بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای گفتوگۆیەکی زۆر، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، دەنگی لەسەر درا و هەموارکرایەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، بۆ کەرکووک سەرژمێری ساڵی 1957 دەکریتە بنەما و دابەشکردنی پۆستەکان بەڕێژەی 32% بۆ پێکهاتەکانی کەرکووک، نامێنێت.
لە راگەیێندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە: “کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی (دووشەممە، 27-3-2023) دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکریتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی هاووڵاتییانی شارەکە”.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شارۆچکەی سەرگەڕان کە دوای ساڵی 1957 لکێندراوە بە کەرکووکەوە دیسانەوە خراوەتەوە سەر پارێزگاکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و لە هەموارەکەدا ناویان لەسەر کەرکووک تۆمار کراوە.
لەبارەی ئەو کەسانەی مامەڵەی مادەی 140ـیان کردووە یان کاریان بۆ کردووە، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت “ئەوەی مامەڵەی مادەی 140ـی کردووە یان تەنیا مامەڵەی پێشکێشکردووە مافی دەنگدانی هەیە؛ ئەوەی پێش 2003 لە کەرکووک بووە و نفووسی شارەکانی دەرەوەی کەرکووکە بووە و ساڵی 1957 راگوێزراوە، بەڵام فۆڕمی خۆراکی کەرکووکی هەیە مافی دەنگدانی هەیە”.
لە یەکێکی دیکەی خاڵەکانی هەمواری یاساکەدا، کە تایبەتە بە کەرکووک ئاماژە بەوەکراوە، “هەموو ئەو هاووڵاتییانەی هێنراونەتە کەرکووک و بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەشکراوەتەوە، لادەبرێن و مافی دەنگ دانیان نییە”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە، بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک لەسەر بنەمای 32% بۆ هەر پێکهاتەیەک هەڵگیرا. دەشڵێت “بەگوێرەی یاسا، ئەو دەسەڵاتە لە سەرۆکوەزیران وەرگیرایەوە کە بتوانێت هەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوابخات کە خەڵکانێک ئامانجیان بوو”.
جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە، دوای ساڵی 2003 تەنیا یەک جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوەچووە.