خەبات: پەریهان عومەر:- شێوەكار نورالهدی محەمەد لە بواری شێوەكاریدا كار دەكات و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوكە و خاوەن بڕوانامەی دیبلۆمی هونەریە سەرەتای كاری هونەری دەگەڕێتەوە سەردەمی منداڵی ئەوكات خولیای وێنەكێشانی هەبوو و حەزێكی گرنگی هەبووە، لە تەمەنی منداڵیەوە جار جار كاری دەكرد و كەسانێكی باش پشتگیری كارەكانیان دەكرد و زیاتر هانیان دەدا كە بەردەوام بێ، لەوكارەیدا تا تەمەنێكی گەورە بەردەوام بووە لە وێنەكێشان و دواتر بۆ پێشخستنی تواناكانی بڕیاریدا بچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك و لەوێوە زیاتر درێژە بدات بە توانا هونەریەكانی بە شێوەیەكی ئەكادیمی و باشتر. شێوەكار نورالهدی محەمەد لە دیدارێكی تایبەت بە (خەبات) وەڵامی پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە و گووتی:
ئایا وێنەكانت كاروچالاكیەكانی تۆ چی بووە؟
كار و چالاكی هونەریم زۆر كردووە لەگەڵ رێكخراوە جیاوازەكان و لە زۆر كاری هونەری دیواربەندی شوێنە گشتییەكانی ناو شاری كەركوك بەشداربوومە و زۆر بابەتی جوانمان پێشكەشكردووە وەك (ژینگە دۆستی و خۆ پارێزی و پێكەوە ژیان و زۆری تریش…) كاتێكیش باسی چالاكی هونەری دەكەین زۆر چالاكی جیاواز هەن و منیش لە زۆریاندا كارم كردووە هەم سرووشتی جوان و هەم پەیامی كۆمەڵایەتی و هەم نیشاندانەوەی جوانییەكانی ژیان لەڕێی رەنگەكانەوە و وێنەكێشان خۆی لە خۆیدا پەیامە و منیش لە رووی كلتوور نیشاندان و وەزعییەتی خەڵك و نیشاندانی چینە جیاوازەكانەوە كارم لەسەر كردووە و زۆر تابلۆی هونەریم پێشكەشكردووە بە بینەرانم،لە داهاتووشدا ئامانج و پلانی گەورەترم هەیە و بەو هیوایەم كە دەرفەت بگونجێت كاری باشتر و جوانتر پێشكەش بكەم بە خەڵكی كەركوك و ناوچەكانی تریش.
وێنەكانی تۆ پەیامی چی دەگەیەنێت؟
پەیام لە كاری هونەریدا بەشێكی گرنگی كارەكەیە لە پێشكەشكردنی بۆ بینەر تەئكید وەك شێوەكارێك هەردەم بیرم لەوە كردۆتەوە كارەكانم بێ پەیام نەبن و بتوانم كارێكی گرنگی پەیامدار بگەیەنم بە بینەر هەڵبەتە كارەكان زۆر پەیامیان لە خۆ گرتووە و منیش هەمیشە جەختیان لەسەر دەكەمەوە ، كاری هونەری من لە چوارچێوەی چێژی جوانیدان و هەوڵمداوە هەمیشە گرنگی بە شتە جوانەكان بدەم لە ناو تابلۆ بەڵام بە چێژێكی دووبارە نەبوونەوەی پێشتر و جیاوازتر جوانی لە پەیامی تابلۆ زۆر زۆرە و نایەتە ژماردن بەڵام من وەك شێوەكارێك ئەوەندەی لە توانام دابووبێت پەیامی شتی جوانم گەیاندووە و زۆر كاریشم كردووە لەسەر پەیامی بەهای كۆمەڵایەتی و یەكتر قبوڵكردن و پێكەوە ژیانی ئاسودانەی تاك و چینە جیاجیاكان و گرنگی زۆریشمداوە بە نیشاندانەوەی ریتمی هونەری ئەكادیمی و هەمیشەش پەیام بۆ شێوەكار گرنگە و كاری لەسەر دەكەم و هیچ كات لە كارەكاندا هی ئەوە نین بیرم بچن.
