جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا “کاتییە” و ئەمڕۆ یان سبەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕیار و رێککەوتنێکی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەستپێدەکاتەوە، تاوەکو رەشنووسی یاسای بودجە پەسند دەکرێت.

رۆژی یەکشەممە، 26-3-2023، نەهرۆ رەواندزی، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بۆ دەرەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندوه‌ : “ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و یەکێک لە دیارترین ئەو بابەتانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد: “بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ رێککەوتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی تاوەکو پەسندکردنی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 لەلایەن پەرلەمانەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بڕیاریشی پێدەردەچێت.”

ئەو پەرلەمانتارە کە بە جەختکردنەوەی تەواوەوە گوتی: “بەتەواوەتی دڵنیام کە ئەو رێککەوتنە دەکرێت، ئەمڕۆ یان سبەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبڕی پێشوویەوە دەستپێدەکاتەوە”، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد دوای پەسندکردنی رەشنووسی بودجە کار بەو رێککەوتنە دەکرێت، کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی لەبارەی نەوتەوە کراوە و نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت.