
غازی حەسەن
دیموكراتەكان بەخۆشییەكی زۆرەوە پێداگریان لەسەر دادگاییكردنی (دۆناڵد ترەمپ) دەكرد، كە چەندین بەڵگەنامەی گرنگ و فەرمیان لە ماڵەكەی دۆزیوەتەوە، ئەمەشیان بە دەرچوون لە یاسا و دەستووری ئەمەریكا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییەكانی كۆشكی سپی و بەكارهێنایان لە شوێنی تایبەت دادەنا. ئەم بەزمە سیاسییە وەكو گوشارێك بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی ترەمپ نەتوانێت جارێكی دیكە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا هەڵبژێرێتەوە.
1
دوای هەڵبژاردنی 2022 ی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران و هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆنگرێس كە ئەندامێكی كۆمارییەكانە، ئەمجارە كۆمارییەكان زۆرینەن لە كۆنگرێس. دەنگوباسی نێو ڕاگەیاندنی ئەمەریكا بە فەرمی ئەوەیان ئاشكرا كرد، كە چەندین بەڵگەنامەی فەرمی نهێنی لەنێو ماڵی (جۆ بایدن)ی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكاش دۆزراوەتە و خۆشی بە هێمنی گوتوویەتی بەڵێ، من وەكو ترامپ لاملی ناكەم و لەگەڵ دادگا هاوكار دەبم لە لێكۆڵینەوە و ساخكردنەوەی شتەكان.(بایدن)یش ڕۆژی 19-1-2023 لەبارەی ئەم بەڵگەنامانەوە گووتی: “ئەو هەست بە هیچ پەشیمانییەك ناكات” سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بەڵگەنامانەی كە لە ماڵەكەی و ئۆفیسە كۆنەكەی دۆزراونەتەوە. گووتیشی مەسەلەكە هیچ نییە، پارێزەرەكانم چیم داوا لێ بكەن ئەوە دەكەم و بەس. ئەم بەڵگەنامانە ڕادەستی ئەرشیفخانەی نیشتمانی دەكەم، كە لە شوێنی هەڵە دانراون. بەڵگەنامەكان پەیوەندییان بە ماوەی دەسەڵاتی ئەوەوە هەیە، كە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (ئۆباما) بووە. هەفتەی ڕابردوو دادوەری گشتی (میریك گارلاند) ڕاوێژكارێكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لەو بەڵگەنامانە داناوە، كە لە ماڵی (بایدن) لە شاری (ویلمنگتۆن) لە ویلایەتی (دیلاوێری) دۆزراونەتەوە.لە هەمان كاتدا كۆشكی سپی دەڵێت “توڕەبوونی كۆمارییەكان سەبارەت بەم بەڵگەنامانەی بایدن تووڕەبوونێكی دروستكراوە”. ڕاشیگەیاندووە: سەرۆك تەنیا مامەڵە لەگەڵ كۆنگرێس دەكات و بەتایبەتی ئەوانەی نیەتی پاك و باشیان هەیە. كۆشكی سپی هەفتەیەك پێش ئێستا دانی بەوەدا نا، كە بەڵگەنامەی نهێنی لە ماڵەكەی (بایدن) دۆزراوەتەوە و پەیوەندییان بە (بایدن)ەوە هەیە لەو ماوەیەی (2009 – 2017)كە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) بووە. بەڵگەنامەكانیش لە ئۆفیسێكی ئەو لە واشنتن و لە ماڵەكەی لە دیلاوێری بووە.
2
ئەم مەسەلەیە لای كۆمارییەكان وەكو دەستكەوتێكی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، وەكو چۆن دیموكراتەكانیش دژی (ترەمپ) هەمان شتیان كردووە، وەزارەتی دادیش ئاشكرای كردووە، كە مەسەلەكە پەیوەندی بە كۆنگرێسەوە دەبێت، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەم مەسەلەیە بكرێت و چاوەڕوانیش دەكەین ئەندامەكانی كۆنگرێس بە نیازیكی باشەوە هەڵسوكەوت بكەن. كۆشكی سپیش دەڵێت: ئەندامانی كۆمارییەكان لە كۆنگرێس ئەو متمانەیە لەدەست دەدەن ئەگەر بە تووڕەبوونێكی دەستكردەوە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەكە بكەن. هەرچەندە ئەوان دەیانەوێت وەكو دەستكەوتێكی حزبی سەیری مەسەلەكە بكەن.
كۆشكی سپی گوتوویەتی (بایدن) هاوكار دەبێت لەگەڵ دادگا، كەچی (ترەمپ) ئەوەی ڕەفز كردۆتەوە، بۆیە پۆلیسی فیدرالی ناچاربوو لە هاوینی ڕابردوو هەڵبكوتێتە سەر ماڵەكەی و دەست بەسەر بەڵگەنامەكاندا بگرێت.
3
ڕۆژی شەممە، 21ـی كانوونی دووەمی 2023، (بۆب باوەر) پارێزەری تایبەتی (جۆ بایدن)،سەرۆكی ئەمەریكا ڕایگەیاند: لە كاتی گەڕاندا بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئەمەریكا شەش بەڵگەنامەی دیكەیان لەنێو ماڵی (بایدن)دا لە ویلایەتی دیلاوێری دۆزیوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە لە چوارچێوەی ئەم ڕووداوانە دیموكراتەكان بە گەرمی (ترەمپ) تاوانبار دەكەن و دەیانەوێت دادگا ڕێگەی خۆ كاندیدكردنەوەی لێ بگرێت و لە هەمان گاڤیشدا (بایدن) لە سەروبەندی بیركردنەوە و خۆ یەكلاكردنەوەیە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2024دا. (بۆب باوەر) گوتیشی “لەدوای دۆزینەوەی دووەم پاكێجی بەڵگەنامەكان، كۆشكی سپی رێگەی بە وەزارەتی داد داوە بۆ ئەوەی ماڵەكەی (بایدن) لە دیلاوێری بگەڕێن و دەشڵێت گەڕانەكە ڕۆژی هەینی كراوە و 12 كاژێری خایاندووە و كونبەكونی ماڵەكەیان پشكنیووە”.
4
رۆژی 12ـی كانوونی دووەمی 2023، (مێریك گارلاند) داواكاری گشتیی ئەمەریكا ڕایگەیاند” (رۆبێرت هێر)، كە لەلایەن (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەوە وەكو لێكۆڵەر دامەزرێندراوە، لێكۆڵینەوە لەوە دەكات، ئایا هەڵگرتنی ئەو بەڵگەنامانە پێشێلكردنی یاسایە یاخود نا. بە گوێرەی كۆشكی سپی، “ژمارەیەكی كەم”ـی بەڵگەنامەی نهێنی لە دۆلابێكی داخراوی نووسینگەكەی (بایدن) دۆزراونەتەوە. میدیای ئەمەریكیش لەكاتی ئاشكرابوونی بەڵگەنامەكان ئاماژەیان بەتەنیا دە بەڵگەنامەی نهێنی كرد، كەچی ئێستا ژمارەكەیان زیادی كردووە.(جۆ مانشین)ی سیناتۆری دیموكراتەكان و هەندێك لە ئەندامەكانی دیموكراتەكان تووڕەن لەم هەڵسوكەوتەی لەمەڕ بەڵگەنامە نهێنییەكان ئاشكرا دەبن. ناوبراو لە دیدارێكی (سی ئێن ئێن) گووتوویەتی: بڕوا ناكەم ئەمە چۆن ڕووی داوە، ئەمە كارێكی نامەسئولانەیە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی ئەم ڕووداوە سزا بدرێن، با ئەمە گەورە بەرپرسەكانیش بگرێتەوە، هەر كارمەندێك ئەوەی كردبێت، لە كۆتاییدا تاوانەكە دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆك”. (جۆل ڕۆبن)ی جێگری وەزیری دەرەوەی سەردەمی (باراك ئۆباما) ئەمەریكاش ڕایگەیاند: “ڕەخنەكان پەیوەندییان بەوە هەیە، كە هێشتا شتەكان كۆتاییان پێ نەهاتووە و ترس هەیە بەڵگەنامەی نهێنی دیكەش لە شوێنی تایبەتدا بدۆزرێنەوە. گرنگ ئەوەیە دیموكراتەكان پێشوازیی لە شەفافیەت و هاوكارییەكانی سەرۆك دەكەن”. لە هەمان كاتدا دیموكراتەكان ترسیان هەیە ئەمە كاریگەریی خراپی لەسەر حزب و خودی (بایدن)یش دروست بكات، پێیان وایە هەر كە مەزەندەی ئەوە دەكەن شتەكان لە شوێنێك دەوەستێت، كەچی لەناكاو بەڵگەنامەی دیكە دەدۆزرێتەوە .
5
لە 9ی شوبات دادوەر داوای لە (پنس) جێگری پێشووی ترەمپ كردووە بچێتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی لەبارەی هێرشەكانی 6ی كانوونی دووەمی 2021بۆ سەر كاپیتۆڵ لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت. كەناڵی (ئەی بی سی) ئاشكرای كردووە ئەمە دوای ئەوە دێت، كە “چەند مانگە دانووستان لەنێوان دادوەرانی فیدرالی و تیمی یاسایی پنس لەئارا دایە”. دوور نییە زانیارییەكانی (بنس) ئەوە ساخ بكاتەوە كە (ترەمپ) بە چ هێز و توانایەكەوە كاری كردووە ڕكابەرەكەی (بایدن) لە حزبی دیموكراتدا لە هەڵبژاردنەكان سەرنەكەوێت. ئەو كات (ترەمپ) گوشارێكی زۆری خستبووە سەر (مایك پنس) بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نەكات، هەر ئەو كاتیش (پنس) ڕەخنەی لە هێرشكردنە سەر كۆنگرێس گرتبوو و بە “كارێكی نابەرپرسانەی دانا”، كە (ترەمپ) تێیدا بە دۆڕاو دانراوە و هەر ئەو كات كۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی سەرۆكی وڵات ئابلوقە درابوو. (ترەمپ) دەیەوێت گوشار دژی جێگرەكەی و پێدانی زانیاریی دروست بكات و پەناش بۆ ئەو دەسەڵاتە دەبات، كە ماف بەم جۆرە كەسانە دەدەن زانیارییە نهێنییەكان نەدركێنن و قسەیان لەبارەوە نەكەن. بڕیاری كۆتایی بۆ وەزیری دادە.
6
بەپێی ڕاپۆرتێكی شیكاری سیاسی گۆڤاری بەنێوبانگی ئەمەریكی (نیوزویك) كە لە ڕۆژی 14 شوباتی 2022 بڵاوكراوتەوە دەڵێت “كەسە گرنگ و ستراتیژییەكانی پارتی كۆماری گوتوویانە ئەم هەنگاوەی (پنس) لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دادگا سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كاپیتۆل ڕەنگە پێگەی ئەو لەنێو خەڵك و دەنگدەری نێوەخۆیی كۆمارییەكان بەرز بكاتەوە”. كورد گوتەنی هەر شەڕێك بۆ جوامێرێك. ئەو كاتی خۆی ڕەخنەی گرت و ئامادە نەبوو بە قسەی (ترەمپ) بكات و واژۆ لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان نەكات. واتە گەمەیەكی نوێی سیاسی لە چۆنیەتی لێپرسینەوە لە (پنس) و شێوازی مامەڵەكردنی ئەو لەگەڵ دادوەران و خودی وەزارەتی داد هەیە و پێشیان وایە ڕەنگە ئەم هەڵوێستەی داد ببێتە هەنگاوێك بۆ خزمەتكردنی (پنس) و پەیداكردنی جەماوەری پتر لەنێو كۆمارییەكاندا.لە ڕۆژی هەینی 10 شوباتی 2023 (ئێف بی ئای) ماڵەكەی لە (كارمل) ی ویلایەتی ئیندیانای باكوور پشكنیووە و بە هەمان شێوەی (ترەمپ و بایدن) لە ماڵەكەی ئەویشدا بەڵگەنامەی نهێنی گرنگ دۆزراوەتەوە. ناكۆكییەكان توندن..جیاوازییەكە ئەوەیە (ترەمپ) خۆی دەدزێتەوە و نایەوێت شتەكان ئاشكرا بكات، كەچی (بایدن) بە هەموو جۆرێك هاوكاریی دادگا و لێكۆڵینەوە دەكات.
7
ڕۆژی هەینی 10 شوباتی 2023 (ترەمپ) ستایشی جێگری پیشووی خۆی دەكات و بە كەناڵی فۆكس نیوزی دیجیتالی ڕاگەیاندووە كە “پنس پیاوێكی شەریفە و جێگری پێشووی ئەو كەسێكی زۆر بەڕێزە”. (ترەمپ) لە (سۆشیالمیدیا تروس) گووتی ئایا لەو كەسانەش دەپێچنەوە كە جاسوسیان دژی هەلمَەتەكانی هەڵبژاردنی من كردووە؟. میدیاكانی نێو ئەمەریكا بە شێوەیەكی جددی و بەبایەخەوە گرنگی بە هەواڵ و زانیاریی نوێ لەبارەی ئەم بابەتە بڵاو دەكەنەوە. تا دێت كێشە و گومانەكان لەبارەی چۆنیەتی بەكارهێنانی بەڵگەنامە نهێنییە دەستوورییەكان لە ماڵی سەرۆكی وڵات ئاڵۆزتر دەبێت، هیچ گومانی تێدا نییە، ئەو كاڤەی لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا نووسینگەی فیدراڵیی ئەمەریكا – ئێف بی ئای هەڵیكوتایە سەر ماڵی (دۆناڵد ترەمپ) لە ویلایەتی فلۆریدا و زیاتر لە 325 بەڵگەنامەی نهێنیی كاتی سەرۆكایەتییەكەی لە ماڵەكەیدا دۆزییەوە. وەكو بۆمبێكی سیاسی و یاسایی لە ڕاگەیاندنەكاندا دژی سەرۆكی پێشوو بەكارهێنرا، ئەوە ئێستا شەڕەكە كەوتە نێو ماڵی (بایدن)یش. دەبێت چاوەڕوان بكەین، بزانین ئەم یارییە سیاسییە بەرەو كوێ دەچێت. ئایا كاغەزی هەردوو سەرۆك دەسووتێت و ناتوانن خۆیان هەڵبژێرنەوە، یان بە كردەوە ئەمە بۆ ئەوەیە سازشێكی سیاسی لەنێوان هەردوو لا بكرێت و كەس لە كەس بە سافی لێی دەرچن و نوقتە سەری دێڕ دەست بە بیرۆكەی خۆ كاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی 2024بكەن.كۆمارییەكانیش ئێستا داشیان سوارە و دەیانەوێت هەمان بەزم بە (بایدن) و دیموكراتەكان بكەن، كە ئەوان پێیان كردن. بۆیە لە كۆنگرێس داوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ (بایدن) دەكەن. گەمەیەكی سیاسی دوور و درێژە، سیاسییەكان لەپێناو گەیشتنە پلە و پایەی سیاسی، هەموو سیاسەتێك تاقی دەكەنەوە. خۆشی ئەم گەمەیە ئەوەیە زانیارییەكان بە ئاشكرا و لەبەردەم ڕاگەیاندن و ڕای گشتیی بە ئاشكرا بڵاو دەكرێنەوە. واتە هیچ شتێكی شاراوەی تێدا نییە، تەنیا ڕێگاكانی بەكارهێنانی سیاسەتەكە نەبێت. پێویستە ئاماژە بەوە بكەم بەپێی یاسا كە لە ساڵی 1978 دەرچووە پێویستە هەموو سەرۆكەكان و جێگرەكانیان هەرچی نامەی ئەلیكترۆنی و نامە و بەڵگەنامەی كار هەیە دەبێت ڕادەستی ئەرشیفی نیشتیمانی بكەن، دوای ئەوەی كارەكانیان كۆتایی دێت. كاردانەوە و هەنگاوەكانی ئێستا هەمووی لە چوارچێوەی ئەم یاسایە ئەنجام دەدرێت.وا بڕوات دەبێت ماڵی هەموو سەرۆك و جێگرەكانیان لەدوای ساڵی 1978 بپشكنن و بەڵگەنامەی نهێنیان لا بگرن. یان ئەمە دەبێتە سەرەتایەكی نوێ بۆ سازشێكی سیاسی لەنێوان كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانێك لە قەیرانە سیاسییەكان.