بەرهەم شێخ عزەدین
ڕۆژنامەی خەبات تەنیا ڕۆژنامەی حزبێک نییە و نەبووە، چونکە خەبات هەڵگری پەیامی نەتەوەیەکە و دەنگ و ڕەنگی گەلێکی خەباتکاری شەکەت و ماندووە لەکۆششکردن بۆ بەگەیشتن بەمافە ڕەواکانی، دیارە پارتی دیموکراتی کە پشکی شێری بەرکەوتووە لەو خزمەت و قوربانیدانەی خەباتکردن لەپێناو گەیشتنی گەلی کورد بەمافە ڕەواکانی، ئەم پەیامەش سەرجەم لایەنەکانی ژیان و بوارەکانی گرتۆتەوە، یەکێک لەو بوارانە ڕاگەیاندنە، کە بایەخی بەرچاوی پێداوە و دەدات، لەناو ڕاگەیاندنیش ڕۆژنامەی خەبات وەک زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان.

خەبات لە64 ساڵەی بەئاشکرا دەرچوونی تا بە ئەمڕۆ دەگات، هەروەک یەکەمین ساڵ و رۆژانی سەختی خەبات، بەگڕوتین و بەخەمخۆرییەوە بەردەوامەو بەردەوام دەبێت، ئەو پەیامە نەتەوەییەی خەبات هەڵیگرتووە، لەبواری پێگەیاندنی گەنج و لاوانی نیشتیمان و قوڵكردنەوەی رۆحی كوردایەتی و گرنگیدان بە پرسە چارەنووسسازەكانی نیشتیمان و لاكردنەوە لە تەواوی سێكتەرەكانی ژیاندا خەبات بەردەوامە، گومانیش لەوەدا نییە كە ڕۆژنامەی خەبات قوتابخانەیە و قوتابخانە بووە لە پێگەیاندنی هەزاران کادیر و نووسەرو ڕۆژنامە نووس، ئەمەش لەسەرجەم ئۆرگان و دامەزراوە میدیاییەکانی کوردستان بەدی دەکرێت.

لێرە وێڕای پیرۆزبایی و ئومێدی سەركەوتنی زیاتر و بەردەوامیدان، دەکرێت بڵێین خەبات سەرچاوەی درووستکردن و پێگەیاندنی کادر و ڕۆژنامەنووسە و خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی مرۆییە، بۆیە لەم یادە کە یادی 64 ساڵ بەئاشکرا دەرچوونیەتی، پێویستە بایەخی زیاتر بە ڕۆژانەمەی دایک و ڕۆژانەی خەڵک و ڕۆژنامەی نەتەوەیی کورد بدرێت.