دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، بەپێی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، فەرمانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و دڵشاد شەهاب دەقەکەی خوێندەوە:

فەرمانی هەرێمی ژمارە 90ی ساڵی 2032:

پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو بڕیارماندا بە:

یەکەم: دیاریکردنی رۆژی 18ی 11ی 2023 وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.

دووەم: گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.

سێیەم: ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.