ئەمڕۆ هەینی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەكی سەبارەت بە گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاو كردەوە و دووپاتی كردووەتەوە پارتی سەرجەم بارەگاکانی لە كەركووك دەكاتەوە و گوێ بە ژاوەژاوی پووچ نادات.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە: ” جار نا جارێک لێدوانی میدیایی گرژ و پڕ لە دەربڕینی هەڕەشەئامێزی دژی ئاسایش و سەقامگیری کەرکووک دەردەچن، کە هەندێک لەو گرووپانەی بانگەشەی نوێنەرایەتیی سیاسی دەکەن و لەسەر زەوی بوونیان نییە، ئامانجیانە لە ڕێگەی ئەو لێدوانانەوە هەر هەنگاوێکی ئاشتییانە کە دەبێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتیی بەردەوام لە پارێزگاکەدا، لەبار ببەن. ئەم گردبوونەوە لاوازانە گوتاری پۆپۆلیستانەی وا ڕادەگەیەنن کە پەیوەندییان بە واقیعی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیی کەرکووکەوە نییە و پشتبەستوو نین بە بنەماکانی هاوسەنگیی هێز لەسەر زەوی و خواستی هاووڵاتییانی کەرکووک، بگرە لە شێواز و ناوەڕۆک سەرپێیی بوونیاندا دەربڕینی ئەو ئەجێندایانەن کە بەرژەوەندی تەسک و بیری کۆنەپەرستانە پاڵنەریانن و لایەنی ناسراویان لە پشتە.”

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی هەروەها دەڵێ: “سەبارەت بە ئێمە، ئەم لێدوانە بە باقوبریقانە ناتوانن ئەو ڕێبازە سیاسی و ئاشتییانە و یاساییەمان بگۆڕن کە بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو هەلومەرجە نائاساییانەی لە پارێزگاکەدا زاڵن، گرتوومانەتە بەر. کەرکووکیش لە ناسنامەکەی خۆی جیا نابێتەوە و لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیا نەبووەتەوە و جیا نابێتەوە.”

دەشڵێ: “لێرەوە دەمانەوێت هەموو پێکهاتە ئازیزەکانی کەرکووک دڵنیا بکەینەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە و سەرجەم بارەگاکانی دەکاتەوە، ئەویش لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ڕوون و ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق، کە بەهۆیەوە ئاشتی کۆمەڵگەیی و پەیکەری کۆمەڵایەتیی کەرکووک دەچەسپێنین. گوێیش بۆ ئەو ژاوەژاوە پووچانەی ئەم جۆرە لێدوانانە دەیانوروژێنن ڕاناگرین و لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووکدا دەوەستین و ئەوانیش لەگەڵ ئێمە ڕووبەڕووی هەر گرووپێک دەبینەوە کە هەوڵی هەڕەشەکردن لە ئاشتتی کۆمەڵگەیی بکات.”

لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەشدا هاتووە: “ئێمە لە سەختترین دۆخی ناهەمواردا ئەم شارەمان لە داعش پاراست و ناوچەکانیمان لە دەستی ڕێکخراوە تیرۆریستەکان ڕزگار کرد، بۆیە ڕۆڵەکانی پارێزگاکە ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی شارەکەیان بگەیەنێت.”