زێدۆ باعەدری
هیچ نیشتیمانپەروەرێک نیە ئەم ناوە پیرۆزە(خەبات)ی نەبیستبێ… هەر لە منداڵییەوە ئەم ناوە پیرۆزە لە هزرو بیرماندا دەخوولێتەوە، بە درێژایی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و دوای ڕاپەڕینیش هەرچەندە زۆرجار لە بارودۆخی سەخت و دژواردا لێی بێبەش دەبووین و بیرمان دەکرد، بەڵام بەهۆی هەگبەو هەمبانەی برا پێشمەرگەکان هەموو کاتێک پڕبوو لەم ڕۆژنامە پیرۆزەو بڵاوکراوەکانی دیکەی شۆڕش.

ئەگەر برا پێشمەرگەکان دووربووان و نەیانتوانیبوا بگەیەننە دەستمان بە تامەزرۆییەوە بەیانیان و ئێواران بۆ ناوەرۆکی ڕۆژنامە گوێمان لە ئێزگەی دەنگی کوردستان دەگرت، ئێمەش بە ئەرکی خۆمان هەڵدەستاین و ئەو دەنگە زێڕینەمان تۆمار دەکرد یان ڕۆژنامەکەمان کۆپی دەکردو دەماننارد بۆ ڕێکخستنە نهێنییەکان.

هەر لە سەرەتای لاوێتیم لە قوتابخانەو فەرمانگە میرییەکاندا بڵاوکراوەمان بە دیوارەکاندا هەڵدەواسی، جگە لەوەش هەندێک جار بەناوی نهێنی و ئاشکرا بابەتم لە ڕۆژنای خەباتدا بڵاودەکردەوە، جێگەی شانازییە کە زۆرێک لە کچ و کوڕانی کوردستان هەڵگری ئەم ناوە پیرۆزەن، شانازی بەو ڕۆژانە دەکەم کە یەکێک بووم لەو پێشمەرگانەی کە ڕۆژنامەی (خەبات وگۆڤاری مەتین و لالش)مان دەگواستەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان وەک: (دێرک، ترپەسپی، قامیشلۆ، عامودێ، سەرێ کانیێ، حەسەکێ، حەلەب، عفرین، کفرجنێ، جەندرێس و هەردوو قەستەلان).

ئێستاش لە سایەی سۆشیاڵ میدیاو سەردەمی جیهانگیریدا ڕۆژنامەی خەبات هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووەو دەگاتە هەموو کونجێکی دنیا، لەم یادە پیرۆزەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ هەموو پێنووسێکی خاوەن هەڵوێست کە خزمەتی کوردستان و خاکەکەمانی کردوە دادەنەوێنین، بەتایبەتی یادییان بەخێر شەهید دارا تۆفیق، مامۆستا فەلەکەددین کاکەیی، حەبیب محەمەد کەریم و هەموو ڕێبوارانی ئەم ڕێگە پیرۆزە.