ئەمڕۆ شەممە 4/3/2022 د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، دەربارەی بابەتی ئەو پزیشکەی دوێنێ لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا باسی کێشەی نێوان خۆی و کەسانێکی دیکەی کرد، لە پرێسکۆنفرانسێکدا ڕوونکردنەوەی دا.
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: ”لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم پرێسکۆنفرانسەدا ڕایدەگەیەنین کە ئەو بابەتەی ڕووی داوە، بابەتێکی کۆنە و هیچ پەیوەندیی بە کار و پیشەی هیچ کەسێکەوە نییە، واتا نە پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە هەیە، نە پەیوەندیی بە هیچ بەرپرسێکی حکوومییەوە هەیە، نە پەیوەندیی بە هیچ بەرپرسێکی پێشمەرگەوە هەیە و نە پەیوەندیی بە هیچ پزیشکێشەوە هەیە، بابەتی مامەڵەیەک بووە لە نێوان چەند کەسێکدا کە لە ئەنجامی ئەو مامەڵەیە هەندێک کێشەی پارە و قەرز و بابەتی دیکە هاتووەتە ئاراوە.”
د. عەلی تەتەر ئاشکرایشی کرد: ”ئەو هاووڵاتییانەی کێشە کەوتووەتە نێوانیانەوە لەبری ئەوەی پەنا ببەنە بەر یاسا و لە ڕێی دادگاوە کێشەکانیان چار بکەن، بەداخەوە پەنایان بردووەتە بەر لێدان و کوتان و ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت، بۆیە ئەم بابەتە لە ڕێی دادگا و یاساوە چار دەکرێت و هیچ کەسێکیش لە دەرەوەی یاساوە نابێت.”
پارێزگاری دهۆک داوایشی لە هاووڵاتییان کرد، جارێ پەلە نەکەن و فیشەک بە تاریکییەوە نەنێن، لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە پێک هاتووە و لیژنەکە بەوردی لەو بابەتە دەکۆڵێتەوە و هەموو بابەتەکە لە ڕێی دادگاوە چارە دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لە دەرەوەی یاسا بێت، هەق بۆ هەقدار دەگەڕێتەوە.