
قــادر توانــا – سوید
بارزانی ئەو پێشمەرگە و سەرکردەیە بوو کە هەموو ژیانی خۆی لەپێناو کورد و کوردستاندا تەرخان کرد ، لەپێناو کوردستان ژیا و هەر لەو پێناوەشدا سەری نایەوە ، هەر لەڕوانگەی هزری نەتەوەییەوە ژەنەراڵ بارزانی بەشداری لەشۆڕشی پارچەکانی تری کوردستان کردوە و پاراستنی کۆماری کوردستانیش بە ئەرکێکی نەتەوەیی زانیوە ، هەر لەبەر ئەوەش بوە کە خۆی و پێشمەرگە جوامێرەکانی ئەو ئەرکە پیرۆزەیان گرتۆتە ئەستۆ ، بەواتا بارزانی نەمر هێندە کوردســتانی بوە نەتـەوەییانە بیری کردۆتــەوە کە لـە پەیڤێکی خۆیدا دەفەرموێ:
( ئەگەر خۆشەویستی کوردستان تاوان بێت ، ئەوە من تاوانبارترین مرۆڤم )
بارزانی نەمر جگە لەوەی کە قارەمانێکی بێ هاوتای سەربازی بوە ئەوە لەهەمان کاتیشدا سیاسەتمەدارێکی دووربین و وردبین بوە ، بڕوایەکی تەواوی بە ئاشتی و ئازادی و دیموکراتی و بەیەکەوە ژیان هەبوە ، خاوەن بیر و باوەڕێکی نەگۆڕ بوە و هەرگیز سازشی لەسەر بستێک لەخاکی پیرۆزی کوردستان نەکردوە ، لەمبارەیەشەوە دەفەرموێ:
( من دیموکراتی خوازم و دڵم هەر ئەوە دەخوازێ کە لەنێو میللەتەکەمدا بە بەختیاری بژیم و ڕۆژێ لەڕۆژان ئاڵای کوردستان لەسەر بستێکی خاکی کوردستان هەڵبکەم )
هەر سەبارەت بە دیموکراتی ، بارزانی نەمر فرەحیزبی و دەربڕینی بیر و باوەڕی جوودا ، بە فاکتەرێکی سەرەکی دیموکراتی و ئازادی ڕادەربڕین دادەنێت ، هەر لەمبارەیەوە دەفەرموێ : ( ئێوە خۆتان سەربەستن لە بڕوا و بیرکردنەوەی خۆتاندا ، ئێمە گلەیی لەکەس ناکەین بەوەی فیکرەی چەپە یان ڕاستە ، ڕۆژهەڵاتیە یان ڕۆژئاواییە ، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە بەرژەوەندی کورد و کوردستان بخرێتە سەرووی هەموو ئیعتباراتێکی دیکەوە ، یان هەر بەرژەوەندیەکی دیکەی کەسایەتی و خێڵەکی )
بەواتا گرنگ نیە چۆن بیردەکەیتەوە و لەسەر کام بیروباوەڕیت ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە لەیەک ئامانجدا یەکبگرنەوە ، ئەویش خزمەتکردنە بە گەل و نیشتیمان ، بۆیە ڕاشکاوانەتر دەڵێ ( شانازیە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت )
هەر لەو ڕوانگەیەوە بارزانی نەمر پێی وابوە کە میکانیزمی سەرکەوتنی هەر میللەتێک ، خۆی لە بەئەنجامدانی ئەرکەکانی هەر تاکێکی کورد دەبینێتەوە ، ئەویش خزمەتکردنە بە گەل و نیشتمان ، لەو بارەیەشەوە دەفەرموێ:-
( گەلەکەتان پێویستی بە هەوڵ و تەقەڵای ئێوە هەیە ، وڵاتی ئێوە وڵاتێکی قەشەنگە و گەنجینەیەکی ئەوتۆی هەیە کە بەهیچ نرخێک پێوانە ناکرێت ، گەلی ئێوە گەلێکی ستەملێکراوە و دوژمنانیش بەردەوام پیلان دژ بە میللەتەکەمان دادەڕێژن ، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەر هەموومانە کە هەریەک لەئێمە بەڕێگای تایبەتی خۆیەوە بەرگری لە موقەدەساتی کوردستان بکات )
هەر لەو ڕێگایەشەوە داوا لەئەندامان و لایەنگران و پەیڕەوانی ئەو ڕێبازە دەکات ، کە پێویستە نەتەوەییانە بیر بکەنەوە و خۆیان تێکەڵ بەجەماوەر بکەن و هەمیشە لەخزمەت گەل و نیشتیماندا بن ، هەروەکو چۆن لێرەدا ئاماژەی پێدەکات:
( ئەرکی گەورە و سەرەکی سەرشانی ئەندام و کادیرانی پارتی لەهەموو بار و زرووفێکدا ئەوەیە ، کە هەوڵ بدەن خزمەتی ڕۆڵەکانی گەل بکەن و سەرنجی پارتیان دەربارەی هەموو کار و بارەکانی وڵات پێ ڕابگەیەنن و گوێش لەڕاو سکاڵاکانیان بگرن )
هەر لەڕوانگەی هزری نەتەوەییەوە بارزانی نەمر هیچ کاتێک جیاوازی لەنێوان شار و دەڤەرەکانی کوردستان نەکردوە ، لەهەر دەڤەرێک و پارچەیەکی کوردستان ترووسکەیەک ڕووناکی لێ دەرکەوتایە ، ئەوە بەڕێزیان هەوڵی گەشەکردنی دەدا و خۆی دەگەیاندێ جا باکووری کوردستان بوایە ، یان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ، ئەو پێی وابوە هەر پارچەیەکی کوردستان لەباربێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە خەباتی لەپێناو دەکات ، ئەوە وەک پێشمەرگەیەک بەشداری تێدا دەکا ، هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەفەرموێ : ( نابێ جیاوازی بخەینە نێوان میللەتەکەمان و بڵێین ئەو خەڵکی هەولێرە یان سلێمانی یان هەر شارێک و پارچەیەکی تری کوردستان ، چونکە هەموو یەک میللەتین و یەک چارەنووسیشمان هەیە ) چونکە سەربەخۆیی هەرپارچەیەکی کوردستان ، ڕێگای پارچەکانی تریش ڕووناک و ڕۆشن دەکاتەوە.
سازش نەکردنی بارزانی نەمر لەسەر چارەنووسی شاری کـەرکووک و دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان شۆڕش و حکوومەتی عێراقی بەهۆکاری پاشگەزبوونەوەی ڕژێمی عێراق لە ڕێکەوتنامەی 11 ی ئاداری 1970 بارزانــی نـەمر لەم بارەیــەوە دەفەرموێ : ( کەرکووک دڵی کوردستانە ، هەرکاتێ مرۆڤ توانی بەبێ دڵ بژی ، ئەوە ئەوکاتە دەتوانن کەرکووک لەکوردستان داببڕێنن ).
بێگومان دیموکراتیش سنووری خۆی هەیە ، بەوەی نابێ لەژێر پەردەی دیموکراتی و ئازادیدا بەرژەوەندی کورد و کوردستان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار ببرێت ، یان بکرێ بە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی کە لەو ڕێگایەوە خزمەت بە ناحەز و دوژمنانی گەلەکەمان دەکرێ، بێگومان دیاردەی خیانەت و دژایەتیکردن و ئاژاوەنانەوە ، لەدیاردە هەرە ترسناکەکانی نێوخۆیی دادەنرێت ، کە بەهۆیەوە گەلەکەمان دووچاری نەهامەتی و ماڵوێرانی و دەربەدەری و نوشستی زۆر هاتوە ، بۆیە بارزانی نەمر لەپەیڤێکیدا دەفەرموێ ( ئەگەر کوردایەتی گران بێت ، ئەوە خیانەت نەکردن ئاسانە ) ئاشکرایە کە ناتەبایی و دووبەرەکی نێوخۆیی هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ڕێگە خۆشکردنی دوژمنان و سەرکەوتنی پلانەکانیان دژ بە گەلەکەمان ، هەروەکو چۆن ئەمڕۆ بەهەمان هۆکار حکوومەتی شیعەگەری بەغدا بە سوود وەرگرتن لە ناکۆکی ناوخۆیی بودجەی ساڵانەی هەرێم دەبڕن و لە سیاسەتی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان بەردەوام دەبن، بۆیە گوتراوە هێز لە یەکێتیدایە و سەرکەوتنیش لەیەکڕیزی و تەبایی ، هەر لەمبارەیەوە بارزانی نەمر دەفەرموێ ( ئەگەر لەنێو خۆماندا تەبا بین و ڕیزەکانمان یەکگرتوو بێت ، ئەوە دوژمن چەندە بەهێزبێت ناتوانێ خۆی لەبەرماندا بگرێ ، بەڵام ئەگەر لەنێوخۆماندا ناکۆک بووین و ڕیزەکەمان لێکترازا ، ئەوە هەرچەند بەهێزیش بین بەڵام هەر نوشستی دەهێنین ).
لەلایەکی تریشەوە بارزانی نەمر بەبایەخەوە دەڕوانێتە کار وباری پارتایەتی و بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ هەموو سەرکەوتنەکان دادەنێ ، کە دەفەرموێ : ( هیچ شۆڕشێک بەبێ سەرکردایەتی حیزبێکی مونەزەم سەرکەوتوو نابێت )، بەواتا یەکڕیزی ڕێکخستنەکانی پارتی زامنی سەرکەوتنی شۆڕشە و گەیشتنە بەو ئامانجانەی کە شۆڕش خەباتی لەپێناودا دەکات ، ئەویش بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانە ، چونکە هیچ شۆڕشێک بەبێ ڕێکخستنێکی تۆکمە و یەکگرتوو سەرکەوتوو نابێت.
وەنەبێ وتەکانی بارزانی سەرکردە تەنیا بۆ سەردەمێکی دیاریکراو بووبێت ، بەڵکو فەلسەفەیەکە و بۆ هەموو سەردەمێک گونجاوە، گەنجینەیەکی بێکۆتاییە و ڕێبازێکی کوردایەتی و هزرێکی نەتەوەییە کە پێویستە لەهەموو کات و ساتێکدا لەکارەکانی ڕۆژانەماندا بەکاریان بهێنین، بارزانی نەمر بڕوایەکی زۆری بەنەوەی ئەمڕۆ و سەرکردەی دواڕۆژ داوە و پێی وابوە کە هزری نەتەوەیی لەو ڕێگایەوە پەرە دەسێنێ و جێگیر دەبێ ، بۆیە هەرزوو بیری لەوە کردوە کە قوتابیان و لاوان لەژێر چەتری یەکێتی قوتابیان و لاوان کۆبکاتەوە ، تا بتوانن ڕۆڵی نەتەوەیی لەنێو شۆڕشدا ببینن ، هەر بەهەمان شێوازیش بەڕێزیان ویستوویەتی ئافرەتانیش لەژێر چەتری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بگەنە ناوەندی بریارە سیاسیەکان و وەک بەشی دووەمی کۆمەڵگا ڕۆڵی نەتەوەییانەی خۆیان لەنێو گەلەکەیاندا ببینن ، ئەمانەش هەمووی لەهزری نەتەوەیی بارزانی نەمر سەرچاوەیان گرتوە و لەوتەیەکیشیدا دەفەرموێ : ( قوتابیان سەری ڕمن لەهەموو شۆڕشێک و ڕاپەڕینێکدا ، لاوانیش شوورەی پۆڵایینن بۆ پاراستنی کوردستان ).
بارزانی وەنەبێ تەنیا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەرجەعی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بێت لە باشووری کوردستان ، بەڵکو لەهەر چوارپارچەی کوردستان وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی هەژمار دەکرێ و ڕێزی لێدەگیردرێ ، بەواتا بارزانی نەمر بەتەنیا موڵکی پارتێک و پارچەیەکی کوردستان نەبوە ، بەڵکو موڵکی هەموو کوردێکە لەهەر چوارپارچەی کوردستان.
هزری نەتەوەیی بارزانی نەمر بۆتە ڕێبازێک بۆ باوەڕپێکراوان و پەیڕەوانی ئەو ڕێبازە پیرۆزە ، وەک قوتابخانەیەکیش بەسەدان هەزار قوتابی پێگەیاندوە کەخۆیان لەپێناو خاک و نیشتیمانەکەیاندا دەکەن بە قوربانی ، هەر لە ڕوانگەی خەباتی نەتەوەییەوە دەفەرموێ : ( من ترسی ئەوەم هەیە کە دوای شۆڕش ئەوانەی کە ماندوو بوون و خەباتیان کردوە و لەپێناو ڕزگاری کوردستان قوربانیان داوە ، فەرامۆش بکرێن و لەبیر بکرێن ) کە مخابن ئێستا هەست بەو ترسە دەکرێ ، بەو هیوایەی لەڕوانگەی بیری نەتەوەیی بارزانی نەمرەوە ، بایەخ بە خەباتگێر و ماندوونەناسەکان بدرێ و فەرامۆش نەکرێن.
من لێرەدا پێشنیارێک دەکەم ……… ( لەهەموو یاد و بۆنەکاندا دەڵێین بارزانی نەمرە ، کەچی هەموو ساڵێکیش لە یەکی ئاداردا یادی کۆچی دوایی بۆ دەکرێتەوە ، ڕاستر و گونجاوترە کە هەرساڵێک وەک نەریتێک لە 14 ی ئادار مەراسیمی جەژنی لەدایکبوونی بۆ ڕێکبخرێ ).