ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر  ڕايگەیاند: “نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 3ی ساڵی 2023 بۆ هەر ئەمپێرێك لە نێوان هەشت هەزار و 500 دینار بۆ 10 هەزار و 750 دینارە.”

بۆ مانگی دوو هەر ئەمپێرێك کارەبای مۆلیدە لە هەولێر نێوان  13 هەزار و 250 دینار بۆ 17 هەزار دینار بوو.

قارەمان مەولوود ئاشکراشی کرد، مۆلیدەکان لە نێوانی 170 بۆ 215 کاتژمێر کارەبایان داوە و گوتیشی: “بەراورد بە سلێمانی لە هەولێر کارەبای نیشتمانی کەمتر دراوە، بۆیه بەراورد بە سلێمانی بڕێک پارەی کارەبای مۆلیدە زیاترە.”

دوێنێ ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئاشکرای کرد، کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بۆ مانگی 1ی 2023 لە سلێمانی لە نێوانی حەوت هەزار بۆ هەشت هەزار و 750 دینارە.

لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر گوتیشی: ”گازوایل کەمێک هەرزان بووە و لە مانگی ڕابردوو تێکڕای نرخی هەر لیترێک گازوایل بە 700 دینار دیاری کراوە.”

لەناو شاری هەولێر، زیاتر لە هەزار مۆلیدە و لە دەوروبەریش 900 مۆلیدەی ئەهلی هەن.