خەبات: موسلم دۆڵەمەڕی:- ڕۆژنامەی خەبات خاوەن مێژوویەكی پڕلەخزمەت و سەروەرییە لەڕۆژە سەختەكانی شۆڕش و بەرخوداندا، چونكە سەردەمی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات گەورەترین وەرچەرخانی ڕاگەیاندن بوو بۆگەیاندنی پەیام و سەركەوتنەكانی شۆڕش و زامەكانی گەلی كورد بەجیهان. جگە لەوە خەبات هەمیشە پردێك بووە بۆگەیاندنی پەیامی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردی بەبێ جیاوازی، بۆیە ئەمڕۆئافرەتانی كورد لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان ساڵڕۆژی تەمەنی خەبات پیرۆز دەكەن وهیوای بەردەوامی بۆدەخوازن.
سەرەتا دڵڤین شەماڵ بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاكرێی ئافرەتان گوتی: بەبۆنەی 64 ساڵەی بەئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات جوانترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندانی دەكەم. شایانی باسە خەبات یەكەم ڕۆژنامەی كوردییە كە بەبێ دابڕان 64 ساڵ بەسەر تەمەنیدا تێپەر ببێت و ببێتە بەتەمەنترین ڕۆژنامەی سیاسی لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، خەبات لەمێژووی خەبات و تێكۆشاندا هەڵگری ناسنامەی گەلی كوردە و قوتابخانەی پێگەیاندنی سەدان كادری بەتوانای ڕاگەیاندنی كوردی بووە، خەبات بەدرێژایی تەمەنی توانیویەتی بەبێ جیاوازی خزمەت بەگشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردیمان بكات بەتایبەت ئێمەی ئافرەتان، بۆیە داواكارم زیاتر لەرابردوو گرنگی بەئافرەتان بدات، چونكە ئافرەتی كورد بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لەگۆڕانكاری و پێشوەبردنی كۆمەڵگا كە تاكو ئێستاش بەردەوامە لەخزمەتكردن لەبواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەیی و …هتد، بەڵام بەداخەوە زۆرجار دەبینین رێگری لەپێشوەچوونەكانی ئافرەتی كورد دەكرێت، بۆیە پێویستە خەبات ڕۆژەكانی لاپەرەی ئافرەتان زیاتر بكات بۆئەوەی زیاتر دەنگ و پەیامی ئافرەتانمان بگات بەشوێنی مەبەست.
هەروەها مامۆستا كاژین ئیسماعیل بەڕێوەبەری پەیمانگای ئاكرێی ناحكومی بۆ زانستەكانی كۆمپیۆتەر گوتی: بەبۆنەی 64 ساڵەی تەمەنی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی ئەو خوشك و برا بەڕێزانە دەكەم كە لەم ڕۆژنامە خۆشەویستە خزمەت دەكەن، ڕۆژنامەی خەبات لەساتە سەخت و دژوارەكاندا توانی بجەنگێت لەپێناو گەیاندنی دەنگی شۆڕش و راستییەكانی گەلەكەمان، بۆیە هەمیشە خەبات وەك ئەستێرەیەكی گەشاوە لەئاسمانی ڕاگەیاندنی كوردیدا دەگەشێتەوە، هیوادارم هەردەم ڕۆژنامەی خەبات لەپێشوەچووندا بێت و زیاتر گرنگی بەبواری تكنەلۆژیا بدات چونكە سەردەم سەردەمی تكنەلۆژیا و پێشكەوتنە بۆهەر كۆمەڵگایەك .
هەروەها مامۆستا هودا خورشید گوتی: ساڵڕۆژی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆز بێت، خەبات هەر لە 4-4-1959 یەوە تاكو ئێستا بەبەردەوامی توانیویەتی خزمەتێكی بەرچاو بەگەلی كورد بكات، خەبات زمان حاڵێكی ڕاستگۆ و بوێر بووە بۆگەیاندنی پەیامی ڕاستی بەخوێنەری خۆی، خەبات هەمیشە بەباوەردارترین ڕۆژنامەی كوردی هەژمار دەكرێت لەلایەن خوێنەرانەوە، بۆیە ئێمەی خوێنەری ڕۆژنامە هەمیشە شانازی پێوە دەكەین، چونكە خەبات وەك قوتابخانەیەكی گەورە لەگشت روویەكەوە خزمەتی بەگەلی كورد كردووە وەك سیاسی، ڕۆشنبیری، مێژوویی، ئەدەبی، فەرهنگی، كلتوری، ژینگەپارێزی، ئاینی، كۆمەڵایەتی و دەیان بابەتی تر، لەكۆتاییدا هیوادارم خەبات زیاتر گرنگی بەرۆڵ و كاراكتەرییەتی ئافرەتان بدات لەنێو گشت بوارەكانی ژیاندا بۆئەوەی بە بەردەوامی هێز و توانای ئافرەتی كورد بێتە بەرچاو لەنێوكۆمەڵگادا .
نازەنین عەزیزبەرپرسی ئەنجومەنی “سۆران”ی ئافرەتان گوتی: بەبۆنەی ساڵ یادی بەئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ماندوونەناسانی ئەم ڕۆژنامە خۆشەویستە دەكەم وئومێدی سەركەوتنی زیاتر وبەردەوامبوونیان بۆدەخوازم، لە ماوەی رابردوودا كار و تێكۆشانتان بۆگەیاندنی پەیامە جیاواوازەكان وەك ( یەكسانی کۆمەڵایەتی، ئافرەتان، كۆمەڵایەتی، سیاسی، ڕۆشنبیری، پەروەردیی و…هتد) جێگەی ڕێز و پێزانینە، ڕۆژنامەی خەبات خاوەنی خەباتێكی دوورودرێژە لەبزاڤی رزگاریخوازیی گەلی كورد و بزاڤی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا. هەمیشە دیدگایەكی ڕاستگۆ بووە بۆ گەیاندنی پەیامە جیاوازەكان وەك خۆی بۆ ڕای گشتی. جگە لەمانە خەبات قوتابخانەیەكی پێشكەوتوو بووە بۆ پێگەیاندنی دەیان ڕاگەیاندنكاری كورد، داواكارین وەك چۆن هەمیشە پێشەنگ بووە بۆ گەیاندنی پەیامە جیاوازەكان بە بەردەوامی پێشەنگیش بێت بۆگەیاندنی پەیام و داخوازیی ئێمەی ئافرەتان بۆلایەنی پەیوەندار .
لەكۆتاییدا ئاواز حەمید گوتی: سەرەتا پیرۆزبای ی خۆم ئاراستەی تەواوی خوشك وبرایانی ڕۆژنامەی خەبات دەكەم، بێ گومان خەبات بەدرێژایی تەمەنی سەكۆی گەیاندنی پەیامی گشت چین و توێژەكانی كوردستان بووە و هەمیشە سەرچاوەی باوەرپێكراو بووە بۆ زۆرینەی خڵلكی كوردستان، من خۆم وەك ئافرەتێك هیواخوازم وەك هەمیشە ڕۆڵی ئافرەت و توانای ئافرەت لەهەموو سێكتەرەكاندا لەبەرچاو بگیرێت و خەبات ببێتە پردێك بۆگەیاندنی داواكاریی ئافرەتانمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە ڕێگەی ڕۆژنامەكەیانەوە، ئێمەی ئافرەتان وێڕای دەستخۆشی و شانازی بەم پێشكەوتن و سەركەوتنانە چاومان لەبەرەوپێشووەچوون و هەنگاوی گەورەتر و دەرفەتی زیاترە بۆئەوەی ئافرەتانمان زیاتر وەك كاراكتەری دیار و بەرچاو لەنێو كۆمەڵگاكەماندا دەربكەون و لەهەمان كاتیشدا دەبێ ئافرەتی كورد زیاتر هەوڵ بدات و هێز و توانای خۆی زیاتر دەربخات.
دلڤین شەماڵ
كاژین ئیسماعیل
نازەنین عەزیز
هودا خورشید
ئاواز حەمید