رۆشنا عەلى
ئەمساڵ رۆژنامەى خەبات مۆمى 63 ساڵەی تەمەنی خامۆش دەکات و بەرەو 64 ساڵ هەنگاو دەنێت، لەم یادەدا سڵاو دەنێرم بۆ هەموو هاوڕێیانی خەباتكارم، هەموو ئەوانەی ئێستا پێكەوە كاردەكەین و بەردەوامین، ئەوانەیش كە ڕۆژانێك هاوكار بوون و ئیستا دابڕاون، ڕۆحی ئەوانەیش شاد بێت كە لە ژیاندا نەماون، لە مێژووى دوورو درێژى تەمەنی ئەم رۆژنامەیەدا بە ئامانجگرتنی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی بە جۆرێك ڕەگ و ڕیشەی داكووتاوە، كە بۆتە مۆرک و شوناسى رۆژنامەكە ،هەمیشە كاركردن لەپێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە کارە لەپێشینەکانی خەبات بووە ، خەبات بەردەوام كاری كردووە نەوەیەكی نیشتمانپەروەر و بەرپرسیار دروست بكات و پرسەكانی نەتەوە بكاتە وێرد و بابەتی بەردەوامی لاپەڕەكانی، ئەوەیش بە تایتل و ئاراستە و میتۆدی جیاواز، كە لەگەڵ بەرەو پێشچوونی سەردەم بگونجێت.

مێژووی دوورو درێژی رۆژنامەی خەبات دەرخەری ئەو راستیەیە، كە خەبات نەك تەنیا زمان حاڵی حیزبێك بووە ، بەڵكو سەرچاوە و بڵندگۆی نەتەوەیەكیش بووە، هەروەك چۆن جەنابی سەرۆك بارزانی لە یادی 50 ساڵەی یوبێڵی زێرینی رۆژنامەی خەباتدا دەفەرمووێت: (یادكردنەوەی خەبات، بەتەنیا یادكردنەوەی ڕۆژنامەیەك نییە، یادكردنەوەی خەباتی نەتەوەیەكە).

هەروەها بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 2012 لە بروسكەیەكی پیرۆزبایی بۆ رۆژنامەكە، ئاماژە بەوەدەكات كە خەبات توانیویەتی لەڕێی بەخششەكانی خۆیەوە ببێتە بەرگریكارێكی بەرچاوی دەسكەوتە مەزنەكانی گەلەكەمان لە كوردستان و عێراقیشدا، زیندوویی هەر میدیایەك لە دنیادا ئەوەیە، بۆ هەر سەردەمێك پەیام و ئاراستەی كاركردنی تایبەت بەخۆی هەبێت و خۆگونجێنەر بێت لەگەڵ پێشهات و ڕووداوە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت تەكنۆلۆژییەكانیش، بەتایبەتی كە ئێستا ئێمە لەسەردەمی تەكنۆلۆژیا و فرەمیدیایی جیاواز و سۆشیال میدیادا خۆمان دەبینینەوە، كە ڕەنگە چاپەمەنی بەگشتی و میدیای كاغەز نەتوانێت بەو جۆرە ڕكابەری ئەم تەوژمە زاڵە بكات، ئەگەر تەنیا لە چوارچێوەی كاغەزدا خۆی بهێڵیتەوە، بەڵام خۆشبەختانە خەبات ئەو ئاراستەیەشی گرتووە، كە هەم سایتی هەیە و رۆژنامەكەی تیادا بڵاو دەكرێتەوە، هەم لە ئامراز و ئەپە تازەكانی سۆشیال میدیاشدا بەشدارە، جگە لەوەش زۆرێكیتر لە لاپەڕەكان لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسی لاپەڕەكانی خەبات ڕۆژانە لە سۆشیال میدیا بڵاو دەكرێنەوەو دەبینرێن، بە واتایەكی دیكە رۆژنامەی خەبات تەنیا لە 16 لاپەڕەی كەغەزدا خۆی قەتیس نەكردووە و هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنە تەكنۆلۆژییەكانی سەردەمدا خۆی خزاندۆتە نێو میدیای تازە.

مەلەف و تایتلی لاپەڕەكانی خەبات لە ئێستادا بەپێی پێداویستی سەردەم و كۆمەڵگا پۆلێن كراوە و هەر لاپەڕەیەكی بۆ بوارێك لە بوارەكان تەرخان كردووە، ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە لە نێو ئەو لاپەڕانەدا، بەشی پەروەردە و فێركردنە، كە حەفتانە و ماوەی 13 ساڵە لەم رۆژنامەیە لاپەڕەیەكی بۆ تەرخانكراوە، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی رۆژنامەكە پەروەردە بە پرسە گرنگەكانی كۆمەڵگا دادەنێت.

لەم لاپەڕەیە هەمیشە كارمان لەسەر پەروەدەیەكی هاوچەرخ و دروست و تەبا لەگەڵ كلتوورو بەها كۆمەڵایەتییەكان كردووە، هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بووین زۆرترین پێشنیار و زۆرترین بۆچوونی شارەزایان وەربگرین و بە مانشێتی گەورە بیخەینە بەردەم بەرپرسانی پەروەردە، بەو ئامانجەی كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێت و گرنگی زیاتریش بەم لایەنانەی پەروەردە بدرێت، كە سەردەمییانە و لەگەڵ سیستەمە پێشكەوتووەكانی جیهانیدا گونجاو بێت، هەموو ئەوانەیش بەبێ ڕەچاوكردنی ئینتیمای سیاسی ئەوانە بووە، كە ڕا و سەرنجی گونجاو بۆ باشتركردنی ڕەوشی پەروەردە دەخەنەڕوو، هەروەك چۆن د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە لە كابینەی هەشتەمدا لە وەسفی ئەم لاپەڕەیە گوتی: (پەروەردە پرسێكی ئینسانییە و رۆژنامەی خەبات تێكەڵ بە سیاسەتی نەكردووە).

ئێمە لە لاپەڕەی پەروەردەدا ڕەخنەمان لە سیستەم و خراپی پەروەردە گرتووە و ڕەخنەكانمان دروستكەر بوون و ڕەش و سپیمان تێكەڵ نەكردووە، هەم لایەنە باشەكانمان بڵاو كردۆتەوە و هەم رەخنەمان لە خراپییەكان گرتووەو سەرچاوە و لایەنی بەرپرسمان لێ ئاگادار كردۆتەوە، هەواڵمان بە پشت بەستن بە بنەمای دروست بڵاو كردۆتەوە و چووینەتە ناو وردەكارییەكانی پەروەردەوە و تەنیا لەسەر هێڵی گشتی كارمان نەكردووە، بەڵكو بە بەردەوامی ناوەرۆكیشمان وێناكردووە، ئینجا چ بە هەواڵ یان دیمانە و راپۆرت و بەدواداچوون بووبێت، هەمیشە ویستوومانە نموونەیەكی جوانی كاری رۆژنامەگەری پەروەردەیی لەم رۆژنامەیە جێگا بكەینەوە، كە ببێتە سەرچاوەو بنەمای ئایندە بۆ پەروەردەكارانی داهاتوو.