بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی سوپای پاسداران لە ڕوونكردنەوەیەكی ڕەتی كردەوە دەنگی تەقینەوەكانی دوێنێ شەوی تاران لە ئەنجامی هێرشی درۆنییەوە بووبێت، بەڵكو رای گەیاند كە تەنها ڕاهێنانی سەربازیی خۆیان بوو.
درەنگانی دوێنێ شەو دەنگی تەقینەوەیەكی زۆر لە ناوچەی كەرەجی رۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران هات و گڕێكی گەورەی لێ بەرز بووەوە و هێزەكانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیش بەرپەرچیان دابووەوە، لەمبارەیەوە چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردەوە كە هێرشی درۆنی كراوەتە سەر سەربازگەیەكی پاسداران لە كەرەج و دوو تەقینەوەی گەورە روویان داوە و ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بەرەو ناوچەكە چوون.
بەڵام بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران هەواڵەكەیان رەت كردەوە و رایانگەیاند كە ئەوەی دوێنێ شەو رووی داوە، تەنها بەشێك بووە لە ڕاهێنانە سەربازییەكانی سوپای ئێران و پێویست ناكات هاووڵاتییان نیگەران بن.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەیانیی ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تری هەواڵی نافەرمی لە ئێران باسی لەوە كردووە كە ئۆتۆمبێلێك لە نزیك باغی عوزەیمیە لە كەرەج كراوەتە ئامانجی درۆنێك.