوترێت، مانەوەو گرنگیپێدانی زیاتری رۆژنامەكەیە، خەبات جیا لەوەی تۆماری ئەرشیفی نەتەوەیی كوردە، زمانحاڵی فەرمی حزبیشە، حزبێك كە زۆرینەی دەنگ و ڕەنگی دانیشتووانی كوردستانی لەخۆی كۆكردۆتەوەو زۆرینەی پێگە سیاسی و ئیدارییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە، بۆیە دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت و لە رووی كوالیتی و زیادركردنی تیراژ و بڵاوكردنەوە و گەیاندنی پێویست و ژمارەی لاپەرە و چەندین لایەنی دیكەوە، گۆڕانكاری تیابكرێت و پاڵپشتی زیاتری بكرێت، چونكە هەموو توانا میدیایی و مرۆییەكان لە خەبات هەن و ئەوەی پێویستە و دەبێ بۆی زیاد بكرێت، پاڵپشتە دارایی و مەعنەوییەكەیە، كە ئەوەش ئەركی حزبە و بەو ئومێدەین لە 64ـەمین ساڵڕۆژی بە ئاشكرا دەرچوونی خەبات، ئاوڕێكی جدیتر لە رۆژنامەی دایك بدرێتەوە.